عرفان کەریم:
بەهۆی بارودۆخی سیاسی وئابوری لەکوردستان و لە سایەی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمدا، ڕێژەی بێکاری و نەبوونی هەلی کار بەتایبەت لەنێو دەرچوانی زانکۆ وپەیمانگاکان بۆتە کێشەیەکی گەورەی کۆمەڵایەتی.
سیاسەتی خزمەتکردن بەسەرمایەداران و نوێنەرایەتیکردنی بەرژەوەندی و ئامانجەکانی خاوەن کۆمپانیا و سەرمایەداران لەکوردستان و جێبەجێکردنی سیاسیەتی ئابوری بازاڕی ئازاد، کاری سەرەکی ئەم حکومەتەیە.ئەو سیاسەتەی کە بریتیە لە کەمکردنەوەی خەرجیەکانی حکومەت و کەڵەکەکردنی سەرمایە و داهاتی دارایی لەسەر حیسابی ژیان وگوزەرانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش.هەروەها سپاردنی کەرتەکانی خزمەتگوزاری گشتی وەک تەندروستی و شارەوانی و پەروەردە و کارەبا و هاتوچۆ بە کەرتی تایبەت و بە خاوەن کۆمپانیاکان، لەکاتێکدا دەبێت ئەم کەرتە خزمەتگوزاریە گشتیانە لەلایەن حکومەتەوە بەڕێوەببردرێن و نەکەونە ژیردەستی کەرتی تایبەت و نەسپێردرێن بە یاساکانی بازاڕ.
مەسەلەی بێکاری و دابینکردنی بیمەی بێکاری، یەکێکە لەو ئەرکە سەرەکیانەی حکومەت، کەدەبێت جێبەجێی بکات و هەموو ساڵیک پلانی تازە دابڕێژیت بۆ چارەسەرکردنی ئەم مەسەلەیە.بەڵام بەهۆی ڕەچاوکردن لە ئابوری بازاڕی ئازاد و سپاردنی کەرتەکانی خزمەتگوزاری بەکەرتی تایبەت، لەم بارەیەوە حکومەتی هەرێم بە ئاشکرا خۆیان لەم مەسەلە گرنگ و هەستیارە دەدزنەوە، ناو بە ناو لە ژێر ناوی دابینکردنی هەلی کار بۆ گەنجان ودەرچوانی زانکۆ وپەیمانگاکان، هەڵدەستن بە سازدانی پیشانگا و ۆرک شۆپی جۆراجۆر بە کۆمەکردنی چەند کۆمپانیایەکی سەر بەکەرتی تایبەت و سەرفکردنی بودجەیەک بۆیان، کە گوایە دەیانەوێت لەم ڕێگایەوە کۆمەک بە گەنجان بکەن کە چۆن فێربن کارێک پەیدابکەن لەبازاڕی کارداخ ولەم ڕیگایە خۆیان بەکۆمپانیاکان بناسێنن.لە تازەترین پیشانگای لەم جۆرەشدا، ڕۆژی ٢٥-٦-٢٠٢٢ دامەزراوەی (ڤیم) لەشاری سلێمانی و بە بەشداری ١٢٠ کۆمپانیا پیشانگای هەلی کاری کردەوە، کە بڕیارە ١٠٠٠ هەلی کار بۆ گەنجان دابین بکات.
بە گوێرەی راپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی کە ڕۆژی ٢٦-٦ لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ دا ، بڵاوبۆتەوە ، گوایە ئامانجی ئەم پیشانگایە هاوکاریکردن وکۆمەککردنی گەنجانە بۆ دۆزینەوەی هەلی کار، هەروەها پیشانگاکە دەرفەتێکی گونجاوە بۆ کارخوازان، کە راستەوخۆ لەگەڵ کۆمپانیاکان گفتگۆبکەن وسیڤی پێشکەش بکەن.
