ئەم دۆخە سەخت و پڕ ئاڵوزەی چینی کرێکار پێویستی بەڕێکخراوبوونە!
شاباز مەحمود
ڕێكخراوبوونی کرێکاران، کاریگەرترین چەکی بەرگری وهێرشی پێچەوانەی ئەوانە کەئەتوانێت هەم ڕێگا لەفشارو زوڵم وزۆری خاوەنکار بگرێت، هەم خواست و مافەکانیان زامن و مسۆگەر بکات. بەداخەوە! پرسی ڕێکخراوبوون لەناو کرێکارانی کوردستاندا تەنها دورشم یان قسەوباسێکەو هێشتا نەبووەتە خواستێکی زەروری و درکردنی ئەوان بۆ پێویستبوون بەوەڵامدانەوە بەو قەیدو بەندانەی کەبازاڕیکار دایسەپاندووە بەسەریاندا. قسەکردن لەسەر ڕێکخراوبوون و هێنانە پێشەوەی پرسی ڕێکخراوبوونی کرێکاران ساڵانێکی زۆرەو بەردەوام لەنێو هەڵسوڕاوانی کرێکاریشدا یەکێك بووە لەو مەسەلانەی کە لێکدانەوەی جۆراوجۆری بۆدەکرێت و هێشتاش جێگای سەرنج وتێڕوانینی ئەوانە.
کاتێك کەباس دێتە سەر هۆکارەکانی ئەوەی کەبۆچی کرێکاران توانای ئەوەیان نییە ڕێگا لەخاوەنکار بگرن بۆئەوەی لەسەکار دەریاننەکات یان موچەکانیان دوانەخات، یان ڕێگابگرن لەو زوڵمانەی کەبەردەوام لیێان دەکرێت، دەڵێن ئاخر کرێکاران ناڕێکخراوون وە یان دەڵێن هۆشیاری چینایەتی لەنێو کرێکاراندا لاوازە یان هەر نیە، هەندێکیش پێیان وایە چینی کرێکار لەکوردستان تازەیەو هێشتا بەتەواوەتی کامڵ نییە، شارەزایی و ئەزمونێکی وەهای نییە لەسەر چۆنیەتی خۆڕێکخراوکردن.
کاتێك کرێکارێك قسە لەسەر دۆخی خۆی و هاوچینەکانی خۆی دەکات لەسەر ئەوەی کە زوڵمیان لێدەکرێت، پێش هەرشتێك دەڵێت ئاخر ئێمە کەس پشتیوانیمان لێناکات، شوێنێک، لایەنێک نیە کەدیفاعمان لێبکات، خۆشمان پەرتەوازەین و ناکۆکین لەگەڵ یەکتریدا، هەر کاتێكیش کێشەیەکمان بۆدێتە پێشەوە لەگەڵ خاوەنکارداو بەدواداچوون دەکەین، چەند کەسێکمان پێشڕەوی دەکات وەک نوێنەر یان قسەکەرێک، بەڵام هەتا ئەوجێگایە کرێکاران پشگیری لێدەکەن کەدەگاتە بەردەم ئیدارەو ئیتر دوای ئەوە هیچ کرێکارێك خۆی ناکات بەخاوەنی کێشەکەو تەنها ئەو چەند کەسە دەمێنێتەوە کەکێشەکە دەبەنە لای خاوەنکارو داوای چارەسەرکردنی ئەکەن.. خاوەنکارەکانیش زۆربەیجار کاردانەوەی توندیان دەبێت بەرامبەر بەو چەند کەسەی کە وەک نوێنەری ئەوان دەرئەکەوون، ئەوانیش یان دەردەکرێن لەسەرکارەکەیان وەیان شوێنکارەکەیان دەگۆڕن و لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکەن وهۆشداریان ئەدەنێ کە ئەگەر جارێکی تر ئاژاوە بنێنەوە ئەوا فەسڵدەکرێن. خاوەنکارەکان بۆیە بەمجۆرە وەڵامی ئەوچەند کرێکارە قسەکەرە ئەدەنەوە، هەم بتوانێت ئەو دەنگانە کزو کپبکاتەوە کەکرێکاران ئەجوڵێنێت و ئەیخاتە سەر ڕێچکەی چۆنێتی دیفاع لەمافەکانی خۆی و هەم لیستێكی دوورودرێژیش لەکرێکاری بێکار لەدەرەوەی کارگەدا چاوەڕێی کارێکن بەهەرزانتریش، ئیتر پەککەوتنی کارەکەی بەدەرکردنی ئەوکرێکارانە گرنگ نابێت.
