Dangikrekar.com
وتار

ژنانی کرێکار لەکوردستان؛ سووتەمەنی بێدەنگی شوێنیکار و قوربانی یەکەمی قەیرانەکان!

ژنانی کرێکار لەکوردستان؛ سووتەمەنی بێدەنگی شوێنیکار و قوربانی یەکەمی قەیرانەکان!

   مەحمود حەلاق

کارکردنی ژنان لەئەوروپاو کوردستان دوو واقیعی جیاوازن، بەڵام لەهەردووکیاندا سیستمی سەرمایەداری هەوڵدەدات ژن وەک هێزێکی یەدەگ و هەرزان بەکاربهێنێت. لەئەوروپادا، بەشداریکردنی ژنان لەبازاڕیکاردا مێژوویەکی درێژی هەیە کەبەشۆڕشی پیشەسازی دەستی پێکردو لەجەنگی جیهانی دووەمیشدا گەیشتە لووتکەبەهۆی کەمی پیاوەوە لەکارگەکاندا.

لەئەوروپا، یاسا یارمەتیدەرە بۆئەوەی هاوسەنگییەک بۆ ژن دابینبکرێت لەناو ماڵ ولەناوکاردا، بەمپێیە ڕێژەی بەشدارییکردنی ژنان لەزۆرینەی ئەوروپادا لەسەرووی لە ٦٠٪ ، بەڵام لەکوردستاندا، ئەم جیاوازییە ئێجگار زۆرن. ئەو ڕێژەیەش لەژنان ئەگەر کارێکیان هەبێت، ئەوا هەرناڕەزایەتی و خواستێک کەهەیان بێت، بەبەرگێکی تقدیسکراوی پیاوسالاری و نەریتی داپۆشراوە لەژێر ناوی عەیب و عاردا، تا لەمڕێگایەشەوە خاوەنکار لەدەستەبەری کۆمەڵایەتی و کەمکردنەوەی کاتژمێری کارو زیادکردنی موچەو حەقدەستەکانیان، خۆی بدزێتەوەو لەقازانج وکەڵەکەی سەرمایەکەیان، کەمنەبێتەوە.

کێشەکە لەکوردستاندا بەتەنها لایەنی ئابوری ناگرێتەوە، بەڵکو تێڕوانینی نەریتە کۆنەکان و سیستەمی پیاوسالاری، ژن وەک پێوویستیەک نابینن، بەڵکو وەک شەرم وحەیاو بەمهۆیەشەوە بەهۆی تێکەڵبوونی نەخوازراوەوە سەیر دەکەن. ئەم تەلیسم و تێڕوانینە نزمە بۆ ژن، لەکوردستانهەتا ڕادەیەکی باش ڕەوویوەتەوە، بەهۆی کارکردنی ژنان لەفەرمانگەو سەدان ناوەنیکاردا، بەهۆ لێپرسراوێتی ژنان لەدەیان شوێنیکاردا، بەهۆی گوزەران و ژیانی سەختی خێزانەکانەوە کەڕەگەزی میینەی هێناوەتە دەرەوە بۆناوبازاڕی کارو کارکردنەوە وەک کرێکارێک، هەرئەمەش ڕاستەوخۆ لێدانە لەو نەریت و کاڵچەرە دژە ژنە کەدەڵێت نابێت ژنان کاربکەن.

بوونی هەزاران ناوەندیکارو کارگەی بەرهەمهێنان لەکوردستان، ئەگەرچی نیشانەی ئابوورییەکی زیندوون، بەڵام تا ئەو کاتەی ژن تێیاندا تەنها وەکئامرازێکی هەرزانی بەرهەمهێنان بمێنێتەوەو حەقدەستی شایستەی پێنەدرێت، ناتوانین باس لەگەشەپێدانێکی ڕاستەقینە بکەین.

