کرێکارێک لەڕیگای بڵاوکراوەی دەنگی کرێکارەوە هاواری خۆی بڵاودەکاتەوە !
هیوادارم ئەم نامەیەم وەک هاوارێکی کپکراو بڵاو بکەنەوە…
من وەک کرێکارێک کەچەندین ساڵە لەنێوان ئامێروزوڵمیکارگەیەکی ئەم ووڵاتەداخوێن دەکەم بەئاو، ئەمەوێت لەڕێگای ڕۆژنامەکەی خۆمانەوەو بەوەکالەتی زۆرینەی کرێکارانی کوردستانیش، ئەم هاوارو ناڵەیە بگەیەنم بەکۆمەڵگاو لێرەشەوە بتوانرێت لایەنی پەیوەندیدارو حکومەت، سەرەڕای بێدەربەستییەکانیان، ڕابوەشێنیت..
ئێمەی کرێکارانی کوردستان وبەتایبەتی کرێکارانی کارگەو کۆمپانیاکان، بەتەنها کار ناکەین، بەڵکو دەپووکێینەوە، بێتاقەتین لەم ژیانە پڕ ناعەدالەتی وپڕ لەچەوساندنەوەیە، وەک بوونەوەرێک کەمافی هەبێت و بژی، مامەڵەی تەندروستمان لەگەڵ ناکرێت لەبەشێکی هەرە زۆری شوێنیکاردا.. وەک بڵێیت خێرمان پێبکرێت و لەڕەنجی ئێمەو خوێن و ماندووبوونمان، سەفەقاتی گەورەی ملیۆن دۆلاری ناخەینە گیرفانی خاوەنکارەوە..
جا چیمان هەیە تا باسیبکەین! هاتووچۆمان زۆر خراپە، بەتایبەت بەهۆی سیستەمی شەفتاتەوە کەهیچ ڕەحمێکی تێدا نییە، زۆرجار کاتێک دەگەینە سەعات ٢ی شەو، تەنانەت لاشەمان هەستی پێناکرێت و دەبێت لەمەودایەکی زۆر دووردا بەپێ ڕێگا بەرەماڵەوە بگرینەبەر، هەر بۆیە نەک هەر کەرامەت، بەڵکو تەندروستیشمان لەمەترسیدایە.. خۆئەگەر باسی خواردن بکەم، ئەوا زۆرینەی کرێکار لەخواردنی باش و حەوانەی پێوویست بێبەشن، خواردنەکەش زۆر باش نییەو وزەی پێویستمان پێنادات بۆ ئەو هەموو ماندووبوونە.
گەورەترین خەممان ئەوەیە کەپشوومان نییەو کاتمان بۆ نامێنێتەوە بۆ ژن و منداڵەکانمان، ئێمە تەنها ئامێرێکی بەرهەمهێنانین بۆقازانج وکەڵەکەی سەرمایە بۆ خاوەنکار نەک وەک باوک و هاوسەر، لەکاتێکدا بەپێی یاسایکار ٢٠ ڕۆژ مۆڵەتمان هەیە، کەچی نەک هەر مکافەئەمان نادەنێ لەبەدیلی ئەو ڕۆژانەدا، بەڵکو هەر ڕۆژێک نەیەیینەوە بەهۆی کارێک لەفەرمانگە، یان بەهۆی پەتاو نەخۆشییەکەوە، مووچەی ئەو ڕۆژانە دەبڕن و ئینزاریشی بەدواوە دێت ئەگەر سەربەخۆ دوبارە ببێتەوە. مووچەمان لەچاو کارکردندا زۆر کەمترەو ناگاتە نیوەی ئەو ئارەقەیەی دەیڕێژین. کارەساتەکە هەرلێرەدا کۆتایی نایەت، بەڵکولەناو کارگەدا دکتۆرمان نییە یان هەیەو نیوەناچڵە، بەتایبەت لەشەفتی شەواندا؛ ئەگەر یەکێکمان تووشی ڕووداوێک بێت، کارەسات ئەخوڵقێت.
