لەسایەی هەر ئەم حیزبانەو پەرلەمانەکەیاندایەکە کرێکاران گیرۆدەی هەلومەرجێکی سەختی کارو گوزەرانن!
سەروتاری دەنگی کرێکار
وەستا مهدی
بڕیارە لە ١١ی مانگی داهاتوودا، بۆجاری شەشەم هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عیراق ئەنجامبدرێت.. لەسەرەتای مانگی ١٠وە بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێکردووەو هەموو حزبەکان وابڕیارە بەشداری بکەن و سەرقاڵی بانگەشەن و هەریەکەش ئیدیعای ئەوەدەکات کە ئەگەر دەنگ بێننهەوڵئەدەن دیفاع لەمافی هاوڵاتیانبکەن..
ئەوەی کەتەنها لەنێو ئەم فەوزایەدا باسی ناکرێت وئەسڵەن بەرنامەی کاری هیچ یەکێک لەکاندیدو حزبەکانیشیان نیە، پرسی کرێکارو مافو بەرژەوەندەکانی چینی کرێکارە. خۆئەگەر ئیدیعایەکیش هەبێت، ئەوا تەنها ڕاکێشانی سەرنجی کرێکارانە بۆ ئەو لایەن و حزبە لەپێناوی دەنگ و کورسیەکی زیاتر.. هەر بۆیە لەکۆتاییدا ئەگەر نەشکەوونە ناو جەبهەی دژایەتی کرێکارانەوە، ئەوا بێگومان ناتوانن تەنها سەنتێکیش بۆ حەقدەستیان زیاد بکەن، چونکە شەڕی ئەوان بۆ کرێکارو لەپێناو ماف و خواستەکانی ئەوان وبۆ ژیانێکی باشتر نیە، بەڵکو بیر لەوە دەکەنەوە کەبەموچەی چەندین ملیۆنیەوە خانەنشین ببن و سواڵ و سەدەقەی دەنگێک زیاتریش بۆ حزبەکانیان پەیدا بکەن..
ئەوەی کەبەڕاستی ڕۆشنە بۆ زۆرینەی کرێکاران و خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان، هەر ئەوەیە کەسەرتاپای ئەحزابی بۆرژوازی بزوتنەوەی کوردایەتی، لەپێناوی درێژەدان بەدەسەڵات و حکومەتداری وبەدەستەوە گرتنی بازاڕیکارو کۆنترۆڵکردنی سیاسەت و کەڵەکەی سەرمایەدایەو لەم چوارچێوەیەشدا جۆرەها کەناڵ بۆ لێکێشانەوەی حەقدەست ومژینی هەرچی زیاتری خوێنی کرێکاران، لەبەردەستدایە. لێبڕینی مووچەو بێکارکردنی سەدان هەزار دەرچوی زانکۆو پەیمانگاکان و سپاردنیان بەمەرگێکی شێــنەیی، لەسەرکاردەرکردنو کاری زیادە، گرانی بازاڕ و دانانی باج وخەراج و بەتایبەتی کردنی خزمەتگوزاریەکان و توشبوونی خەڵک بەدەیان نەخۆشی و لەنمونە بەرجەستەکانی ئەو کەناڵانەیە کەدەسەڵاتو حیزبەکانی دەوروبەریان چەندین ساڵە، لەبەرامبەر خەلكی کرێکارو زەحمەتکێشدا دەستی بۆدەبەن.
