Dangikrekar.com
وتار

هێزی کاری هەرزان.. بازرگانییەکی بێدەنگ بەژنانی کوردستانەوە!

هێزی کاری هەرزان.. بازرگانییەکی بێدەنگ بەژنانی کوردستانەوە!

دەنگی کرێکار

سیستەمی سەرمایەداری لەکوردستاندا، بەشێوەیەکی زیرەکانە سوود لەو بۆشاییە یاسایی و کۆمەڵایەتییانە دەبینێت؛ کەزۆرجار ژنان ناچارن کاتژمێری زیاتر کاربکەن بەمووچەیەکی کەمتریش بەبێ ئەوەی سوودمەندبن لەبیمەی کۆمەڵایەتی، هاتوچۆو کاتی حەوانەی پێوویست و نانخواردن، پشووی دایکایەتی، یان سەلامەتی شوێنیکار. ئەمە بەشێکە لەو ستراتیژیەی کە خاوەنکارەکان پەیڕەوی لێدەکەن، چونکە دەزانن ژنان لەبەر ڕەهەندە کۆمەڵایەتییەکان و سنورداربوونی هەلی کارکردنیان، کەمتر دەتوانن بەرگری لەمافەکانیان بکەن یان ناڕەزایەتی دەرببڕن.

ئەم مامەڵەکردنە لەگەڵ هێزیکاری ژناندا تەنها کێشەیەکی ئابوری نییە، بەڵکو بەهێزکردنی ئەو دۆخەیە کە تێیدا ژن وەک کارەکتەرێکی لاواز لەبازاڕیکاردا دەهێڵرێتەوە. کاتێک خاوەنکار، ژن بەکرێیەک دادەمەزرێنێت کە لەخوار ئاستی پێویستی ژیاندایە، لەڕاستیدا تەنها سوود لەماندووبوونی ژنەکە وەرناگرێت، بەڵکو سوود لەچەوساندنەوەی چینایەتی و جێندەریش”جیاوازی ڕەگەزی” وەردەگرێت. سیستەمی سەرمایەداری لەکوردستان لەم ڕووەوە بەردەوامە لەبەرهەمهێنانەوەی بێکاری و هەژاری بۆ ژنان، چونکە بەدابین نەکردنی حەقدەستێکی دادپەروەرانە، ئاستی گوزەرانیان بەنزمی دەمێنێتەوەو هەمیشەش وەک هێزیکاری ملکەچ و هەرزان هەژماردەکرێن.

کاتێک باس لەم دیاردەیە دەکرێت، نابێت تەنها لەگۆشەنیگای ئابورییەوە سەیری بکەین ئەگەرچی لایەنێکی بچوکی ئەرێنی تێدایە، چونکە ئەمە پڕۆسەیەکی بەردەوامی کۆمەڵایەتی بوونیشە. لەبازاڕی کاری کوردستاندا، خاوەنکارەکان بە ئەنقەست یان بەناچاری سیستەمەکە، ژنان بەو جۆرە تێگەیشتنە دادەمەزرێنن کە داهاتی سەرەکیی خێزان لەدەست ئەواندا نیە و ئەوان نانهاوردەی خێزان نین! ئەم پاساوەش بەکاردەهێنرێت بۆ ئەوەی حەقدەستەکەیان لەنزمترین ئاستیدا بمێنێتەوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە لەڕاستیدا ژمارەیەکی زۆری ژنان لەکوردستاندا یان بژێوی سەرەکی خێزانەکانیان دابیندەکەن، یان بەشدارییەکی کارایان لەدابینکردنی پێداویستییەکانی خێزاندا هەیە. بەڵام سیستەمی سەرمایەداری کوردی کەوتۆتە نێوان ئەم دوو ئاراستەیەوە؛ لەلایەکەوە پێویستی بەهێزیکاری ژنانە بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکان بەتێچووویەکی کەمەوەو لە لایەکی تریشەوە کار دەکات بۆ بێبەشکردنیان لەسەقامگیریی پیشەیی و مافە یاساییەکان.

