پێشنیارێک لەکرێکارانی ژینگەپارێزی هەرێمی کوردستانەوە بۆ وەزارەتی شارەوانی هەرێم!
بەرێز وەزری شارەوانی…
ئێوە کاری پاککردنەوەی شارەکانی هەرێمتان ڕادەستی کۆمەڵێک کۆمپانیای کەرتی تایبەت کردووەو ئەرکی خۆتان ئاسانکردووە بەبێئەوەی هیچ حیسابێک بۆ ئێمەی کرێکارانی ژینگە پارێز بکەن کە نزیک ٦هەزار کرێکار دەبین و ئەگەر ڕۆژێک کارنەکەین زبڵ شارەکانی هەرێم دادەپۆشێت.
ئێمە سەرەڕای ئەوەی کارەکانمان سەختەو موچەکانمان کەمە، کەچی کۆمپانیاکان موچەکانمان دوادەخەن و بیانووەکەشیان ئەوەیە کە ئێوە سلفەیان پێنادەن. ئەم کێشەیەی ئێمە بۆتە کێشەیەک کە چەندینجار بەڕێگای جۆراوجۆر خستومانەتەڕوو، بەڵام تائێستاش زۆرێک لەکۆمپانیاکان بەردەوامن لەدواخستنی موچەو کەمکردنەوەی موچەو زۆڵمێکی زۆرمان لێدەکرێت.
ئێمە پێشنیار دەکەین وەزارەتی شارەوانی کە ڕاستەوخۆ بەرپرسە لەپێدانی تەندەر بەکۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت بۆ پاککردنەوەی شارەکان، موچەکانمان لەکۆمپانیاکان لەسلفەی مانگانە وەرگرێت و لەڕێگای بانکەکانەوە پێمانبدرێت.
کرێکارانی ژینگەپارێز لەهەرێمی کوردستان ٢٠٢٤/٨/٢٠