“کرێکار ئەترسێت لەوەی کەدەنگبکات و دەربکرێت لەسەر کارەکەی”
چاوپـێکەوتنی دەنگی کرێکار لەگەڵ کرێکارێکی کارگەیەکدا
سازدانی شاباز مەحمود:
دەنگی کرێکار: سڵاو، ئەم کاتەت باش, لەدەنگی کرێکارەوە لەگەڵتداین
کرێکارەکە: سەرچاو، سڵاو لەئێوەش، خۆشحاڵم..
دەنگی کرێکار: پێمخۆشە بزانم ئیش و کارتان چۆن دەگوزەرێت و چەند لەگەڵیدا مورتاحن؟
کرێکارەکە: بەگشتی ئەتوانم بڵێم خراپ نین، بەڵام ئیتر ئەو باشەش نین، هیلاکی و بۆڵەبۆڵ و لەچاوئیشدا موچەی کەم.. ئیتر ئاوایە
دەنگی کرێکار: لەوانەیە ژمارەی کرێکارەکان زۆر بێت، نازانیت چەندە؟
کرێکارەکە: بەتەواوەتی نا، بەڵام پێموایە ٢ سەد هەتا ٣ سەدو زیاتریش دەبێت
دەنگی کرێکار: سیستەمی شەفتاتتان هەیە، کاتیکار چۆنە؟
کرێکارەکە: بەڵێ، بەڵام شەفتی شەوان کرێکارانی کەمتری لێیە.
دەنگی کرێکار: کاتیکارکردنتان چۆنە لەگەڵ ئیستراحەت وحەوانەوەو نانخواردن؟
کرێکارەکە: بەحساب لەسەعات ٨ وە بۆ سەعات ٤، بەڵام زۆرجار ئەکەوینە ٤ و نیویش.. مەسەلەی نانخواردن و حەوانەوەش سەعاتیک کەمترە کاتەکەی.
دەنگوباسی ناوکرێکارەکان چۆنە لەناو کارگەدا؟
کرێکارەکە: هەتاڕادەیەک کشوماتە، بەڵام بۆڵەو دەنگی لێرەو لەوێ هەیە، کاکە کەس ناوێرێت باسی شتێک بکات.. کرێکار ئەترسێت دەنگێک بکات و دەربکرێت لەکارو ئیشەکەی لەدەست بدات.
دەنگی کرێکار: ئەی باشە مووچەکەتان چەندە؟
کرێکارەکە: لە ٤ سەد هەزارەوە هەیە هەتا ٦ سەدو زیاتریش.
دەنگی کرێکار: ئەی دەستەبەرییتان(ضمان) بۆکراوە؟ ئەگەر نەکراوە بەدواداچوونتان کردووە هەتا دڵنیابنەوە؟
کرێکارەکە: باوەڕ ناکەم ٢ سەد کرێکار هەیبێت، ئاخر لەکوێوە بەدواداچوون بکەین! ڕۆژانە لەناو کارداین، ناشتوانین لەسەرکارەوە تەلەفۆن بۆ لایەنی پەیوەندیدار بکەین، ئەگەر ئێوە ئەتوانن یارمەتیمان بدەن!
دەنگی کرێکار: باشترە خۆتان پەیوەندی بگرن.. ئێمە ئەوەندەمان لەسەرە پرسیار لەلایەنی پەیوەندیدار بکەین، بەڵام وەڵامی ئەوان بۆ ئێمە هیچ لەمەسەلە ناگۆڕێت هێندەی خۆتان پەیوەندییان پێوە بکەن.. ئێوە دەتوانن لەهەموو حاڵەتێکدا پەیوەندی بکەن هێڵی گەرمی (٥٥٠٠) بۆ هەر کێشەو گرفتێک ئەگەر هەتانبێت
دەنگی کرێکار: ئەی بابەتی هاتۆچۆتان چۆنە، ئایا هاتووچۆ لەسەر خۆتانە؟
کرێکارەکە: هاتووچۆمان باشەو پاسمان هەیە .