ئەوەی زۆر پڕماندەکات لەتووڕەیی، نادادپەروەری خاوەنکارو دەستوپێوەندەکانیەتی،ئەگەر خۆیان ئیزنمان بدەن کەبڕۆینەوە بەهۆی تەعمیر یان پاککردنەوە یان کێشەیەک لەئامێرەکاندا، لەبری ئەوەی قەرەبوومان بکەنەوە، پارەی ئەو ڕۆژەمان لێدەبڕن، تەنانەت ئەگەر ڕووداوێکی سروشتی وەک لافاو یان هەر بارودۆخێکی کتوپڕ بێتە پێش و کار ڕابگیرێت، دیسانەوە سزا دەدرێین و پارەمان لێدەبڕدرێت، لەکاتێکدا ئەمانە هەمووی پێچەوانەی یاسایکاری بەرکاری هەرێمەو ئەوان حسابی بۆ ناکەن، لەجیاتی ئەوەی وەک پشوویەکی شایستە بۆمان هەژمار بکەن، بەوپەڕی بێڕەحمییەوە پارەمان لێدەبڕن، وەک ئەوەی ئێمە بەرپرس بین لەوەستانی کارگەو کارەکە! تەنانەت کاتێک سروشت تووڕە دەبێت و بەهۆی لافاو یان بارانی توندەوە ڕێگاکان دەگیرێن و ناتوانین بگەینە سەر کار، دیسان سزا دەدرێین،لەلای ئەوان، نەخۆشی، کارەساتو ماندووبوون و دڵسۆزی بۆ کار، بەهای نییە، تەنها قازانج و کەڵەکەی سەرمایە نەبێت.ئێمەی کرێکاران دەپرسین: کوا ئەو پاراستنەی کە لەیاسایکار (ژمارە ٧١ی ساڵی ١٩٨٧) باسدەکرێت؟ بۆچی تەنها ماددەکان دژی ئێمە بەکاردێن و هیچ بڕگەیەک نییە بەرگری لەکەرامەتمان بکات؟ لەشەفتە درێژەکاندا لاشەمان دەلەرزێت، کاتێکیش دەگەینەوە ماڵەوە، منداڵەکانمان بەخەوتوویی دەبینین و بەیانیانیش پێشئەوەی چاو بکەنەوە، ئێمە لەناو دووکەڵی کارگەداین.
کارەساتەکە تەنها لەشەفتە درێژەکان و ماندووبوونی جەستەییدا کۆتایینایەت؛ بێبەشکردنی ئێمە لەمافە سەرەتاییەکانمان گەورەترین تاوانە کەبەرامبەرمان دەکرێت. لەهەندێک لەکارگەکاندا، خاوەنکارەکان و دەسەڵاتی بۆرژوازی بەئەنقەست خۆیان لەدەستەبەرکردنی (تەمین) کرێکاران دەدزنەوە. کاتێکیش پرسیار دەکەین، بەپاساوی بێبنەماو نایاسایی وەککرێکاری ڕۆژانە یان کارکردنی کاتی ودەمانچەوسێننەوە، لەکاتێکدا ئەمە بەتەواوی پێچەوانەی یاسایکاری (یاسای ژمارە ٧١ی ساڵی ١٩٨٧) کە لەهەرێمی کوردستان کاری پێدەکرێت. هەندێک لەبڕگەی یاسا دەڵێت کرێکار مافی هەیە، کەچی لێرە تەنها مافی خاوەنکار دەناسرێت.
تاڵترین ڕاستی ئەوەیە کەزۆرینەی هەرە زۆری ئێمەو هاوڕێ کریکارەکانمان لەکارگەو کۆمپانیاو ناوەندەکانی تری کار، تەنانەت نازانین گرێبەستەکانمان چۆنەو قەت نەمانبینیو!ئێمە واژۆ لەسەر کاغەزێک دەکەین کەتەنها خاوەنکار مەرجەکانی تێدا دەسەپێنێت، بەبێئەوەی کۆپییەکمان بدەنێ هەتا بزانین چ مافێکی یاساییمان هەیە. ئەمە ئەو فێڵەیەکەتێیدا کرێکار تەنها ئەرک و ماندووبوون دەزانێت و مافەکانی لەناو چەکمەجەی خاوەنکارەکاندا شاردراونەتەوە.
ئەم دۆخە نالەبارەی ناو کارگەکان، کەتێیدا نەدڵنیایی کار هەیەو نەپاراستنی یاسایی، وایکردووە کرێکار هەمیشە لەدڵەڕاوکێی نانپەیداکردن و دەرکردندا بێت. کاتێک حکومەت ئاوڕێکی جددی تر ناداتاوە لەم کارگەو کۆمپانیایانەو پێشێلکارییەکانیان دەرحەق بەمافەکانی ئێمە، ئیتر چاوەڕوانی چی لەم سیستمە دەکرێت جگە لەچەوساندنەوەی زیاتری هێزیکاری کرێکار؟
ئەمەیە ئەو ژیانە شایستەیەیکەبۆرژوازیی کوردی بانگەشەی بۆ دەکات بۆ بەچینێکی هەرە بنەڕەتی کەکرێکارانن.. ژیانێک کەتێیدا کرێکار تەنها بۆ ئەوە دەژی تا کار بکاتو کاریش دەکات هەتا ئەو کاتەی بەئاواتی سەدان خۆزگەو ئاواتیەوە سەردەنێتەوە.. ئێمە لێرەوە هاوار دەکەین:وەڕسبووین لەم کۆیلایەتییەی کار، بێزارین لەم هەموو نادادپەروەرییەی کەناوینراوە کارکردن، ئێمەی کرێکاران تەنهاو تەنها یەکڕێگامان لەبەردەمدا ماوەو بەس، چۆن بیربکەینەوەو لەچ ڕیگایەکەوە بتوانین خۆمان ڕێکخراوبکەین لەڕێکخراوێکی واقیعی کرێکاری خۆماندا هەتا ئیرادەمان کۆبکاتەوە بۆ ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی لەپێناوی ژیانێکی باشتر لەئێسامان.
