بەپێچەوانەی یاساوە، حیزبەکانی دەسەڵات، فشار لەکرێکاران دەکەن تا دەنگ بەکاندیدەکانیان بدەن!
ڕێکخراوی دابیان، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەگەریدا، یاداشتێک بڵاودەکاتەوە
١١ نۆڤمبەری ئەمساڵ پرۆسەی هەڵـــبژاردن لەسەرتاسەری عێراقدا بەڕێوە ئەچێت.. ڕێکخراوی دابین وەکو ڕێکخراوێکی کۆمەڵگای مەدەنی داکۆکیکار لەمافی کرێکاران و کارمەندانی کەرتی تایبەت، لەپاش وەرگرتنی کۆمەڵێک سەرنج و تۆمارکردنی کۆمەڵێک پێــــشێلکاری، یاداشتێک دەخاتەڕوو کەدەنگی کرێکار بەشێک لەو یاداشتە بڵاودەکاتەوە بۆ کرێکاران هەتا ئاگاداربن و هەروا ئاسان لەڕێگای ترسەوە فەرزنەکرێت بەسەریاندا..
ڕێکخراوی دابین بەپشت بەستن بەبڕیارو ماددەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق و چەندین دەقی یاسایی ڕێکەوتن نامە نێونەتەوەییەکان و بەپێی یاسایکاری هەرێمیش، لەژێر تیشکی ئەو یاسایانەدا سەرنج وتێبینیەکانی خۆی دەخاتە ڕوو، وە هۆشداری ئەدات بە ڕای گشتی و لایەنی پەیوەندیدار لەسەر ئەو پێشێلکارییە نایاساییانەی کەهاتۆتە پێشەوە تایبەت بەهەڵبژاردنەکان، کە لەیاداشتەکەیاندا هاتووە بەمشێوەیەی لایخوارەوە:
دەنگدان مافێکی ئاسایی و دەستەبەرکراوە، ناکرێت لەژێر هیچ پاساوێکدا فشار لەکرێکاران بکرێت..” هەرجۆرە فشارکردنێک لەکرێکاران بۆ دەنگدانیان بەلیست و کاندیدێکی دیاریکراو، تاوانەو پێـــچەوانەی دەقی یاسایەو سزای هەیە”.
ئەوەی لەماوەی چەند ڕۆژی بانگەشەی هەڵبژاردن و پێشتریش کۆمەڵیک پێشێلکاری زەق لەبارەی دەنگدانی کارمەندو کرێکارانی کۆمپانیاو شوێنکارەکان لەکەرتی تایبەت هەستپێدەکەین و تۆمارمان کردووە کەخۆی دەبینێتەوە لە:
١/ وەرگرتنی کارتی دەنگدان لەکارمەندو کرێکاران لەچەند کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتدا
٢/ فشارکردن لەکارمەندو کرێکاری کۆمپانیاکان بۆ دەنگدان نەلیست وکاندیدێکی دیاریکراو
٣/ کۆکردنەوەو ئامادەکردنی کرێکاران بۆ کۆبوونەوە لەبانگەشەی هەڵبژاردن چ لەناو کۆمپانیا چ لەدەرەوەی کۆمپانیا لەپێناوی بەرژەوەندی لایەنێکی سیاسیدا..
لەسۆنگەی بەرپرسیارێتی و یاسایی، پاراستنی مافی دەنگدان وەک ئەوەی لەتەواوی پەیمان نامەو ڕێکەوتن نامەکانی مافی مرۆڤ، دەستوری عێراق و یاساکانی عێراق و هەرێمی کوردستان هاتووە، داوا دەکەین:
یەکەم: لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەک وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی وەک جێبەجێکاری یاسای کار دەستبکات بەگرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر هەر خاوەنکارو کۆمپانیاو شوێنکارێک کەداوای کارتی دەنگدان لەکارمەندەکانی بکات یاخود بەهەر جۆرێک بێت فشار لەکارمەندەکانی بکات بۆ دەنگدان بەلیست و کاندیدێکی دیاریکراو
دووەم: بەپێی یاسای ژمارە (٣١) ی ساڵی ٢٠١٩ یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، عێراق پابەندە بەجێبەجێ کردنی دەقی یاساکان و فەراهەمکردنی ژینگەیەکی ئازادو نهێنی بۆ تەواوی دەنگدەران لەڕۆژی دەنگدانی تایبەت و گشتیدا، بۆیە پێوویستە کۆمسیۆن بەئەرکی خۆی هەستێت، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر هەر دامەزراوەو لایەنێک بگرێتەبەر کەپێشێلکاری یاسایی بڕیارو ڕێــــنماییەکان دەکەن.
سێـــــیەم: سەرنــــجی سەرجەم خاوەنکارو کۆمپانیاو شوێنکارەکان ڕادەکێشـــــین، کە هەرجۆرە فشاریک لەکارمەندو کرێکار بۆ دەنگدانیان بەلیست و کاندیدێکی دیاریکراو تاوانەو هاوشێوەی هەرجۆرە کارێکی دیکەی قەدەغەکراو بەیاسا، سزای لەسەرە. بۆیە داواتان لێــــدەکەین خۆتان بەدوور بگرن لەهەر سەرپێـــــچیەکی یاسایی..