لە ڕاستیدا، ئەم جۆرە لە شێوازی کار، خۆدزینەوەیەکی ئاشکرایحکومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێمە لە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بە دابنیکردنی هەلی کار یاخود بیمەی بێکاری، چونکە ئەم مەسەلەیە لە بنچینەدا ئەرکی سەرەکی حکومەت و وەزارەتەکانیەتی، ئەوە حکومەتە کە پلانی ئابوری ئەم هەرێمەی بەڕێوەدەبات و دەزانێ کەرتە جیاوازەکانی ئابوری چەند هێزی کاریان پێویستە و لەکوێ دامەزراندن و هەلی کار دابین دەبێت.هاوکات حکومەت بەرپرسیارە لە زەمانەت کردنی لامی کەمەی ژیانی هەر کەسێک کە ڕووبەروی بێکاری دەبێتەوە و تائەو کاتەی کە کاری دەستدەکەوێت ، ئەوە ئەرکی حکومەتە کە بیمەیەکی مانگانەی بۆ دابین بکات بۆ بژێوی و ژیانکردن.لەم چەند ساڵەی دواییدا ئێمە بینیمان کە چۆن دەسەڵاتدارانی هەرێم بەبیانۆی بوونی قەیرانی دارایی بە ئاشکرا رایانگەیاند کە ئیدی حکومەت بەرپرسیار نیە لە دابینکردنی هەلی کار یاخود بیمەی بێکاری، ئەمەش لە ژێر ناوی پاشەکەوتکردن و کەمکردنەوی مەسەرەفی حکومەتی بۆ ڕووبەروبونەی ئەم قەیرانی ئابوریە، ئەم بیانۆیە، ئیدعایەکەیە کە ئامانج لێ ی سپاردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستانە بە یاساکانی بازاڕی ئازاد و بێبەریکردنی حکومەتە لەئەرکێک کە دەبێ ئەنجامی بدات، سیاسەتی بازاری ئازاد لەبنچینەدا خزمەتێکی گەورەیە بە سەرمایەداران وخاوەن کار و کۆمپانیاکان، چونکە کاتێک گەنجان و دەرچوانی زانکۆ وپەیەمانگاکان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە فەرامۆش دەکرێن و هەلی کارو دەمەزراندیان بۆ دابینناکرێت، ئەوسا ناچار دەبن ڕووبکەنە کۆمپانیاکانی سەر بەکەرتی تایبەت ولەوێدا بەشوێن کارکردنەوە بن.حکومەتی هەرێم یاساکانی کاریشی بە شێوەیەک داڕشتوە کە لە خزمەتی خاوەن کار و سەمایەداراندابێت، بۆیە کرێکاران لە ژێر هەلومەرجێکی سەختی کاردا کاردەکەن و بەشی زۆریان بە مووچەیەکی کەم کاردەکەن و هیچ جۆرە زەمانەتێکی کۆمەڵایەتیان نیە. ئەمە جگە لەنەبوونی مافەکانی نارەزایەتی دەربڕن و مانگرتن و ئازادی ڕێکخراووبون.
تەجروبەی دەیان ساڵەی حکومەتی هەرێم ئەوەی سەلماندوە ، کەئەمان نایەنەوێت چارەسەری مەسەلەی بێکاری بکەن، هەربۆیە تەنها ئومێد خۆڕیکخستنی گەنجان و دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکانە لە دەووری یەکتر و بە هاتنە مەیدان و بەفشار هێنانی گەورەی جەماوەری و ناچارکردنی ئەم دەسەڵاتەیە بە وەڵامدانەوە بە خواستی ( کار یاخود دابینکردنی بیمەی بێکاری) .ئەمڕۆ سەروەت و سامانێکی بێ شومار لە کوردستاندا هەیە، بەگوێرەی راپۆرتە ڕۆژنامەوانیەکان، ژمارەی ملیاردێر و ملیۆنێرەکان لە کوردستاندا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە هەڵکشاندایە، هەروەها نرخی فرۆشی نەوت و غاز و داهاتەکانی لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە و ئیدی ئەو بیانۆ پووچەش ، کە گوایە قەیرانی دارایی هەیە، بەکار ناخوات. ئەم سەروەت وسامانە ئەگەر بۆ خزمەتی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان بخرێنە کار ئەوا، دەتوانرێت، بەخێرایی چارەسەری مەسەلەی بێکاری بکرێت و بیمەی بێکاریش بۆ گەنجان و کەسانی بێکار، دابینبکریت.
٢٦/٦٢٠٢٢