ئەو بابەتە گرنگەی کەلەڕاپۆرتەکەی بەرنامەی”لەگەڵ ڕەنجدا” نەهات لەسەر ژینگەپارێزان!
| مەحمود حەلاق
دیـمەنی یەکەمی تراژیدیایەک کەویژدانی هەموان ئەجوڵێنێت!
زیاتر لەپـــێنج ملیۆن مرۆڤ وەک دانیشتووی ئەم جوگرافیایەی کەناوی کوردستانە، لەشەڕێکی بەردەوامدان لەگەڵ ژینگەپارێزاندا، جەنگێک لەگەڵ کەسانێکدا کەماندوو ئەبن لەکارێکی بێبڕانەوەی هەموو ڕۆژە بەپارەیەکی هێندە کەم کەناتوانێت تێچووی داوەتێکی زۆر سادەی لێپرسراوێکی ئەم ووڵاتە بێت.. ئەوانیش کرێکارانی ژینگەپارێزن، کەلەبەر تینی تیژی هەتاوی هاوین و سەرماو زریانی زستاندا خەریکی پاککردنەوەی خاشاکی کوچەوکۆڵان و بەردوکان و ناوبازاڕەکانن .. ژینگە پارێزان ئەو کرێکارانەن کە هاووڵاتی نایانبینن کەچۆن پارێزگاری لەتەندروستی ئێمەیان لەئەستۆگرتووە..
ژینگە پارێزان پەیامیان هەیە، زەنگی ئاگادارکردنەوە لێـــئەدەن بەڕووی دەسەڵات وحکومەتێکدا کەزۆر بێـــــباکە لەژیان و گوزەرانی ئەوان.. بێـــباکن لەو نەهامەتیەی کە لەلایەن کۆمپانیاکانیانەوە و بەهۆی کەمی موچەو بێمافیەکی ڕەهاوە بەرەو ڕویانکراوەتەوە.
پەیامی ئەوان جارێکی تر ڕووەو کۆمەڵگایەو بەئاشکرا هاوار دەکەن کەڕێزمان بگرن، دەبەی ئاوەکەت لەجامی تڕومبێلەکەتەوە فڕێمەدەو شەقام وکوچەوکۆڵانەکان پڕمەکە لەخاشاک و مەڵێ کەسێک ئەرکیەتی کە خاوێنیدەکاتەوە.. بۆیە ئەرکی ئێوەیە ڕێز لەئێمە بگرن.. ئێمە لەپێناوی خاوێنکردنەوەی شارو گوندو شەقام و ڕێگاوبانەکان ژیان و تەندروستی ئێوە دەپارێزین..
دیمەنی دووەمی ئەم تراژیدیایەو هەڵدانەوەی ئەو بابەتەی کەلەبەرنامەکەی لەگەڵ ڕەنجدا نەهات!
بهــــێنە پێش چاو!!.. ڕۆژانە زیاتر لە ٧ هەزار تۆن خاشاکی شاروشارۆچکەکانی کوردستان..خاشاک و پاشماوەی زیاتر لەپـــــــێنج ملیۆن مرۆڤی هەرێمی کوردستان لەلایەن ٥ هەزار کرێکارەوە پاک ئەکرێتەوە.. زۆرترین کات و زۆرترین ئیش و کەمترین مووچەو حەقدەستی کرێکاران..ئەبێت چ تراژیدیایەک بێت کەبەئاشکرا کرێکار بێڕەحمانە دەهاڕێت بەبەرچاوی حکومەت و دەسەڵاتدارانەوە.؟ ئەمە چ زوڵم و زۆردارییەکە دەکرێت دەرحەق بەکرێکاران؟ ئەوان تاوانەکەیان هەرئەوەیە کەسەرچاوەیەکیان نیە بۆ بژێوی، بەڵام بەناچاری دەبێت ببنە کۆیلەی کارو هێزیکارو خوێنی ڕەنجیان تاڵانفرۆش بکەن لەپێناوی نانێک دوو نان بۆمنداڵەکانی..