کەواتە ئەگەر هەڵسوڕاوانی کرێکاری هەتا ئەوجێگایەی کەدەگەڕێتەوە بۆپرسی ڕێکخراوبوونی کرێکاران و زەرورەتی ڕێکخراوبوونی ئەوان وەك ئامرازێک بەدەستیانەوە بێت بۆبەرگری لەمافەکانیان، وەجەختکردنەوە لەڕێکخراوکردن و هۆشیارکردنەوەی کرێکاران بەمافەکانیان، هەرچیەکیان کردبێت و هەرچیەکیشیان وتبێت لێکدانەوەیەکی پۆزەتیفە. بەڵام ئەوەی کە هێشتا پێوویستە تاوتوێ بکرێت و لێکدانەوەی دروستی بۆبکرێت، ئەو هەلومەرجە سیاسی وئابورییەیە کە ناهاوسەنگی لەنێوان چینی کرێکارو خاوەنکارو دەسەڵاتی سیاسیدا دروستکردووە.
یەکێك لەو هۆکارە بنەڕەتیانەی کەڕێگا خۆشکەربووە بۆ خاوەنکارەکان هەتا بەگوێرەی خواست و بەرژەوەندیەکانیان کەڵك لەهێزیکار وەربگرن و حوکمداری بەبازاڕی کارەوە بکەن و بەئارەزوو وویستی خۆیان کرێکار بهێنن و دەریبکەن و حەقدەست و مووچەکانیانیشیان کەم و کەمتر بکەنەوە، هەرئەوەیە کەخواست لەسەر هێزیکار کەمەو لەشکرێکی ئامادە بەکاری بێکار لەچاوەڕوانیدایە کەخاوەنکارەکان دەرگای کارکردنیان بۆبکەنەوە.
ئەگەرچی بێکارکردن لەئەنجامی سیاسەتی سەرمایەداران و بازاڕی سەرمایەوە سازدەکرێت و کەناڵێکی گەورەیە بەئامانجی هێنانەخوارەوەی حەقدەست و زیادکردنی سەعاتیکارو ئیزافەکاری، دیسانەوە سیاسەتێکە بۆ دروستکردنی تەفرەقەو دژایەتی پارچەپارچەکردنی کرێکاران لەژێر ناوی کرێکارانی بیانی، ناوخۆ، تورک، عەرەب ..و..تاد کەبەحەقدەست و مووچەی کەمترەوە ڕازین. خاوەنکارو کۆمپانیاکان لەم چاڵە تاریکەداو بەهۆی منافەسەی کرێکاران خۆیانەوە بەحەقدەستی کەمتر بۆئەوەی بێکار نەبێت و نەخرێتە ڕیزی بێکارانەوە، قازانج و کەڵەکەی هەرچی زیاتری سەرمایەکانیان دەکەن بەقیمەتی هەڕاجکردن وهێنانەخوارەوەی ئاستی کرێ و حەقدەستی ئەوان.
ڕێکەوتنی حکومەت و خاوەنکارو هاوئاهەنگی دووقۆڵیانەی ئەوان لەسەر گەشەپێدانی کەرتی تایبەت و دەستئاوەڵا کردنەوەی سەرمایەداران بۆ دیاریکردنی ئەوجۆرە لەسیستەمیکار کە خۆیان دەیانەوێت لەپێناوی قازانجی زۆر لەگلدانەوەی بەهای هێزیکاری کرێکاران، ئەوە دەسەلمێنێت کە حکومەت خۆی سەرچاوەی بنەڕەتیە لەداسەپاندنی ئەم دۆخە سەختە بەسەرکرێکاراندا.
سەرەڕای هەموو ئەوانەش نەبوونی سەقامگیری سیاسی، جەنگ و کاولکاری کەهەرێمی کوردستانی تێدایەو ڕاستەوخۆ گرێدراوەتەوە بەهەژموونگەرایی سیاسەتی بازاڕی جیهانی و لێکەوتە سیاسیە دژە مرۆییەکانیانەوە، هەمیشە یەکەمین قوربانی کرێکاران بوون کەبوونەتە ئامرازێک بۆیەكلاییکردنەوەی کێشەکان و زەرەرەومەندی یەکەم بوون لەململانێی چەکداری و سیاسیدا. نەک هەرئەوەش، بەڵکو لەگەڵ هەر ڕوداوێکی سیاسی و چەکداریدا پرسە کرێکارییەکان پاشەکشەی کردووەو هەلیگونجاوی بۆخاوەنکارو سەرمایەداران ڕەخساندووە هەتا هەرچی زیاتر قازانج و کەڵەکەی سەرمایەبکەن چ لەساغکردنەوەی کاڵاو شتومەکە بەرهەمهاتووەکانی ناخۆو چ لەو نرخە زۆرەی کەدەخرێتە سەر کاڵا هاوردە کراوەکان و چ لەمامەڵە لەگەڵ هێزیکارو داسەپاندنی سیستەمێکی بێسەرەو بەرەی نامرۆیی بازاڕی کاردا.