ڕزگاربوونی ژنی کورد لەم چەوساندنەوەیە تەنها بەکارکردن نابێت، بەڵکو بەسەربەخۆیی دارایی و پاراستنی یاسایی دەبێت.لەکوردستان، ژن ڕووبەڕووی دووفاقی کۆمەڵایەتی دەبێتەوە:ڕێژەی دەرچووانی کچ لەپەیمانگاو زانکۆکاندا زۆر بەرزە، بەڵام کاتێک دێتە سەر کارکردن، ڕێژەکە بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت. ئەمەش ڕاستەوخۆ دەبێتە هێزیکاری بەفیڕۆچوو. لەلایەکی تریشەوە، تەنانەت ئەو ژنانەی کەکار دەکەن، هێشتاش ئەرکی لەسەدا سەدی ناوماڵیان لەسەرشانە، هەرئەوەش دەبێتە ماندووبوونی دووسەرە کەوایانلێدەکات لەکاتی قەیرانەکاندا یەکەمین کەس بن کە وازلەکاربهێنن بەناچاری.

لەوەش واوەتر، لەکاتی کەمکردنەوەی کارمەند، خاوەنکارەکان وابیردەکەنەوە کە پیاو مادام بەخێوکەری خێزانە، دەبێت بمێنێتەوە، بەڵام ژن مووچەکەی وەک زیادەیەک یان بۆ خۆشی و دیلۆکس دەبینرێت، بۆیە ئاسانتر دەردەکرێت. یان بەناوی ئەرکی پیرۆزی دایکایەتی و ماڵدارییەوە، فشار دەکەوێتە سەر ژن کە بگەڕێتەوە ناو ماڵ، هەرئەمەش فێڵێکی ئابورییە بۆ ئەوەی حکومەت و کارگەو کۆمپانیاکان ناچار نەبن خزمەتگوزارییەکانی وەکدووگیانی، دایەنگە، چاودێری منداڵ، دابینبکەن، بەمەش ئەرکی چاودێریکردنەکە دەخەنەوە سەر شانی ژن لەماڵەوە بەبێبەرامبەر.

مارکس دەڵێت: لەجەهەری سیستەمی سەرمایەداریدا ژن وەک سوپایەک بەکار دەهێنرێت لەکاتی گەشەی ئابوریداو پێوویستی بەهێزیکاری هەرزان هەیە، بۆیە ژنان هانئەدرێن لەماڵ بێنە دەرەوە بۆ کارکردن بەحەقدەستێکی کەمتر لەپیاو، بەڵام لەکاتی قەیرانەکانداو کاتێک کەکار کەمدەبێتەوە، سیستەمەکە پێوویستی بەوە هەیە کەڕێژەی بێکاری بشارێتەوە، بۆئەمەش باشترین ڕێگا ناردنەوەی ژنە بۆماڵەوە. ئەگەرچی لەئەوروپادا کارکردنی ژن وەک مافێکی بنەڕەتی و هاوڵاتیبوون سەیر دەکرێت، بەڵام ڕاستەوخۆش وەک ئامرازێکی بەرهەمهێنان دەبینرێت، کاتێک سیستمەکە پێویستی پێیەتی بەکاریدەهێنێت و کاتێکیش قەیرانە، لەڕێگەی بڕینی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانەوە مۆڵەتی دایکایەتی، وەک دایەنگەو سەرپەرشتی منداڵ، ناچاری دەکات بگەڕێتەوە ناوماڵ، بەڵام لەکوردستان و ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، ژن لەنێوان پێویستیی پارەو فشاری شەرەفدایە، هەربۆیە بێکارکردنی ژن زۆر ئاسانترە، چونکە کۆمەڵگە بەپاساوی ئەخلاقی پشتیوانی لەو بڕیارە دەکات.

