“ هەرکاتێک لیژنەی پشکنین دێن، ئەمانخەنە مەخزەنەکانەوەو ئەمانشارنەوەو دابەشمان دەکەن بەملاو ئەولادا”
چاوپێکەووتنی دەنگی کرێکار لەگەڵ بەڕێوەبەری کار لەسلێمانی
|سازدانی/ محمود حەلاق:
دەنگی کرێکار: سەرەتا، سوپاسگوزاری بەڕێزتانین کە ئەم دەرفەتەتان ڕەخساند.. دەمانەوێت ئەوە بزانین کە بەڕێوەبەرێتی کار لەسلێمانی دەیەوێت چی بکات و وەڵام بەچ کێشەو گرفتێک لەنێوان کرێکاران و خاوەنکار ئەداتەوە؟
بەڕێوەبەری کار: بەخێـــــربێن، سوپاس بۆئێوەش..
بەڕێوەبەرایەتی کار لەسلێمانی ئەیەوێت کێشەی کرێکار لەسلێمانی و هەر ناوچەیەکیدا، ئەگەر مافی خورابێت، کێشەی هەبێت، دەرکردن لەسەر ئیش بێت، یان ئیستغلال کردن وبەکورتی هەرکێشەو گرفتێکی هەبێت، ئەوە ئەرکیەتتی کەداکۆکی لەکرێکاران بکات.
دەنگی کرێکار: هەتا چەند کرێکاران بەڕێوەبەرێتی کار بەسەرچاوە یان پاڵپشتیکار یان بەمەرجەعی خۆیان دەزانن؟ ئایا ئەتوانن وەک بەڕێوەبەرایەتی کار لەماوەی ٦ مانگی ڕابردوودا چیتان کردووەو کەیسی ئەو کرێکارانەی کەهاتووەتە لاتان چەند بوون وەک ژمارە؟ ئایا ئەنجامێکی ئەوتۆی هەبووە کە کرێکار ڕازی بکات وبەم هۆیەوە ڕوو لەبەڕێوەەبەرێتی کار بکات؟
بەڕێوەبەری کار: پرسیارێکی زۆر جوانە! بەڕاستی ئامارێکی ئەتۆ لەبەردەستدا نیە هەتا بتوانرێت ژمارەی ئەو کەیسانەی کەهاتووەتە لای ئێمە بخریتە ڕوو، بەڵام بەڕاستی کێشەکان زۆر زۆرن کەدێنە لامان، بەگشتی کرێکاران سەردانی ئێرە دەکەن، بەڵام بەداخەوە زۆرینە نازانن، هەبووە دوای ٦مانگ زانیویەتی کەلایەنێکی پەیوەندیداری تایبەت بەکرێکارانی وەکو ئێمە هەیە بۆسکاڵاکردن، هەیە دوای ساڵیک زانیوویەتی کەئەم بەڕێوەبەرایەتیە هەیە.. لەلایەکی تریشەوە ناهوشیاری کرێکاران خۆیان کێشەی بۆ دروستکردووین هەر بۆیە زۆرجار مافەکانیان دەفەوتێت.
دەنگی کرێکار: بەڵام کۆمپانیاو کارگەکان فشارێکی زۆر دەخەنە سەر کرێکاران، زوڵم و زۆرەکانیان لەبەرچاوو دیارن و ئاشکراشن، فرت وفێڵی نایاسایی دەکەن، بۆنموونە لەسەر: مەسەلەی دەستەبەری، مەرجی سەلامەتی شوێنیکار، گرێبەستیکار، پشووی ساڵانە، سەعاتیکارو گەلێک بابەتی تر…ئێوە هەتا چەند بەدواداچوون یان لێپرسیــــنەوەی جدیتان کردووەبەرامبەر بەکۆمپانیا، کارگەو ناوەندەکانی کار؟ بۆنموونە لەسەر دەستەبەری کۆمەڵایەتی کەحکومەت خۆی قازانجی لێدەکات، من لەسەر ئەم پرسە بەدواداچوونم کردووەو پرسیارم کردووە کەبۆچی ساردییەکی پێوەدیارە، یان کەمەو لەئاستی پێووسیتدا نیە، وەڵام ئەوەبووە کە لیژنەکان کەمن و فریای ئەم هەموو شوێنیکارە ناکەوون کەلەسلێمانی و ناوچەکانیدا هەیە، ئێوە چیدەڵێن؟
