”کۆمپانیاکان زۆر بەسادەیی پێشێلی یاسا دەکەن ومافەکانی کرێکاران نادەن“
گفتو گۆ لەگەڵ کرێکارێکی کارگەیەک لەسڵێمانی
| دەنگی کرێکار:
دەنگی کرێکار: سڵاوتان لێبێت، لەدەنگی کرێکارەوە چەند پرسیارێکمان هەیە ئەگەر ڕازی بن!
کرێکارەکە: فەرموون، لەخزمەتدام..
دەنگی کرێکار: لەبارەی کاتی کارکردنتــــــانەوە، لەسەعات چەندەوە دەڕۆن و دەگەڕێــنەوە؟
کرێکارەکە: کاتیکار لەکارگەی ئێمەدا، ئەتوانم بڵێـــم سێجۆرە: لەبەشی سکرابدا، جاران لەسەعات ٧ بەیانیانەوە بۆ سەعات ٧ ئێوارە بوو بەڵام ئێــستا دوو سەعاتیان بۆ کەمکراوەتەوە بەهۆی ڕۆژ کورتیەوە، واتە لەسەعات ٧ وە بۆ سەعات ٥ ئێوارە، بەڵام پارەی ئەو دوو سەعاتەیان لێدەبڕدرێت.. لەبەشی ئیدارەدا، کاتیکاری لەسەعات ٧ و نیوەوە دەستپێــــــدەکات هەتا سەعات ٤ و نیو، بەڵام ئێـــستا کەزستانەو ڕۆژ کورتە، سەعات ٤ دەست لەکار هەڵدەگرن و دەڕۆنەوەو پارەیان لێـــــنابڕدێت وەک بەشی سکراب، بەشی تریش هەیە لەسەعات ٧ وە بۆ سەعات ٥ ..
دەنگی کرێکار: ئەی کاتی حەوانەو ئیســــــتراحەتتان هەیە، وایە؟
کرێکارەکە: کاتی حەوانەوەمان سەعاتێکە، لەکاژێر ١٢ وە بۆ کاژێر یەک.. بەڵام شوێنێـــکی تایبەتی لێـنیە بۆ حەوانەوە، چونکە ئەوان نایانەوێت کرێکار پێنج دەقیقە سەرخەوێک بشکێنێت لەئیستراحەتەکەی خۆیدا.
دەنگی کرێکار: مووچەکانتان چەندە؟
کرێکارەکە: ئەگەر هەڵە نەبم، مووچەی مانگانەی کرێکارانی بەشی سکراب ٣ سەد یان سێسەدو پەنجا دۆلارە، بەشەکانی تریش لە ٤سەد دۆلارەوە دەستپــــێدەکات هەتا ٥ سەد دۆلارە ئەویش بەپێی ئەزموون و ئەو شتانە دەگۆڕدرێت..
دەنگی کرێکار: ئەی خواردنتان هەیە، ئەگەر هەیە، هەتا چەند لێــیـڕازین؟
کرێکارەکە: بەهۆی ئەوەی کەکارگە ٢٤ سەعات کاردەکات، چەند ژەمیش نانخواردن هەیە.. بەڵام بەڕاستی ئێــــستا خواردنیان باشتر کردووە لەجاران.. دووجار گۆشتی سورو مریشکمان هەیەو خواردنەکەش هەمەجۆرەیە، بەڵام ئەگەر زیاتر ڕەچاوی لایەنی تەندروستیش بکرێت باشترە، چونکە جاروبار کەموکورتیەک هەیە لەمبارەیەوە.
دەنگی کرێکار: ئەی لەبارەی دەستەبەری کۆمەڵایەتیەوە-ضمان.. ئایا هەموو کرێکارەکان دەستبەرییان بۆ کراوە؟
کرێکارەکە: هەندێکمان دەستەبەرییمان بۆ کراوە، ئەتوانم بڵــێم زۆرینەی کرێکاران بۆیان نەکراوە.. خۆ ئەگەر لایەنی پەیوەندیدار یان سەندیکای کرێکاران سەردانێکی کارگە بکەن، کرێکارەکان وەکو پۆلە کەو خۆیان دەشارنەوە بۆئەوەی ژمارەی کرێکارەکان نەزانرێت بۆ بابەتی دەستەبەری یان بۆ هەر بابەتێکی تر..سەرەڕای ئەوەش، ئەو کرێکارەش ئەگەر دەستەبەری بۆ کرابێت، ئەوا دەستەبەرییەکەی فرتوفێـڵی زۆری تێدایە.. بۆ نمونە: ئەگەر مووچەکەی من ٥ سەد دۆلار بێت نوسیویانە ٤ سەد هەزارو لەسەر ئەو بڕە دەستەبەری کراوە.. ئیتر ئا بەو شێوەیەیە.. ئینجا مەسخەرەیەکی تریش هەیە: ئەویش ئەوەیە بۆ نمونە ئەگەر من لەساڵی ٢٠٢٠ وە لەو کارگەیەدا هەتا ئێستا بەردەوامم لەسەر کارکردن، ئەوا ئەگەر دەستەبەریم بۆ بکەن لەساڵی ٢٠٢٤ یان ٢٠٢٣ دەستەبەرییەکەم بۆ دەکەن، واتە کۆمپانیاکان هەروا ئاسان پێشێلی یاسا دەکەن و مافەکانی کرێکاران نادەن لەسەر ساڵی دەستەبەرییەکەم .
دەنگی کرێکار: ئەی لەبارەی سەیفتــــــــی و کەلوپەلی خۆپارێزییەوە چۆن دەگوزەرێت، ئایا ئەگەر ڕووداوێکی نەخوازراو هاتە پێـــــشەوە هەتا گەیاندن بەخەستەخانە، فریاگوزاری خێرا-ئیــــــمرجینەیسی هەیە؟
کرێکارەکە: ئەگەر بێویژدانی نەکەم، سێفتی سفرە..
دەنگی کرێکار: دنیایەک سوپاسگوزارین
