Dangikrekar.com
گفتوگۆ

“هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە لەهەر شوێنێک کرێکارێک غەدرێکی لێبکرێت، مافی بخورێت، بەناحەق لەکارەکەی دووربخرێتەوە، بەهاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ دەنگی کرێکاردا کاری بۆ ئەکەین بۆ وەرگرتنەوەی مافەکەی”

“هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە لەهەر شوێنێک کرێکارێک غەدرێکی لێبکرێت، مافی بخورێت، بەناحەق لەکارەکەی دووربخرێتەوە، بەهاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ دەنگی کرێکاردا کاری بۆ ئەکەین بۆ وەرگرتنەوەی مافەکەی”

گفتوگۆ لەگەڵ ئاکار نەجمەدین، پارێزەری بەشی یاسایی بلاوکاروەی دەنگی کرێکار

  ئامادەکردنی محـــــمود حـــلاق

دەنگی کرێکار: بەڕێزتان لە چ ناوەندێکی کاردا کارئەکەن؟

پاڕیزەر ئاکار نەجمەدین: ڕێزوسڵاوی تایبەتم هەیە بۆتان. دەستی ماندووبوونتان ئەگووشم، هەربمێنن لەخزمەتی چینی کرێکاردا بەم بڵاوکراوە جوانەی کەهەوڵئەدات بۆ ئاشناکردنی کرێکاران بەماف و ئەرکەکانیان. سەبارەت بەپرسیارەکەتان: من وەکو پارێزەر کاردەکەم، بەشێکم لەبەشی یاسایی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکارو وەکو پارێزەری دەنگی کرێکار کارئەکەین،  هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە لەهەر شوێنێک کرێکارێک غەدرێکی لێبکرێت، مافی بخورێت، بەناحەق لەکارەکەی دووربخرێتەوە، بەهاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ دەنگی کرێکاردا کاری بۆ ئەکەین بۆ وەرگرتنەوەی مافەکەی.

دەنگی کرێکار: هەتا ئێستا چەند کەیسی کرێکارانتان لەلایە، ئایا کەیسی کرێکاران چووەتە بەردەم دادگایکار، دواتر قەزیەکانیان بەکوێ گەیشتووە؟

پاڕیزەر ئاکار نەجمەدین: لەو کاتەوەی کەدەستمانکردووە بەکارکردن لەگەڵ دەنگی کرێکاردا بەنزیکەیی ٢٠ کەیسی جۆراوجۆری کرێکارانمان لەلابووە لەبەردەم دادگایکاردا، خۆشبەختانە نیوەی یەکلاکراوونەتەوە، ٩ کەیسی تریان هەتا ئێستا لەبەردەم دادگادا ماوە کەکەیسی جۆراجۆرن، ئەوانیش زیاتر خۆیان ئەبیننەوە لەو کرێکارانەی کەبەناحەق لەسەر کاردەرکراوون، یان بەناحەقی لەکار دوور خراوونەتەوە. کەیسەکانیان هەتا ئێستا بەچەند قۆناغێکی دادبینیدا ڕۆیشتووەو هێشتا قۆناغی تریش بەردەوامە. ئێمە ئامادەکاری باشمانکردووە بۆکەیسەکانیان، هەموو هەوڵێک ئەدەین بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانیان، بەڵام دەبێت بمبورن لەبەر ڕێگەپێنەدانی یاسایی ناتوانم ئاماژە بەووردەکارییە یاساییەکان بدەم.

دەنگی کرێکار: بەڕێزتان چیتانکردووە بۆ ئەو کرێکارانەی کە کەیسەکانیان لەلای ئێوەیە؟

پاڕیزەر ئاکار نەجمەدین: ئەو کرێکارانەی کە کەیسەکانیان ئەهێننە لای ئێمە، سەرەتا کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵدا دەکەین بزانین هۆکاری ئەوەی کە ئەیانەوێت پەنا بەرنە بەر دەنگی کرێکارو پەنا ئەبەنە بەردادگا بۆوەرگرتنەوەی مافەکانیان چیە! ئایا هەربەڕاستی ئەو کرێکارانە بەجۆرێک لەجۆرەکان ناحەقییان بەرامبەر کراوە؟ ئایا ئەتوانن لەبەردەم دادگایکاردا مافی خۆیان وەربگرنەوە؟