بەڕێوەبەری کار: پێشەکی، ئێمە هەتا ئێستا بەڕێنمایی ژمارە ٧١ ساڵی ١٩٨٧ یاسای کاری عێراقی کاردەکەین لەهەرێمی کوردستاندا. ئەوە ڕاستە زۆربەی شوێنەکان خۆیان ئەدزنەوە لەدەستەبەری کۆمەڵایەتی، بەڵام ئێمە لەهەر شوێنێک بزانین دەستەبەر نەکراوە لیژنەی بۆ ئەنێرین. نموونەی تازەی ئەمدواییانە کەبەردەستە، کارگەیەکە لەدەوروبەری سوسێی سلێمانی، کەپێداوویستیەکانی پزیشکی بەرهەمدەهێــــــنێت، دوای بەدواداچوون، زانیمان ئەو کرێکارانەی کەدەستەبەرییان بۆ کراوە کەمترە لەژمارەی هەموو کرێکارەکانی ناو کارگەکە.. لەیەکهەفتەدا دووجار لیژنەم ناردووە، جاری یەکەم نەیانهێــــشتووە لیژنەکە بڕۆنە ژوورەوە، جاری دووەم، لەخودی کرێکارەکانمان بیست کەدەڵێن هەرکاتێک لیژنەکان دێن بۆ پشکنین ئەمانخەنە مەخزەنەکانەوەو ئەمان شارنەوەو دابەشمان دەکەن بەملاو ئەولادا. کاتێکیش کەلیژنەکانمان دەڕۆن، تەنها ئەو ژمارە کرێکارە دەبینن کەمەوجودن لەناو کارگەکەو ناهێڵن ئەوانەی کەشاردراونەتەوە ببینرێن، ئەوەش هەندێکجار بۆئێمەش زەحمەت وئەستەمە..
ئێمە هێڵی گەرمی (٥٥٠٠ ) هەیەو حەزئەکەم لەڕێگای ڕۆژنامەو سایت و کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی دەنگی کرێکارەوە بڵاوی بکەنەوە با کرێکاران ئاگادار بن.. خۆ ئەگەر دەنگیان بەئێمە نەگەیشت، ئەوا دەتوانن لەڕێگای ئەو ژمارە گەرمەوە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بکەن بەوەزارەتی کارەوەو کەیسەکەیان بەهەند وەردەگیرێت و تۆمار دەکرێت بەبێئەوەی ناوی خۆیشی بڵێت تەنها ناوی شوێنیکارەکەی بڵێت بەسە.
سەرەڕای ئەوانەش، ئێمە چوارپشکنەرمان هەیە بۆ پارێزگایەکی گەورەی وەکو سلێمانی بەو هەمووە لەناوەندی کارو کۆمپانیاو کارگەوە، ئێ هەرئەوەندە فریا ئەکەووین و لەتوانادا هەیە، سەرباری ئەوەش تەحەددا دەکەم ئەگەر سکاڵایەک هەبووبێت، کرێکارێک پەیوەندی کردبێت و بەدواداچوون نەکرابێت و نەچووبێتین بەدەم سکاڵاکەیەوە، بەڵام خراپی لەوەدایە کرێکاران خۆیان سەردانی ناکەن و بەدواداچوون ناکەن، ئەبێت کرێکاران خۆیان بێن و سکاڵا تۆمار بکەن، ئەگەر نەیەن ئێمە چۆن بزانین.
دیسانەوە کێشەیەکی تریشمان هەیە، کاتێک کرێکارێک سكاڵا دەکات و ئێمەش ئەچینە ئەو شوێنە، چاوپێکەووتن لەگەڵ کرێکارەکەدا دەکەین، بەڵام ئەو ئەترسێت، کامێرای چاودێری لەسەرەو ناوێرێت ڕاستیەکان بەئێمە بڵێت، چونکە ئەترسێت لەسەر کار دەربکرێت، ئەوەی لەناو دڵیدایە بەئێمەی ناڵێت.. کرێکارێک دەستەبەر کراوە، بەڵام ئەودیو دیوارەکان نابینین،ئێمە ناتوانین خاوەنکار ناچار بکەین.. بابەتەکە ترسەو بەهۆی ترسی دەرکردنەوە هەموو ڕاستیەکان ناگەنە لای ئێمە..