بەڵام هێشتاش ئەم دۆخە سەخت و گێژاوە کەکرێکارانی تێدا ئەهاڕڕێت ناکاتە ئەوەی کەکرێکاران ئیتر پاڵی لێبدەنەوەو خۆیان تەسلیمی ئاخر هیچ ناکرێت و کەس وەڵاممان ناداتەوەو خۆپیشاندان و مانگرتنیش هیچ ناکات..و.. بەم شێوەیە بیر لەچارەنوسێکی خراپتر لەئێستایان بکەنەوە، بەڵکو دەبێت لەهەوڵی جددی ئەوەدابن کەچۆن بتوانن هێزی پەرش و بڵاویان کۆبکەنەوە، چۆن بتوانن ئەو ڕێگایانە بگرنەبەر کەدەنگی ئەوان کۆبکاتەوەو گرێی بداتەوە بەیەکترییەوە، هەتا بتوانن بەم هۆیەوە دەنگێکی زوڵاڵ ویەکگرتوانەیان هەبێت بۆ ڕێگریکردن لەشاڵاوی خاوەنکارو کۆمپانیاکان.. کەواتە کرێکاران پێویستییان بەڕێکخراوبوونە، پێوویستیان بەڕێکخراوێکی واقیعیە کەوەڵامگۆی خواست و مافەکانی ئەوان بێت، کەبتوانێت ڕیزەکانی ئەوان لەپەرتەوازەیی ڕزگار بکات و ڕیزەکانیان تۆکمەو بەهێزبکات هەتا بتوانێت ڕێگا زوڵم و ستەمی کۆمپانیاو خاوەنکار بگرێت و نەهێڵێت هێندەی تر بشکێتەوە بەسەریدا. ئەم هەلومەرجە سەختە پێویستی بەهاودڵی ویەکڕیزی هەڵسوڕاوانی کرێکاریی هەیەو کرێکاران ئێستا لەهەموکاتێک زیاتر پێویستیان بەڕابەرانێكی کرێکاری هەیە کەئەزمونیان هەیەو دەتوانن ئاسۆیەکی ڕۆشن بخەنە بەردەستیان و هەنگاوبنێن بەرەو دامەزراندنی ڕێکخراوە کرێکارییەکان.
یەکەمین کار بۆکرێکاران ئەوەیە لەهەوڵی نزیکبوونەوەی خۆیاندابن، پەیوەندییەکانی خۆیان تووند ڕابگرن لەگەڵ یەکتریدا، یەکتری بەسەر بکەنەوە لەخۆشی و ناخۆشیدا، لەهەوڵی ئەوەدابن کەنەهێڵن کەسانێک بێتە ناویانەوە کەجێگای شک و گومان بێت، هەتا لەم کەناڵەوە بکرێت هەنگاوی دواتر دەستپێبکەن. بەم پێیە دۆخی هەلومەرجی نالەباری کار، بێمووچەیی، سەعاتکاری زۆرو کەمی مووچەو لێبڕین وچەندین گرفتی تر… هەموو ئەوانە ئەو خاڵە بەهێزو ڕیشەییانەیە کەئەتوانێت کرێکاران بەیەکترییەوە گرێبداتەوە لەپێناوی مافەکانیاندا. ئەم ڕێگایە دەتوانێت ووردە ووردەو لەدرێژماوەدا کرێکاران بخاتە سەر ڕێگای ڕاستی خۆی بۆ دروستکردنی دەستەو کۆڕو کۆمەڵە کرێکارییەکانی خۆیان بەرەو ڕێکخراوێکی واقیعی کرێکاران کەپارێزەری سەرسەختی کرێکاران خۆیان بێت. ئەم بیرکردنەوەیە زۆر سادەیە، بەڵام گەورەترین دەستکەوت بۆکرێکاران ئەهێنێتە پێشەوەو فێریاندەکات کەڕێگای کارساز بۆ دیفاع لەخۆیان و لەماف و لەکارکردنیان چۆن وەدەست دێت، فێر دەبن کە تەنها شتێک ئەوان لەبەرامبەر خاوەنکارو کۆمپانیاکاندا دەپارێزێت تەنها هێزی یەکگرتوانەی خۆیانە.