Dangikrekar.com
وتار

ئایا کاتی نانخواردن و حەوانەوە لەکارگەکاندا بەسەعاتکار هەژمار دەکرێت؟

ئایا کاتی نانخواردن و حەوانەوە لەکارگەکاندا بەسەعاتکار هەژمار دەکرێت؟

     مەحمودی حەلاق

لەپەیوەندیەکدا لەگەڵ هاوڕێیەکی کرێکاردا، پرسیاری ئەوەی لەدەنگی کرێکار کرد کە ئایا کاتی نانخواردن و حەوانەوە لەکارگەکاندا بەسەعاتکار هەژمار دەکرێت؟ ئەگەر ناکرێت چۆن بتوانرێت ئەو سەعاتە کەبۆ نانخواردن و حەوانەوە دانراوە بخرێتەوە سەر خاوەنکار یان کۆمپانیا، یان بەسەعاتکاری زیادە بۆمان ئەژمار بکرێت؟.

لێرەدا بەپێویستمان زانی ئەم وەڵامە بدەینەوە:

هاوڕێی ئازیز!

سەرەتا سوپاسگوزارین کە پرسیارەکەت ئاراستەی دەنگی کرێکار کردو دەنگی کرێکار بە پشت و جێگا متمانەی خۆت دەزانیت.. هیوادارین بەردەوام بیت.

بێگومان مەبەست لەکاتی کارکردن بەو ماوەیە دەووترێت کەکرێکار لەژێر ڕێنمایی و فەرمانی کۆمپانیا یان ئەو خاوەنکارەدایە کەکاری بۆ دەکات. نانخواردن و کاتی حەوانەوە لەکارگەکاندا ناچێتە چوارچێوەی ماوەی کارکردنەوە بەپێی ماددەی ٥٥ یاسای کار، بەڵام خاوەنکار کاتی دەستپێکردن و کۆتایی کار دیاری ئەکات، هەربۆیە پێوویستە کرێکار پێشتر بزانێت چوارچێوەی گرێبەستی کارەکەی چۆنەو مەرجەکانی چۆنە پێش واژۆکردنی، بۆئەوەی بتوانێت لەڕووی یاساییەوە چۆن مافەکانی خۆی بپارێزێت.

ئەوەندەشی کەدەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کەچی بکرێت بۆ هەژمارکردنی سەعاتی حەوانەوەو خواردن و سەرجەم ئەو سەعات و کاتانەی کە کاری زیادە بەکرێکار دەکرێت و لەزۆر کاتدا پارەیان بۆ سەرف ناکرێت یان کەمترین بڕیان ئەدرێتێ، ئیتر ئەوە پەیوەست دەبێتەوە بەهێزی یەکگرتوو و ڕێکخرابوونی خۆیانەوە لەهەر ناوەندو شوێنێکی کاردا.

کرێکاران بەبێ تۆکمەکردن و بەهێزکردنی ڕیزەکانی خۆیان لەدەوری خۆیان، هەرگیز ناتوانن نەک هەر سەعاتی کارکردن وحەوانەوەشیان، نەک هەر ماف و ئیمتیازاتێکیان، بەڵکو هێندەی تر دەستی کۆمپانیاو خاوەنکار بەجۆرێک دەکاتەوە کەپەلاماری زیاتری سفرەو ژیانی کرێکاران بدەن و لەخراپترین ئاستدا ژیانیان ڕابگرن.

بەهۆی بێکاریی کەمەر شکێنەوە کەخەتەرترین شێرپەنجەیە بۆگیانی کرێکار، خاوەنکارو کۆمپانیاکان دەستکراوەتر دەکات کە چۆن بەم چەکە هەرە کاریگەرەی بێکاری و بەتاڵی کرێکاران بترسێنیت کەئەگەر بەنەخشەی چاوچنۆکانەی ئەوان کار نەکەن، ئەوا لەشکرێکی گەورە لەبێکار دەخاتە جێگایان و بەم هۆیەوە مووچەی کرێکاران یان کاری ڕۆژانەی ئەوان لەنزمترین ئاستی خۆیدا ڕابگرێت و هەمیشە کرێکار چاولەدەستی خاوەنکار وەکو کۆیلە بهێڵێتەوە، ترسی کرێکاران لەم کەناڵەوەیە کەلەپێناوی بێکار نەبوونیدا ناچارە مل بدات بەکۆیلەکاری.  هەربۆیە پەرتەوازەیی کرێکارو پەرشوبڵاویی ونایەکگرتوبوونیان  خۆیان خەتەری زیاتر بۆسەر ژیانیان دروست ئەکات.. مەرجی یەکگرتوویی و خۆڕێکخراوکردنی کرێکاریش پێش هەرشتێک ڕاستەوخۆ بەندە بە ئیعتیمادو سیقەو باوەڕبوون بەیەکتری و دەبێت هەرلەئێستاوە لەهەوڵی جددی ئەمەدا بن بۆئەوەی بتوانن ڕیزەکانیان گردوکۆ بکەنەوە هەتا فشارەکانیان بەهێزی خۆیانەوە فراوانتر بکەنەوەو لەم ڕێگایەشەوە خواست ومافەکانیان فەرزو مسۆگەر بکەن ودەست بەرن بۆ گۆڕانکاری لەیاساکانی کاردا بەوجۆرەی لەقازانجی کرێکاران خۆیان بێت

 

     

Related posts

خەڵک بەتەواوەتی وەڕس بووە لەم دەورو دوکانەی دەسەڵاتداران”

Dangi Krekar

لەتێستکردنی کرێکاردا خاوەنکار چ قازانجێک دەکات؟

Dangi Krekar

دەرکردنی کرێکاران لەسەر کار هیچ پاساوێکی نیە!

Dangi Krekar

Leave a Comment