لەکوردستان، پرسی کارکردنی ژنان بەتەنها لەڕێگای دۆزینەوەی هەلیکارەوە چارەسەر ناکرێت سەرەڕای چەندین لایەنی گرنگ وئەرێنی، بەڵکو پێوویستی بەگۆڕینی یاسای پاراستنی مافی ژنە لەکاتی قەیران و دابینکردنی مۆڵەتی دایکایەتیدا، پێویستی کارکردنی ژن وەک بەشێک لەکەرامەت و هاوڵاتیبوون بناسرێت. پێوویستی بەیاسایەک هەیە کەسزای توند بۆ ئەو خاوەنکارانە دابنێت کەجیاوازی لەنێوان مووچەی ژن و پیاودا دەکەن.پێوویستی بەڕێکخراوێکی کرێکارانەی خۆیانە هەتابتوانێت ڕێگری لەچەوساندنەوەی حەقدەستەکانیان بگرن. پێوویستی بەیاسایەکە کەکارکردنی ئەوان  وەک هێزو وەک بەرهەم سەیر بکات، نەک وەک پێویستییەکی خێزانی وناچاری.

کۆمپانیا گەورەکان و کەرتی تایبەت لەکوردستاندا، زۆرجار ژنان وەک ڕووکاری جوان بۆ کۆمپانیاکانیان بەکاردەهێنن وەک سکرتاریەت یان پێشوازی، بەڵام کاتێک دێتە سەر بڕیاردانی ستراتیژی و بەڕێوەبەری، متمانە بەپیاوان دەکەن. ئەمە جۆرێکە لەجیاکاری ڕەگەزی شاردراوە کەمووچەکانیشیان جیاوازە. لەزۆرێک لەکۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتدا، کارگەکان و تەنانەت قوتابخانە ئەهلییەکان، خاوەنکار بەئاشکرا مووچەیەکی کەمتر بۆ کچان دادەنێت، پاساوەکەش ئەوەیە کە ژن خەرجی کەمترە، چونکە گوایە نانی ماڵەوەی لەسەر نییەو سەرەڕای ئەوەی کەموچەی کاتی پشووی هاوینەیان بۆ هەژمار ناکات.ئەمە لەکاتێکدایە کەهەمان ماندووبوون و هەمان کاتی تەرخانکراویش لەوان دەڕوات.

لەکوردستاندا، کەرتی تایبەت سوودێکی زۆر لەبێکاریژنان دەبینێت:بەهۆی فشاری خێزانییەوە، وە بۆ ئەوەی تەنها کارێکی هەبێت،  زۆرێک لە ژنان ڕازی دەبن بەمووچەیەک کە زۆر لەخوار هێڵی هەژارییەوەیە بۆ نموونە: ٢٠٠، ٣٠٠ یان ٤٠٠ هەزار دینار. زۆربەی ئەو ژنانەی لەبازاڕ، مۆڵ مارکیتەکان نۆرینگە،پشکنینە پزیشکییەکان، یان کارگەکان، کار دەکەن بەسەعاتکاری زۆرەوە، هیچ گرێبەستێکی یاساییان نییە، نەبوونی گرێبەستبەپاساوی ئەوەی ئەمە کارێکی کاتییە، هیچ گرێبەستێکیان بۆ ناکرێت. ئەگەر کچێک داوای مافی خۆی بکات یان نەخۆش بکەوێت، زۆر بەئاسانی دەردەکرێت و یەکێکی دیکە دەخرێتە شوێنی، دەستەبەری کۆمەڵایەتییان نیە بۆ کاتی تەمەنی خانەنشینی، سەرەڕای نەبوونی ئیجرائاتی پێوویست وهەمە لایەنە لەلایەن حکومەت و لایەنی پەیوەندیدارەوە، هەرئەوەش ئەمەش وادەکات کەخاوەنکار هەموو کاتێک هەڕەشەی دەرکردنیان لێبکات ئەگەر داوای زیادکردنی حەقدەست بکەن یان خواستێکیان هەبێت.

Related posts

ئەم دۆخە سەخت و پڕ ئاڵوزەی چینی کرێکار پێویستی بەڕێکخراوبوونە!

Dangi Krekar

سێ ڕووداوی کارو سێ قوربانی لەسێ شوێنی جیاجیادا

Dangi Krekar

بەهۆی کەوتنەخوارەوە کرێکارێ گیانی لەدەستدا .

Dangi Krekar

Leave a Comment