یەکێک لەئامرازە هەرە بەهێزەکانی ئەم چەوساندنەوەیە، کاری ناڕێکخراو-نایاسایی کەدەکرێت پێیبووترێت کاری ڕەش. لەزۆرێک لەکەرتی خزمەتگوزاری و بازرگانی کوردستاندا، ژنان بەبێئەوەی گرێبەستێکی فەرمی یان بیمەی تەندروستی، دەستەبەری کۆمەڵایەتی و ..هتد.. هەبێت کار دەکەن. خاوەنکار بەئاسانی دەتوانێت لەهەر ساتێکدا کۆتایی بەکارەکەیان بهێنێت، ئەمەش وا دەکات ژنەکە لەدۆخێکی نائەمنی بەردەوامدا بێت، ئەم نائەمنییەش وادەکات ژن ناچار ببێت بەهەموو مەرجەکانی خاوەنکار ڕازی بێت، لەوانە: کاتژمێری کاری زۆر، نەبوونی پشووی هەفتانە، نەبوونی مۆڵەتی دایکایەتی، گێچەڵی جنسی، یان تەنانەت ڕووبەڕووبوونەوەی سووکایەتی لەشوێنیکارداو..تاد..

کاتێکیش قسە لەسەر یاساکان دەکرێت، دەبینین ئەو یاسایانەی وەک یاسای کاری ١٩٨٧، لە زۆر ڕووەوە توانای وەڵامدانەوەی ئەم جۆرە پێشێلکارییە نوێیانەی نییە، یان ئەگەر یاساش هەبێت، میکانیزمی چاودێری بۆ جێبەجێکردنی لەکەرتی تایبەتدا زۆر لاوازە.

بە گشتی، ئەم ڕەوشە وادەکات بازاڕیکار لەکوردستاندا نەبێتە دەرفەتێک بۆ گەشەکردنی ژنان، بەڵکو ببێتە ئامرازێک بۆ بەردەوامبوونی پەراوێزخستنیان. سیستەمی سەرمایەداری لەم دەڤەرەدا بەئاراستەی دروستکردنی کەلتوورێکی کاردا دەڕوات کە تێیدا هەرزانبوونی نرخی هێزیکاری ژن دەبێتە بنەمایەک بۆ بەردەوامی قازانجی خاوەنکار.. هەربۆیەهەتا هۆشیاری یاسایی لەناو ژناندا گەشە نەکات و لەوەش گرنگتر یاسایەکی پێشڕەوی کار نەبێت کە دەست بەسەر ئەم پێشێلکارییانەدا بگرێت، ئەم بازنە داخراوەی چەوساندنەوەو بەژنان بەردەوام دەبێت و بازاڕیکار ناتوانێت ببێتە شوێنێکی یەکسان بۆ هەمووان.

بەکورتی، ئەوەی لەبازاڕیکاری کوردستاندا دەگوزەرێت، تەنها بەشێکە لەو ڕەوتە جیهانییەی کەتێیدا سەرمایەدارەکان بۆ بەرزکردنەوەی قازانجی خۆیان، پێکهاتە لاوازەکانی کۆمەڵگا دەکەنە قوربانی. هەتا یاسایەکیکاریش نەبێت کەبەڕاشکاوی جیاکاری لەمووچەو مافەکان قەدەغە بکاتو هەتاوەکو چاودێرییەکی ڕاستەقینەی  کرێکارییش لەسەر شوێنەکانیکاردا نەبێت، ژنان لەم سیستەمەدا وەک قوربانی ئابوری دەمێننەوە..

 

Related posts

Workers of the world, unite! Happy May Day, international working class solidarity day

Dangi Krekar

هەڵبژاردن لەڕوانگەی کرێکارانەوە چ پەیامێک بەکۆمەڵگا ئەدات!

Dangi Krekar

“سەندیکا لەنوێنەرانی کۆمەڵیک ئەحزاب پێکهاتووە، نەک نوێنەرانی کرێکاران”

Dangi Krekar

Leave a Comment