بەدڵنیایەوە هەڵبژاردن وکایەی پەرلەمانی مەیدانی ململانێ و سیاسەتی ئەوان و نەزم و نیزامەکەیانە لەبەرامبەر کۆمەڵگادا، بەڵام ناکرێت کرێکاران جێگایان لەم مەیدانەدا خاڵی بێت و نەیەنە پێشەوەو دەست بەکڵاوی بابردووی خۆیانەوە بگرن و چاولەدەستی سەرمایەدارو خاوەنکارو کۆمپانیاکان بن هەتا ئەوان یاسایکارو یاسای ژیان و تەنانەت یاسای بەزیندوویی مانەوەشیان بۆ دیاریبکەن. بۆیە دەبێت کرێکاران لەئێستادا کەخۆیان خاوەنی ڕێکخراوێکی خەباتکارانەی کرێکارانەی بەهێز نین و تەنانەت نەشیانتوانیوە حزبێکی سیاسی بینابکەن و بچنە مەیدانی سیاسی شەڕی ژیان و مانەوەی خۆیان لەگەڵ ئەحزابی بۆرژوازی، دەبێت بەشداریکردنیان لەم پرۆسە سیاسیەدا پلاتفۆرمێکی جیاواز لەئەحزابەکان و لایەن و کاندیدەکان، لەخواست و مافەکانی خۆیان بڕوانن وگەڵاڵەی بکەنەوە و لەڕێگای کەناڵ و ناوەندەکانی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیاوە سەرنجی هەرچی زیاترو فراوانتری هاوچینەکانیان لەئاستی کۆمەڵگادا بۆ ڕابکێشن و مەسەلەی کرێکار بکەن بەقەزیەی کۆمەڵگا. لەم ڕوانگەیەوە پێویستە کرێکارنی پێشڕەو، ڕابەران و هەڵسوڕاوانی کرێکاریی هەوڵبدەن بانگەشەی چینایەتی خۆیان بکەن بۆ ماف و داخوازیەکانیان و بیدەنەوە بەگوێ کۆمەڵگاو ئەو حزبانەی کەبەشدارن..یان هەوڵی جددی بدەن لیستی خواست و مافەکانیان بدەن بەو لایەن و حزبانەو سەرنجیان ڕابکێشن بۆ کارکردن لەسەر خواست و مافەکانی ئەوان، کەدەتوانرێت ئەم خاڵانەی خوارەوە سەرخەتی چەند خواستێکیان بێت لەئێستادا:
پلاتفۆرمی ئێمەی کرێکارانی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی عێراق!
١/ کارکردن بۆ گۆڕینی یاسایکاری ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠١٥ ودەرچواندنی یاسایەکی کاری پێشڕەوانە کە مافە بنەڕەتیەکانی چینی کرێکار؛ لەپەیوەندی بەئازادی ڕێكخراوبوون، مانگرتن و خۆپیشاندان و بەفەرمی ناسینی نوێنەرایەتی سەربەخۆی کرێکاران لەهەموو مەیدانەکانی پەیوەست بەمافەکانی کرێکارانەوە، دەستەبەر بکات.
٢/ کارکردن بۆ دەرچواندنی یاسای بیمە کۆمەڵایەتیەکان کە لانیکەمی ژیانبەپێی ستانداردی هاوچەرخ بۆ هاوڵاتیان دابین بکات لەلایەن حکومەتەوە.
٣/ کارکردن بۆ دەرچواندنی یاسایەک کەلەسەرکاردەرکردنی کرێکاران لەلایەن خاوەنکارەوە قەدەغە بکات.
٤/ دەرچواندنی یاسایەکە کەدابینکردنی کار یان بیمەی بێکاری بۆ هەر هاوڵاتیەکی ئامادەبەکار دەکاتە ئەرکی حکومەت.
٥/ کارکردن بۆ دەرچواندنی یاسایەکی تایبەت بەخوێندنی خۆڕایی و ئیلزامی تا تەمەنی ١٦ ساڵ و دابینکردنی هاوکاری دارایی بۆ خوێندنی زانکۆوخوێندنی باڵا.
٦/ کاراکردنی وەزارەتیکارو لایەنە پەیوەندیدارەکانی لەبەڕێوەبەرایەتیەکانی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەرایەتیەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ تەنفیزکردن و جێبەجێکردنی یاسایکار لەکۆمپانیاو کارگەو ناوەندەکانی کارداو چاودێری کردنی جددی و بەردەوامی ئەوان و ڕێگریکردن لەدەسەڵاتی کۆمپانیاو کارگەکان بەپێی یاسا دەرحەق بەماف و خواستی کرێکاران
٧/وەستانەوە دژی هەرجۆرە گەندەڵی و تاڵانکردنێکی داهاتی گشتی و ڕێگاگرتن لەگرانی و سەپاندنی باجی جۆراوجۆر بەسەر هاوڵاتیاندا.
وەدەیان خواستی تریش…….