دەنگی کرکار: خەستەخانەو دکتۆرو دەرمانتان هەیە، ئایا لەکاتی ڕوودانێکی نەخوازراودا ئامبوڵانسی گواستنەوەتان هەیە؟
کرێکارەکە: هەتا ڕادەیەک باشەو معاون طبی و ئەو شتانەی لێــیە، بەڵام لەحاڵەتی خەتەریات و ئەوانەدا ئەگەرچی کەمەو حاڵەتی خەتەری وامان نیە، بەڵام ئامبوڵانسمان نیەو مەگەر کەسێک بەسەیارەی خۆی نەخۆشەکە بگەیەنێتە خەستەخانە
دەنگی کرێکار: ئەی گرێــــبەستی کارکردنتان هەیە، ئایا نوسخەیەک لەو گرێبەستەیان پێـــــــداوون؟
کرێکارەکە: من خۆم هەر نەمبینیووە، کاتێک هاتووم بۆ کارکردن لێرە، پێێان ووتم کاری تۆ ئەوەو ئەوەیەو موچەکەشت ئەوەندەیەو نانخواردن وگواستنەوەو هاتووچۆشت لەسەر ئێمەیە.. ئیتر هیچ وەرەقەیەکم نەبینیوە.. باشە بۆچی ئێوە ئەوەندە سورن لەسەر ئەوەی کە گرێبەست شان وباڵی وایەو، گرنگەو دەبێت هەتانبێت، لەوەتەی ئەم جەریدەیە ئەخوێنمەوە ئێوە هەمووجارێک ئەوە دووبارە ئەکەنەوە؟
دەنگی کرێکار: ئاخر گرێبەست بۆیە گرنگە، سەنەدێکە لەنێوان تۆی کرێکارو خاوەنکارو خاوەن کارگەدا.. بابەتێکی یاساییە کەسبەی ڕۆژێک لەهەر ئەگەرێکی خراپدا کەبێتە پێشەوە، ئەو گرێبەستە هەموو شتێک یەکلایی دەکاتەوەو مافەکانت نافەوتێت.. بۆیە دەبێت لەڕۆژی یەکەمی ئیشکردنەوە داوا لەخاوەنکارەکە بکرێت بۆ پێدانی ئەو گرێبەستە..
ئەبێت ئێوە بەدواداچوون بکەن، کەسێک لەخۆتان بکەن بەنوێنەر، بۆ نمونە ١٠ هاوڕێی کرێکارن پێکەوە، یەکێک بکەن بەنوێنەری خۆتان و سەردانی بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بکات لەسلیمانی، هەتا بزانن ئایا ئێوە دەستەبەری کۆمەڵایەتی-ضمان-تان بۆ کراوە یان نا؟ هەروەها ئەوە بزانن کە ئایا ئەگەر دەستەبەرییەکەتان بۆکراوە لەسەر بڕی چەندی مووچەکە بۆتان کراوە؟
با کەمێک ئەمە ڕوونبـــــکەمەوە: زۆرینەی خاوەنکارو کارگەو کۆمپانیاکان، دێن و بەناوی مووچەی بنەڕەتیەوە دەستەبەری ئەکەن، بۆنمونە، تۆ مانگانەی مووچەکەت ٤٥٠ ، یان ٥ سەد هەزار یان زیاترە، بەڵام مووچەی بنەڕەتیت ٢٧٥ یان ٣ سەد یان ٣٥٠ هەزارە، ئەو کاتە ئەوان لەسەر بڕی مووچەی بنەڕەتی دەستەبەریت بۆئەکەن، نەک کۆی گشتی مووچەکە، واتە نەک ٤٥٠ یان ٥ سەدهەزارەکە.. بۆیە نایاساییەو بەپێی یاسای کاری بەرکاری هەرێم دەبێت دەستەبەری لەسەر کۆی گشتی مووچەکە بکرێت.
کرێکارەکە: دەستەکانت خۆش بێت، بەڕاستی ئێســـتا تێئەگەم.. ئاخۆ چەند زوڵم لەئێمــەو لەهەموو کرێکارانی کۆمپانیاو کارگەکان کرابێت هەتا ئێستا کەلەوباوەڕەدام زۆرینەی هەرەزۆری کرێکاران بەم فێــــــڵە ئاشنا نین..ئیتر لەمەودوا هەر کارێک، پرسیارێک، کێسەو گرفتێکمان هەبوو پەیوەندی بەئێوەوە دەکەم.. هەرچی برادەرو خزمی کرێکارو کرێکاری تریش هەیە ئاگادار ئەکەمەوە کەئیتر لەمەودوا دەنگی کرێکار بکەن بەپشتوپەنای خۆتان و پرس وڕاکانتان بەو بکەن.. ڕێزم هەیە بۆ هەموو لایەکتان..