 کاتێک بزانین کرێکارێک ناحەقیکراوە لەبەرامبەریدا ئیتر بەهەر هەرجۆرێک بێت، لەوەی کەئایا دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ نەکراوە، ئایا لەکارەکەی دوورخراوەتەوە، ئایا لەکاتی کارکرندا زیانێکی پێگەیشتووەو داوای قەرەبوویەک دەکات..و بەکورتی هەرجۆرە کەیسێک بێت، ئێمە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵدا دەکەین، پاش تێگەیشتن لەکێشەکەو ووردبوونەوە لەناوەرۆکی کێشەکەی لەماوەی یاسایی پێوویستدا داوای بۆتۆمار ئەکەین لەدادگایکاردا، پاشان لایەنی بەرامبەر(شکاتلێکراو) ئاگادار ئەکەینەوە لەداواکەو بەمشێوەیە دادبینی دەستپێدەکات. لەقۆناغەکانی دادبینیشدا هەربەڵگەیەک بەهەر شیوەیەک دەستمان بکەوێت ئەیخەینە بەردەست بەڕێز دادوەری دادگایکار، بۆئەوەی بتوانین لەم ڕێگایەوە ئەنجامێکی باشی بۆ بەدەست بهێنین ئەگەر مافێکی خورابێت بتوانین وەریبگرینەوە.

دەنگی کرێکار: ئایا کارکردنتان وەک پارێزەر خۆبەخشانەیەو تێچووی کەیسەکانیان وەردەگرن؟ ئەگەر بەڵێیە، ئایا چەندەو چۆن بڕی پارەی دیاریکراو وەردەگرن هەر لەسەرەتای دەستپێکەوە هەتا کۆتایی؟

پاڕیزەر ئاکار نەجمەدین: کارەکانی ئێمە بەجۆرێک لەجۆرەکان خۆبەخشییە، ئێمە هیچ پێشەکیەک وەرناگرین و لەئەگەری دۆڕاندنی کەیسەکەشدا هیچ بڕە پارەیەک وەرناگرین.  بەڵام ئەگەر دەنگی کرێکار بتوانێت سپۆنسەری کارەکانمان بکات یان لەسەرەتاوە بتوانێت مەسروفاتی ئەو کەیسانە لەئەستۆ بگرێت لەدادگادا، ئەوا ئەوەی ئەمێنێتەوە تەنها ئەو بڕەیە کەلەکۆتاییدا لێیوەرئەگرین، ئەگەر کرێکارێک قەرەبوو بکرێتەوە، یان گەڕایەوە سەرکارەکەی، ڕێژەی١٠% وەرئەگرین  کەکەمترین ڕێژەی یاساییە لەدادگادا.

دەنگی کرێکار: ئایا ئەو لایەنە{کۆمپانیا، کارگە، ناوەندیکارو…تاد} کە شکاتی لێکراوە کاردانەوەیەکی هەبووە، ئەگەر کاردانەوەکەی هەبووە، چی بووە؟

