Dangikrekar.com
ڕاپۆرت

  “مووچەمان لێئەبڕن، غرامەی زیاترمان، ئەکەن، مۆڵەتمان نادەنێ، زیاد لەحەدی خۆی ئیشمان پێئەکەن، تواناو تاقەمان پێنامێنێت” 

  “مووچەمان لێئەبڕن، غرامەی زیاترمان، ئەکەن، مۆڵەتمان نادەنێ، زیاد لەحەدی خۆی ئیشمان پێئەکەن، تواناو تاقەمان پێنامێنێت” 

 ڕاپۆرتێک سەبارەت بەدۆخی کاری کرێکارانی کۆمپانیاکانی چیمەنتۆی ئامادەکراو

  ڕاپۆرت:محمود حلاق

زیاترلە١٠ کۆمپانیای چیمەنتۆی ئامادەکراو لەسنوری سلێمانیدا هەیە. لەزۆرینەی ئەم کۆمپانیایانەدا کۆیلەکاری بەکرێکاران دەکرێت، سەرەڕای ئەوەی مووچەکەیان هەتا ڕادەیەک باشترە بەبەراورد بەزۆرێک لەپڕۆژەو کۆمپانیاکانی تردا، بەڵام بەڕاستی کرێکاران جگەلەوەی کەزوڵمیان لێدەکرێت، لەهەموو شتێکیش بێبەشکراوون، کاری بەردەوامی بێپسانەوە، نەبوونی مۆڵەت و حەوانەوە کەهیچ نەبێت ئامادە ببێتەوە بۆ سبەی کارکردن، کاری زیادەو ئیزافەکاری بەبێکرێ، بەبێ ژەمەخۆراکێک کەشایستەی هەموو ئەو زەحمەتیکارو سەعاتیکارە بێت کەتێێدا ژیان و جەستەیان شەوانەڕۆژ ئەکات بەئاو.. لەپێناوی بژێوی منداڵ و خێزاندا، ناچارە سەرتاپاو هەموو وجودی خۆی وەکو کۆیلەیەک هەرزانفرۆش بکات..

با قسەی دوو کرێکار بەنمونە وەربگرین لەزاری خۆیانەوە:

کرێکاری یەکەم: مووچەمان لێئەبڕن، غرامەی زیاترمان، ئەکەن، مۆڵەتمان نادەنێ، زیاد لەحەدی خۆی ئیشمان پێئەکەن، تواناو تاقەمان پێنامێنێت کەبڕۆینەوە، جومعان ئیشمان پیئەکەن، زۆر زۆر خراپە وەزعمان، زیاد لەحەد ئیشدەکەین، ضمانمان بۆ ئەکەن ضمانەکە نادەن، لێمان ئەبڕن و بۆمان نادەن، من خۆم مانگی ٧٠٠ دۆلارم هەبووە، ضمانیان بۆکردووم بە ٤٠٠ هەزارو ئەمەش کاریگەری زۆر خراپی لەسەر داناووین، بۆچی بۆمان ناگێڕنەوە، بۆچی غەدرمان لێئەکەن؟ ئەگەر سەعاتێک دوابکەووین ٥٠ هەزار غرامە دەکرێین، لەکاتێکدا ١٠ سەعات ئیش بکەین ١٠ هەزار دینارمان نادەنێ، سەعاتی زیادەمان بۆ هەژمار ناکەن، هەر ئەو معاشەیەو تەواو..

کرێکاری دووەم:

چەندین ساڵە ئەمە ئیشمە، بەردەوام ئەم کێشانەمان هەیە، بەڵام ئەمان تازە لەئێمە ئەپرسن، پاش چی؟ ژیانم لەناو میکسەردا بەسەر ئەبەم، دوێنێ منداڵەکەم پێی ووتم بابە شوکر بەیانی جمعەیە دێیتەوە، لەماڵ ئەبیت! ئەو ڕۆژەشمان پێڕەوا نابینن، لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێک غەدر هەیە بەرامبەرمان دەکرێت، ٤٤ سەعات کارمکردووە بەبێئەوەی سەیارەکە بکوژێنمەوە، کاتیکارکردنمان دیارنیە، کوژاندنەوەی سەیارە نیە بۆ چارەکێک بۆنانخواردن یان ئیستراحەتێک، غەدری جۆراو جۆرمان لێئەکرێت، هەتا ئێستا هیچ کەسێک نەهاتووە بەدەنگمانەوە، شەش ساڵە ئەمە ئیشمە هەتا ئێستا کەسێک لێی نەپرسیوون، تازە پاش چی! ئێستا ئەگەر من سبەینێ بڕۆمەوە سەرکار لەوانەیە دەرم بکەن، ئەو کاتەش ئەبێت بەدوای ئیشێکی تردا بگەڕێم، بچمە کارگەی تریشەوە لەوێش غەدری ترت لێئەکرێت، هەر کارێکی ترییش ئەدۆزیتەوە دەبێت چەند مانگێک بێکار بیت. چەند مانگێک لەکارگەیەکی تردا کارمدەکرد لەناوپڕۆژەکەدا خۆڵبارین بوو لەکارگەدا، بەخاوەنکارم ووت تەبریدەکەم بۆ چاکبکەرەوە، پێی ووتم هەرئەوەیە ئەگەر ئیش ئەکەیت باشە ئەگەرنا خوات لەگەڵ، هەر لەبەر ئەوەی داوای حەقی خۆمکردووە بەو جۆرە وەڵامی داومەتەوەو بەم هۆیەوە ئیزندراووم..