ژینگەپارێزان هیچ مافێکیان نیە لەڕووی خزمەتگوازرییەوە، لەڕووی موچەوە، لەڕووی مۆڵەت و نەخۆشیەوە، لەڕووی خۆراک وحەوانەوەی ڕۆژانەو کاتی کارو پشوەکانەوە، لەڕووی بیمەی تەندروستیەوە بۆخۆیان و خێزانەکانیان.. هەموو ئەوانەش هێشتا بەبەراوورد بەمووچەیەکی ٣ سەد هەزاری واتە ڕۆژانە بە ١٠ هەزار نەک هەر هیج نیەو بەشی هیچیش ناکات، بەڵکو ناحەقیە بەئینسانیەتی ئەوان و بەکۆیلەکردنی ئەوان و هەڕاجکردنی هێزیکاری تاڵانکراوی ئەوانە.. تازە بەتازە دەسەڵاتداران وەک مننەتێک باسی موچەی ٤٥٠ هەزاری دەکەن بۆ ژینگەپارێزان کەپارەی قاپێک شەمپانیایە کەدەیخۆنەوە.. لەکاتێکدا هەموو کاڵاو پێداوویستیەکان گرانن و ڕۆژانەش گراندەبن بەبێئەوەی حکومەت و وەزارەتەکەی ئاوڕێکیان لەم بەشە لەچینی کرێکار دابێتەوەو هەنگاوێکی جددی هەڵگرتبێتەوەو مەسئولیەتی ئەوەی لەخۆی نیشاندابێت کە شەڕی کۆمپانیاکان بکات دەرحەق بەمافە یاساییەکانی کرێکارانی ژینگەپارێزو بەپێی یاسایکار لەسەر مافی ئەوان چەندین کۆمپانیا بداتە دادگا..
سەرەڕای ئەوانەش، هێشتا بەشێوەی فەرمی ئیعتراف ناکەن بەم کرێکارانەی ژینگەپارێز وبەناڕەوا ناویان لیستکراوە بەکرێکاری ناکارامە.. ئەگەر ناکارامەیی بەو مانایە بێت کە نەخوێندەواربن یان کۆرسی تایبەت بەکاری پیشەیییان نەخوێندبێت و بڕوانامەی تایبەتیان نەبێت.. ئەوا دەبێت یەخەی حکومەت خۆی بگیرێت لەنەکردنەوەی پەیمانگاو ناوەندی فێرکاری کاری پیشەیی بۆفێرخوازان لەهەربوارێکدا هەتا کارکردن بەشێوەی پڕۆفیشناڵانە پێشکەش بەکۆمەڵگا بکرێت.. ئەگینا ئەبێت حیکمەتی ناکارامەیی ژینگەپارێزان لەچیدابێت بۆ پاکڕاگرتن و خاوێنکردنەوەی کوچەوکۆڵانی شار!..یان مەسەلەکە لەڕیشەوە تەنها ئەوەیە کەبەناوی ناکارامییەوە خواست و مافەکانیان زەوتدەکرێت و حەقدەستەکانیان لەئاستێکی نزمتردا ڕادەگیرێت بۆ ئەوەی هیچ یاسایەک نەیانگرێتەوە بۆ باشترکردنی ژیانیان.. ئەم جۆرە ووشەو دەربڕینانە هیچی تر نیە جگە لەزەربەلێدان لەحەقدەست وموچەی کرێکار.. سەرەڕای ئەوەی پاساوێکی نامرۆییە، وەکو تریش بێبەشکردنی ئەوانە لەکۆمەڵێک ماف وئیمتیازات..
لەلایەکی دیکەشەوە خۆدزینەوەی کۆمپانیاکان بەجۆرێکە کەزۆرینەی کرێکاران چەندین ساڵەو هەشیانە ٢٦ ساڵە لەشارەوانیەکان و کۆمپانیا پاککەرەوەکاندا کاردەکات، بەڵام هەتا ئێستاش کرێکاری کاتین. کرێکاری کاتیش بەمانای خوێنمژین و ڕووتاندنەوەی گیرفان و ژیانی کرێکاران و خۆدزینەوەیەکی هەرە ئاشکرای کۆمپانیاو کارگەو ناوەندیکارە لەسەر دەستەبەرنەکردنی-ضمان- کرێکاران.. بەپێی بەدواداچوونەکان لەکۆی گشتی ٣٦ کۆمپانیای پاککەرەوەو ٥ هەزار کرێکاری ژینگەپارێز لەسەرانسەری کوردستاندا، هێشتاش ژمارەیەکی زۆر زیاتر دەستەبەرییان بۆنەکراوە.
