Dangikrekar.com
وتار

خۆبەخشانە سەری کرێکارانی ژینگەپارێز چاک دەکات!

بنار مستەفا:  
لە ڕۆژە گەرمەکانی ناوەڕاستی حوزەیراندا، کۆمەڵێک لاو لە هۆڵێکی نیمچە مەغزەن و پەراوێز خراودا، لە دەوری سەرتاشێک کۆبوونەتەوە و چاوەڕوانی نۆرەی خۆیانن، تا سەریان چاک بکەن و قژیان کورت بکەنەوە. ئەو کۆمەڵە لاوە کەلە سەرەدا ڕاوەستا بوون جارجار بەکۆمەڵ پێدەکەینن وکەشێکی هیوا بەخشیان خستەبەرچاوم، هەربۆیە منیش لێیان چومە پێشەوە وزانیم کەبەزمانی عەرەبی قسەدەکەن. بۆئەوەی بزانم بابەتەکە چیە فرسەتم وەرگرتو لەگەڵ یەکێکیان کەوتمە قسەکردن، دواتر بۆم دەرکەوت کەئەو لاوانە کۆمەڵیک کرێکاری ژێنگەپارێزن، کەلەشارەکانی ناوەڕاستی خواروی عێراقەوە هاتون وکەسانێکیشیان خەڵکی سوریان وکاری ژینگەپارێزی دەکەن. شوێنەکە سەرتاشخانە نەبوو، بەڵام سەرتاشەکە هێندە بەجۆشوخرۆشەوە کارەکەی دەکرد، دەتوت ئەوشوێنە چەندین ساڵە سەرتاشخانەیە. دوای قسەوباس کردن چیرۆکەکەم زانی:
ئاریان ساڵح ئەو سەرتاشەیە، کە وەک خۆبەخش چۆتە لای کرێکارەکان و بە کەرەستەی خۆیی و بەبێ هیچ بەرانبەرێک، سەری کرێکارەکان چاک دەکات. ئەو دەڵێت “ئەم کرێکارانە خزمەتێکی گەورەمان پیدەکەن وئەوان خاوێنی شارەکان ڕادەگرن و کاری سەخت ئەنجام دەدەن، لەپاداشتی کارەکەشیاندا، مووچەیەکی کەمیان پیدەدرێ وکەمترین مافیشیان بەڕەسمی بۆ دەناسرێت. ئەوان لەگەڵ ئەوەدا، کارەکەیان بەنرخە بەڵام بێ بەشن لە هەر جۆرە پشتیوانیەک، بۆیە کۆمەک کردنیان بە کارێکی گەورە دەزانم.”
بێگومان ئەمڕۆ لەشارەکانی کوردستان هەزاران کرێکار لەبواری ژینگەپارێزیدا بۆ کۆمپانیاکان کاردەکەن، کەبەشێکیان لە جێگەی ترەوە هاتوون و بێ خانە و لانەن. هەر بۆیە زۆرێکیان بە کۆمەڵ لەو شوێنانە دەمێننەوە، کە خاوەن کار بۆی دیاری کردوون. جێگەوڕێگەی مانەوە و حەوانەوە و خەوتوونی ئەم کرێکارانە مایەی بەغیلی نییە و هەژار و نەداری بە زەقی دیارە وڕەنگە چەند مانگیش بێت مووچەیان وەرنەگرتبێت. ئاریان لەدرێژەی قسەکانیدا وتی: ” هەر لە تەمەنی هەرزەکارییەوە تێکەڵاوی دونیای کارکردن بوم و تائێستا چەندین کار و ئەرکی جۆراوجۆرم ئەنجام داوە و ئەزموون و شارەزاییم لە زۆر بواردا پەیدا کردووە و بەو ئەنجامە گەشتووم، کە ژیانی مرۆڤی زەحمەتکێش تەنها جەنگە لەپێناو زیندوو مانەوەدا. لە دۆخی ئێستادا، کە مووچە نادرێت، گرانی زیادی کردووە و پێداویستی ڕٶژانەش چۆتە سەرەوە، بارگرانییەکی زۆر بەسەر کرێکارانەوەیە. گەڕاندنەوەی هەر بڕێکی کەمیش بۆ کرێکارانی ژینگەپارێز، جێگەی خۆی دەگرێت.”
ئاریان باوەڕی بەوە هەیە، کە کرێکاران و هەژاران بتوانن بەو توانا و شارەزاییانەی هەیانە، لە کاری هاوبەش و پشتیوانی یەکتردا بەکاری بهێنن. ئەو وتی: ” لە ڕٶژگاری ئەمڕۆدا ئەمە ڕێگایەکە، بۆ ئەوەی پێکەوە بتوانین هاوکاری یەک بین لە تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختەدا.” ئاریان دەڵێت: ” هەموو ڕۆژێک پاش سێ کاتژمێر لە چاککردنی سەری کرێکارەکان، کەدنیا بەرەو تاریک بوون دەڕوات، کەلوپەلەکانم کۆدەکەمەوە ودەست لەکارهەڵدەگرم. ئەگەرچی بە ڕواڵەت کارەکەم وەک کارێکی بچوک دەبینرێ بەڵام خەندەیەکی دڵخۆشانە دەخاتە سەر لێوی کرێکارەکان و سوپاسگوزاری بە ڕوخساریانەوە دیارە“.. وێڕای ماندووبوون، ئاریان هەست بە خۆشی دەکات و دەڵێت: “هەست دەکەم کارێکم کردووە، کە سوودبەخشە بۆ کەسانی تر. ئەمەش بۆ من مایەی خۆشحاڵییە و ئاسانتر دەتوانم ماندوێتی تێپەڕێنم.”
ئەم کارەی ئاریان ونمونەکانی هاوشیوەی ئەو پێمان دەڵیت کە سەرەڕای ئەو دۆخە سەختەی کەبەسەر کرێکاران و خەڵکی کوردستاندا داسەپاوە، کەڕۆژانە هەواڵی تاوانکاری وئینسان کوشتن وبێدەرەتانی خەڵک دەبیستین، بەلام کارەکەی ئاریان پێمان دەڵێت کەدڵی ئینسانیەت هەر زیندووە و وەک چرایەک دەسوتێت. ئینسانیەتێک کەسنورەکانی، جیاوازی نەتەوەو زمان وئاینی تێپەڕاندووە..

Related posts

گرێبەستی کار ، تاک لایەنەیەو لە لایەن کۆمپانیاکانەوە شەرعیەتی پێدراوە!

Dangi Krekar

دواستوون /ڕیکخراوبوونی کرێکاریی، تەنها چەکە بۆ گۆڕێنی ئەم هەلومەرجە داسەپاوە، بەسەر کرێکاراندا!

Dangi Krekar

 سەلامەتی کارو بیرەوەریەک لەپەیوەند بە ڕۆژی قوربانیانی شوێنی کارەوە!

Dangi Krekar

Leave a Comment