دەنگی کرێکار: باشە، ئێوە خۆتان باشتر دەزانن کەبەپێی یاسا دەرکردن لەسەرکار قەدەغەیە، بۆنمونە وەک کارگەی ئاوەکە( کۆمپانیای ئاڵا بۆ بەرهەمهێنانی ئاوی کانزایی) بەئارەزووی خۆی کرێکار دەرئەکات بەبەرچاوی حکومەتەوەو ئاسایشیش دەهێنێتە سەریان، هەیانە ١٠ ڕۆژ زیندانی و هەیە ٨ ڕۆژ لەژوری ئینفرادیدا بووە، کرێکاری تێدایە ١٥ بۆ ١٦ ساڵە لەوێ کاردەکات، چەند ساڵیکە دەستەبەری بۆکراوە، ئێوە وەکو لایەنی پەیوەندیدارو حکومی بۆ ناتوانن ئیجرائات بکەن؟ ئایا ئەەی کەڕوویداوە یاساییە، لەکاتێکدا بەپێی یاسا کرێکار دەرکردن قەدەغەیە تەنها لەچەند حاڵەتێکدا نەبێت؟
بەڕێوەبەری کار: سەبارەت بەبەشی یەکەمی پرسیارەکەت، باوەڕ بکە خۆم لەناو کێشەکەدا بووم، شەو هەبووە دوو سەعات لەگەڵیاندا قسەم کردووە، خاوەن کارگەکەم بانگێشت کردووە، دووجار لەدەرەوەی دەوامی فەرمیش چووم بۆ ئەو کارگەیە، کێشەکە ئەوەیە کە کرێکاران بەهۆی نەبوونی ووشیاری یاساییەوە هەندێک هەڵوێست ئەنوێنن کەبەزەرەری خۆیان تەواو دەبێت..ئەوان بەبێئاگادارکردنەوەی ئێمە لەکێشەکەیان و بەبێئاگایی یاسایی کەلەزەرەریان تەواو دەبیت کارگەیان بەجێهێشــــتووەو زەرەریان لێداوەو بەم هۆیەوە زوعفێکی یاساییان داوە بەدەستەوە کەخاوەنکار بتوانێت شکاتی داداگای کار بکات و داوای قەرەبووش بکاتەوە بەهۆی ئەو زەرەرەی کەدراوە لەکارگەکە..
لەڕاستیدا ئێمە هەرتەنها پارێزەری مافی کرێکاران نین، بەڵکو پارێزەری مافی خاوەنکاریشین.. ئێمە پارێزەری یاساین، یاساش مافی هەردولایانی دەستەبەرکردووە، خاوەنکار باج ئەدات وهەندێک پابەندبوونی خۆی هەیە، ئەرکی لەسەرەو مافی خۆیشی هەیە، نابێت کرێکاریش مافی ئەو پێشێل بکات، مەرجیش نیە هەمیشە حەق لەلای کرێکار بێت، جاری وا هەیە کرێکار لەنەزانین و ناهوشیاریەوە زەرەر لەخۆیان ئەدەن.. هەربەم هۆیەوە ١١ کرێکاری دەرکردوو نانبڕاوی کردن کەجێگای نیگەرانی ئێمەیە.
ئەوەندەش کەدەگەڕێـــتەوە بەبابەتی دەستەبەری، ئەگەرچی دەبێت ئەو پرسیارە لەبەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بکرێت، بەڵام خاوەنکارو کارگەکان لەسەر لیستی مووچە، ژمارەی کرێکار پیشانی ئێمە ئەدەن، ئێمە ناتوانین ئەوان ناچار بکەین بەوەی کەکرێکاری زیاتریان هەیە، هەربۆیە ئیمـە نازانین لەجیاتی ٤ سەد کرێکار ٧٥ دەستەبەر کراوون. یان کارگەو ناوەندێک کرێکاری زۆری هەیە، بەڵام کەمترین کرێکاری دەستەبەرکردووە.
دەنگی کرێکار: باشە ئێوە دەتوانن میکانیزم و ڕێگایەک بخەنە بەردەم کرێکار کاتێک کەدێت بۆلای ئێوەو بەدواداچوون دەکات بۆمافەکانی، ئیتر ترسێکی نەمێنیت و دەرنەکرێت لەکار، یانی پشت ئەستوور بێت بەئێوە؟
بەڕێوەبەری کار: هەرکاتێک کرێکار هاتبێت بۆلای ئێمەو سكالای تۆمارکردبێت، ئێمە ناوی کرێکارەکەمان لەلای خۆمان پاراستووە، بەخاوەنکاریشمان ووتووە ئەم کرێکارە ئەگەر دەربکرێت هەتا ٦ مانگ، ساڵێک، ئێمە لەچاوی ئێوەی دەناسین و لێپیچینەوەی یاساییتان لەگەڵ دەکەین، ئێمە گارەنتی ئەوە ئەکەین و بەکرێکارانیشمان ووتووە ئەگەر لەلای ئێمە سکاڵا بکەن، ناوەکانتان پارێزراو دەبێت. کاتێک ئێمە تەدەخولمانکرد، خاوەن کارگەش خۆی کەناردەگرێت وئاسان ناتوانێت فشار لەسەر کرێکارەکە دروست بکات..