گرێـــــــــبەست و دەستەبەری کۆمەڵایەتی..
لەبەرنامەکەی لەگەڵ ڕەنجدا، بەداخەوە ئەم دوو تەوەرە سەرەکیە قسەوباسێکی لەسەر نەکرا کەچەندە گرنگە بۆ کرێکاران.. کەمترین کرێکارانی ژینگەپارێز دەستەبەری کۆمەڵایەتی و گرێبەستیکاریان هەیە..زۆرینەیان نازانن گرێبەستەکەیان چی لەسەر نوسراوەو مەرجەکانی کارکردن تێێدا چیە!گرێبەستەکانیان پێنادەن، بۆ ئەوەی ئەو ساختەو پێچ وپەنا نایاساییانەی کەتێـــیدا دەنوسرێت کەبەقازانجی کۆمپانیاو خاوەنکارەکەیە کەشف نەبێت.. بۆ نمونە کاتی حەوانەوە، خواردن، سەعاتکار، هاتوچۆپێکردن، سێـــفتی وجلوبەرگ و پۆشاکی کار، پێدانی موچە لەکاتی خۆیدا، بڕی تێکڕای مووچە..و..تاد
بەپێی یاسایکاری هەرێم، گرێبەست سەنەدێکی گرنگە لەنێوان خاوەنکارو کرێکاردا لەئەگەری هاتنەپێشەوەی کێشەو گرفتێکی یاساییدا.. ئەم گرێبەستە دەبێت ٣ نوسخە بێت، نوسخەیەک بۆ کرێکار، نوسخەیەک بۆبەڕێوەبەرێتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، سێیەم نوسخەش لەلای خاوەنکار یان کۆمپانیا. بەڵام بەگشتی لەکۆمپانیای شارەوانیەکاندا (ژینگەپارێزان) نەنوسخەیەک لەلای کرێکارەو نەنوسخەیەکیش براوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی.. چونکە خاوەنکار یان کۆمپانیا نایەوێت کرێکارەکە دەستەبەر بکات لەپێناوی بەرژەوەندی و قازانجەکانی خۆیدا..
دەستەبەرکردنیش بابەتێکی گرنگە بۆکرێکاران بەگشتی بەبێجیاوازی.. کرێکارانی ژینگەپارێزیش وەک بەشیک لەچینی کرێکار، بەپێــی یاسایکار دەبێت دەستەبەر بکرێن بۆئەوەی لەداهاتووی پیری و پەککەوتن لەکاردا، ئەوانیش موچەیەکیان هەبێت و بتوانن لانیکەمی ژیانیان تەئـــمین بکەن.. گرنگی دەستەبەری-ضمان ئەوەیە کە کرێکاران بەگشتی و کرێکارانی ژینگەپارێزیش کاتێک دەستەبەر دەکرێن پاش ٢٠ ساڵ کارکردن ئەگەر ڕەگەزی نێر بێت لەتەمەنی ٦٠ ساڵیدا دەتوانێت وەکو هەر کارمەندێکی حکومی خانەنشین ببێت و لانیکەمی ڕەنج و ماندووبوونەکەی بەفیڕۆ نەڕوات و سەرچاوەیەکی کەمی بۆ داهاتوو هەبێت وەک هەر خانەنشینێک..