بەپێی ووتەی سەرۆکی سەندیکای کرێکاران لەکۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کەلەسلێمانی بەسترا بەرواری ١٤/٩/٢٠٢٤ ، دەڵێت: لەبەشێک لە پرۆژەکاندا بارەمتە لەکرێکار وەردەگیرێت کە موچەی مانگێک یان دوو مانگە یان مانگانە لەموچەکەی دەبڕن، دواتر لەکاتی وازهێنانی لەکارەکەی، بارەمتەکەی بۆ ناگێڕنەوە بۆئەوەی کرێکارەکە بەئاسانی واز لەکارەکەی نەهێنێت. هەروەها دەڵێت: لەناو پڕۆژەکانی چیمەنتۆی ئامادەکراودا مەترسی و پێشێلکاری جدی بەرامبەر بەکرێکاران ئەنجامدەدرێت خاوەنکارەکان وەک کۆیلەی سەردەم مامەڵە لەگەڵ کرێکارەکان دەکەن.

ئەوەی جێگای ئاماژەیە کاتی کارکردن لەم پڕۆژانەدا دیار نیە، لەکاتێکدا بەپێی یاسایکاری بەرکاری هەرێم کاتی کارکردن ٨ سەعاتەو هەر زیادەکارییەک دەبێت هەژماربکرێت و پارەکەی دیاربکرێت..بۆ کاتیکارکردن، کرێکاری سێیەم بەمجۆرە بابەتەکە پشتڕاستدەکاتەوەو ئەڵێت:

کاتی کاری دیاریکراوی ئیشمان نیە، شەوانەڕۆژە، ئەگەر بڕۆیتەوە بۆماڵەوە، جاری واهەیە هێشتا پارووەکە لەناو دەمتدایە تەلەفۆنت بۆئەکەن بەپەلە وەرەوە بۆکۆمپانیا کارمان هەیە، سەرەڕای ئەوەی کەئیستراحەتیشت لێتێکئەدەن، بڕی پارەی زیادەکارییەکەشت بۆ هەژمار ناکرێت، تاکوتەرا دەستەبەر کراووین هەریەکە بەچوارسەد بۆ ٥ سەد هەزار لەجیاتی ٦سەد یان ٧ سەد دۆلارو هێشتاش ضمانەکەت بۆناگێڕنەوە. تەنانەت ئەگەر شکاتیش بکەین لەدادگایکاردا، یان لەلای هەر لایەنێکی پەیوەندیداردا، ئەوا لەسەرکار دەرمانئەکەن.

شایانی باسە، ئەم پڕۆژانە نەخواردنێکی باشیان هەیە، نەکاتێکی دیاریکراویان هەیە، نەئیستراحەتی تێدایە، نەشوێنێکی دیاریکراویش، بۆنمونە ئەگەر پڕۆژەیەک بنکەی سەرەکی لەڕۆژهەڵاتی شاردا بێت، ئەو ساتانەی کرێکارەکان کاریان لەو بنکەیەدا کەمە، خێرا لەلقێکی تری هەمان کۆمپانیادا کەلەخۆرئاوای شاردایە ئاگادار ئەکرێنەوە کەبچن بۆئەوێ بۆکارکردن. بەمجۆرە کرێکاران زیاترین سەختی و قورسایی جەستەیی و مێشکی ئەچێژن بەبێ ئیستراحەت بەپارەو حەقدەستێکی ئێجگار کەمی کۆیلە ئاساوە. هەموو ئەم زوڵمەش بەبەرچاوی حکومەتی هەرێمەوە سیستەماتیک بەڕێوەدەبرێت بەبێئەوەی خۆی بەلێپرسراو بزانێت بەرامبەر بەژیان و چارەنوسی کرێکاران.

Related posts

شۆفێرانی بارهەڵگر لەخۆپیشانداێکیاندا، شاڕێگەی نێوان هەولێر- ئیدارەی ڕاپەڕین، هەولێر-موصڵ، هەولێر-سلێمانی دائەخەن

Dangi Krekar

دادگای کاری سلێمانی کەیسی ١٠ کرێکاری لەسەر کار دەرکراوی بەقازانجی کرێکاران یەکلایی کردەوە!

Dangi Krekar

لەبەردەم پەروەردەی پشدەر گردبونەوەیەکیان ئەنجام

Dangi Krekar

Leave a Comment