پاڕیزەر ئاکار نەجمەدین: ئەو کارگەو کۆمپانیاو ناوەندی کارانەی کەداوامان لەدژیان تۆمار کردووە، کاردانەوەی جۆراوجۆریان هەبووە هەریەکەو بەشێوازێک، هەبووە ڕاستەوخۆ هاتووە بەدەم کەیسەکەیەوەو پارێزەری خۆیان ناردووە بۆئەوەی ئەوانیش بەجۆرێک لەجۆرەکان بتوانن کەیسەکە لەبەرژەوەندی خۆیان یەکلایی بکەنەوە. کارگەشمان هەبووە کەخۆی لەلایەنە یاساییەکەی لاداوەو کۆمەڵێک شتی دۆزیوەتەوە  کەبیکات بەخاڵێک لەسەر ئێمەو بڵێت کە ئێمە ئەوکارەمان نەکردووە یاخود خۆی لەبەرپرسیارێتی دزیوەتەوەو نەهاتووە بەدەم داواکەوە، ئێمەش زۆر زەحمەت توانیومانە ئامادەیان بکەین بۆ ئەوەی بێن بەلای داواکەوە. کەواتە کاردانەوەکانیان جۆراوجۆر بووەو هەبووە وویستوویەتی لەڕێگای پارێزەرەکەیانەوە کۆمەڵێک پێشنیار بخاتە بەردەستمان بۆ ڕێکەووتن، هەبووە هەر بەدوای دەعواکەیدا دەچێت تاوەکو بڕیاری کۆتایی وەرنەگرێت بەهیچ جۆرێک مەیلی بەلای ڕێکەووتندا نیە لەگەڵ کرێکارەکەو نکولیدەکات لەو مافەی کەلەلایەتی کەمافی کرێکارەکەی زەووتکردووە.

دەنگی کرێکار: بانگەوازی بەڕێزتان چیە بۆکرێکاران کاتێک هاوکارییان ئەکەن، ئایا بەڕای ئێوە کرێکاران چیبکەن بۆئەوەی لەباری یاساییەوە زوڵمیان لێنەکرێت لەلایەن ئیدارەیکارو خاوەنکارەوە؟

پاڕیزەر ئاکار نەجمەدین: بانگەوازی ئێمە بۆکرێکاران ئەوەیە، کە:

 داوا لەهەموو کرێکاران ئەکەین کەپێوویستە هەموو کرێکاران یەکگرتووبن، بەڕاستی هێز لەیەکگرتووییاندایە، ئەگەر ئەوان یەکگرتوو بن بەرامبەر بەخاوەنکارەکانیان، بەهیچ جۆرێک خاوەنکار ناتوانێت تاکلایەنە مافیان بخوات یان غەدریان لێبکات، یاخود لەکار دووریان بخاتەوە. ئەو کرێکارانەی کەپەنا ئەبەنە بەر شوێنێک بۆکارکردن، بەڕاستی دوو بابەتی زۆر گرنگ هەیە کەپێوویستە زۆر ئاگاداری ببن:

یەکەمیان: بەهیچ شێوەیەک نەکەن بەبێ گرێبەستیکار لەشوێنێکدا کار بکەن، چونکە دواتر بۆسەلماندنی ماف و بۆوەرگرتنەوەی  مافەکانیان زۆر قورس لەسەریان ئەکەوێت.

دووەم: ئەو کرێکارانەش کەکار ئەکەن، هەر لەسەرەتاوە دەبێت لەوە دڵنیا ببنەوە کە ئایا خاوەنکارەکانیان دەستەبەری کۆمەڵایەتی(ضمان) بۆ دەکات یان نا. هەر کرێکارێک لەهەر شوێنێک ئیشدەکات بەکرێیەکی مانگانە، پێوویستە دەستەبەر بکرێت. بۆیە بانگەوازی ئێمە بۆکرێکاران ئەوەیە کە هەم یەکگرتوو بن هەم ووریابن لەو شوێنەدا کە کار دەکەن، بەتایبەتی دەبێت ئاگاداربن و بەدواداچون بکەن لەسەر گرێبەستیکارو لەڕووی دەستەبەری کۆمەڵایەتیەوە. دیسانەوە بانگەوازیان دەکەین دەنگی کرێکار بکەن بەمەرجەعی خۆیان و مەشوەری پێبکەن، لەدەوری کۆببنەوەو هەر کێشەیەکیان هەبوو پەیوەندی پێوە بکەن، دەنگی کرێکار تاکە ناوەندی ڕاستەقینەی کرێکارانە.

Related posts

کرێکارێ بە تەزووی کارەبا گیانی لەدەستدا .

Dangi Krekar

باڵەخانەیەک لەسلێمانی بەسەر چەند کرێکارێکدا ڕوخا لەنزیک شاری مامۆستایان لەسلێمانی!

Dangi Krekar

مامۆستایان لەبایکۆت وخۆ پیشاندان بەردەوامن……..

Dangi Krekar

Leave a Comment