لەکۆتایــــــیدا
بەدڵنیایەوە لایەنی پەیوەندیدار لەبەڕێوەبەرایەتیەکان و لە وەزارەتەکانی وەک وەزارەتی پلاندان، وەزارەتی دارایی، تەنانەت وەزارەتی مافی مرۆڤیش دەرحەق بەکرێکاران و ژینگەپارێزان کەمتەرخەمن..بۆنمونە وەزارەتی پلاندان بەپێی نوسراوە فەرمیەکان ئاگاداری گرێبەستەکانەو لەوانەش بڕی مووچەی کرێکاران.. بەڵام ئایا بەدواداچوونی کردووە لەسەر ژیان و گوزەرانی کرێکاران بەم موچە زۆر کەمەوە کە کرێکارانی ژینگە پارێز هەیەتی.. ئەگەر بەدواداچوونکراوە، ئەی بۆچی چەندین ساڵە کرێکاران و بەتایبەت ژینگەپارێزان لەمیحنەتی گەورەدان و ئاوڕیان لێنەدراوەتەوە!. یان بەڕاستی بەدواداچوون ناکەن و نازانن کەڕێژەی٨٥٪ ئەو کرێکارانەو سەرجەم کرێکارانی تریش کرێچین، کەبازاڕو شتومەک و پێداوویستیەکان لەڕادەبەدەر گرانەو ژیانکردن زۆر قورس و سەختەو گیرفان هەڵئەتەکێنیت!؟
بەڵام لەڕاستیدا حکومەت پلانی بەرژەوەندییەکانی خۆی هەیە نەک پلانی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵک وچینی کرێکار.. پلانی کەڵەکەی سەرمایەو ڕووتاندنەوەی ژیان و گوزەرانی خەڵک.. پلانی بازاڕسازی بۆکەڵەکەی سەرمایەو سەرمایەسازی لەسەر حسابی ژیان و خوێنی خەڵک و کرێکاران.. پلانیان نیە کاتێک کەساڵانە هەزارەها دەرچووی زانکۆو پەیمانگاکان ئەخەنە سەرشەقامەوە هەلیکارێکی گونجاویان بۆ ئامادەکرابێت. هەزاران گەنج لەئەنجامی بێکاری داساڵانە ڕێگای هاتونەهات ئەگرێتەبەر بەرە، کەدەتوانرا هەزاران لەوان بخاتە ناو ئیشی ژینگەپارێزییەوە بەمووچەیەکی شایستەوە کە بتوانێت لەپاڵیدا ژیانی هاوبەش و خێزانیش پێکەوە بنێت.. لەکاتێکدا ژینگەپارێزی لەووڵاتانی ئەوروپا کارێکە کەڕێژەی داهاتی ساڵانەی بەرزەو جۆرەها تەئمینی هەیە بۆژیانی کرێکارەکە دابینکردووە..
معانات و گرفتی کرێکاران کۆتایی پـــێنایەت..یەکێک لەخواستەکانی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکارو کرێکاران، هەموارکردنەوەی سەرلەبەری گرێبەستەکانە، چونکە نادادپەروەرییەکی بێــــــئەندازە هەیە لەگرێبەستەکاندا.. لەساڵی ٢٠١٢ شارەوانیەکان دراون بەکەرتی تایبەت، لەو ساڵانەشدا موچە ٦سەد هەزاربووەو هێشتا گرانی بازاڕو شتومەک وەکو ئێستا نەبووە.. کەچی بەم هەمووە گرانیەی ئێستاوە، مووچەی ژینگەپارێزان کراوە بەنیوەو ٣ سەد هەزار دیناریان هەیە بەزیادە کارییـــــــشەوە.. لەساڵی ٢٠١٢، ئەو پێشـــینەیەی کەکۆمپانیاکان وەریاندەگرت بەراوورد بەئێستای ساڵی ٢٠٢٥ لەسەدا ٥٠٪ کەمیکردووە.. هەر ئەم کەمکردنەوەیەش ڕاستەوخۆ باجەکەی دەکەوێتە سەرشان و ژیانی کرێکارەکەو هەروا ئاسان گیرفانیان تاڵاندەکرێت.. ئەم سیاسەتەش ڕاستەوخۆ حکومەت لێپرسراوی یەکەمەو هەرئەوە لەپێناوی قازانج و کەڵەکەی هەرچی زیاتر سەرمایە، لەڕیگای کۆمپانیاکانیانەوە ئەم نەهامەتیەیان فەرزکردووە بەسەر کرێکارانداو هەرکاتێک ڕەخنە ئاراستەی حکومەت بکرێت، دەڵێت من گوناهێکم نیەو بچن یەخەی کۆمپانیاکان بگرن و ئەوان لێپرسراوون.. بەم شێوەیە حکومەت شانی خۆی لەلێــــپرسراوێتی بەتاڵدەکاتەوە.