لەلایەکی تریشەوە هوشیاری یاسایی گرنگە، بەڵام کرێکار لێی بێئاگایە، بۆنموونە ئەڵێت دەستەبەریم بۆکراوەو لێمدەبڕن، دەتۆ زەحمەت بکێشەو ڕۆژێک وەرەو بەدواداچوون بکە هەتا بزانیت لەسەر چەند، یەعنی لەسەر ڕێژەی چەندی مووچەکەت دەستەبەریت بۆکراوە. من ناتوانم ببم بەپارێزەری ئەو، ئەبێت ئەو خۆی بێت و باسی بکات هەتا ئێمەش بەدواداچوون بکەین وتێبگەین کەمووچەکەی ئەوەندەیەو لەسەر بڕی ئەوەندەش دەستەبەری بۆکراوە، ئەو کاتە من دەتوانم یەکسەر ڕێکاری یاسایی بگرمەبەر، کێشەکە لێرەدایە کەمن ناتوانم سەربەخۆ کار بۆ کرێکارێک بکەم کەخۆی نەیەت ومەوجود نەبێت.. وەکو خۆتان ئەزانن ماوەیەک فێری ئەوە بووبوون کەئەگەر سەردانیەکمان بکردایەو پرسیاری دەستەبەری کرێکارێکمان بکردایە، ئەیانووت ئەمە بەخۆبەخش ئیش دەکات.. خۆشبەختانە ئەم فێڵە بەیاسا لابراو لەئەگەری ڕوودانیدا، لێپێـــــــچینەوەی یاسایی لەسەرە.
دەنگی کرێکار: لەپرسیاری پێشتردا هاتبوو کەلەهەندێک حاڵەتدا نەبێت خاوەنکار یان کارگەیەک ناتوانێت کرێکار لەسەرکار دەربکات ئەویش ڕێکاری یاسایی خۆی هەیە، بەڵام ئەگەر کرێکارێک خواستێکی هەبێت بۆنمونە داوای باشکردنی خواردنەکەی، سەعاتکارەکەی، هاتوچۆکەی، مۆڵەتەکەی…وتاد.. بکات، ئەگەر لەسەر ئەمانە قسەیەک بکات،دەنگی هەڵبڕێت، ناڕەحەتیەک بنوێنێت، خەتی سورەو بڤەیە، دەستبەجێ لێپێــــچینەوەی لەگەڵ دەکرێت ودواتر دەرئەکرێت بەبیانوی دنەو هاندانی کرێکار بۆ مانگرتن و خۆپیشاندان.. ئایا بەڕێوەبەرایەتی کار هەتا چەند بەتەنگ ئەم کێشەو گرفتەوەیە بۆکرێکاران؟
بەڕێوەبەری کار: ئێمە لەسەر ئەم بابەتە بەجدی وەستاووین، چونکە ڕۆژانەو هەفتانە کرێکار دەرئەکرێن ودووبارەش ئەبێتەوە.. ئێستا کرێکارێک دەرکراوە لەشوێنێک (ناوەکەی ناهێنم) ١٦ ساڵە لەو شوێنەدا کاردەکات، دەرکراوە لەسەر بنەمای میزاج، دەرکردنی لەمجۆرەش لەسەر بنەمای میزاج نایاساییە.. لەکاتێکدا بەپێی یاسا ئەبێت دوو هۆشداری درابێت بە کرێکارەکە لەدووکاتی جیاوازدا، هوشدارییەکانیش لەشێوەی شەڕکردن، زەرەردان لەکارگە، بردنەدەرەوەی نهێنی کارگە، مەشروب خواردنەوەو هێنانە ژورەوەی چەک…تاد.. هۆشدارییەکانیش دەبێت بەشێوەی نوسراوو فەرمی بێت نەک بەدەمی(شفوی).. ئەوەی بەمشێوەیە ڕوویدا بێت و ئاگادار کرابێتینەوە لێی، نەمان هێشتووە کرێکارەکە دەرکرابێت کەمادام هیچ لەو هەڵسوکەوتانە نەبووبێت.. پێچەوانەی ئەوەش، لێپیچینەوە دەکرێت لەکەیسەکەو دواتر دادگایکار یەکلایی دەکاتەوەو سزادەدرێت.. بەڵام بەداخەوە هەندێکجار کرێکار تووشی هەڵەی قورس دەکرێت بەهۆی جۆرێک لەئیستفزا یان جۆرە مامەڵەیەکی ناتەندروست لەلایەن ئەوانەوە تەنها بۆئەوەی کرێکارەکە ناچار بکەن بیخەنە ناو هەڵەیەکەوەو بەم هۆیەوە نانبڕاوی بکەن، کرێکارەکەش لەئەنجامی کاردانەوەیدا ئینزارێک وەردەگرێت، ئەوان بەبەرنامەوە ئەو کارە دەکەن بۆئەوەی هەوڵبدەن نایاسایی نەجوڵینەوەو تووشی لێپرسینەوە ببن، دواتر هەنگاوی دووەم لەژێر فشاری ڕۆحیدا ناچاردەکرێت کەبڕوات..
