Dangikrekar.com
وتار

بۆ چارەسەرکردنی دیاردەی بێکاری، پێویسە جۆرەکانی بێکاری بناسین!

 ئامادەکردنی : مەحمود حەلاق

ئەوە ڕوون و ئاشکرایە لەچوارچێوەی هەر ووڵاتێکدا بێکاری هەیەو ڕێژەکەشی جیاجیایە.. لەم
بابەتەدا ناچینە سەر ئەوەی کەهۆکاری بێکاری چیەو سەرچاوەکەشی لەکوێدایە. لێرەدا تەنها
جۆری بێکاری دەستنیشان دەکەین لەچەند خاڵێکدا:
١/ بێکاری بەریەک کەوتە:
ئەمجۆرە بێكارییە كاتێكی زۆر ناخەیەنێت، بریتیە لە نەگونجاندنی ئارەزووی كارمەند لەگەڵ
دەرفەتی كارەكەیدا، جاری واهەیە كارمەندەكە بەتوانایەو قبوڵی ئاستی كرێكەو جۆری كارەكە
ناكات‌، جاری واش هەیە دۆخەکە دەخوازێت خاوەنكار پێویستی بەماوەیەك هەبێت تا بڕیار بدات
لەسەر وەرگرتنی كارمەندەكە.
٢/ بێکاری سایکڵ:
جۆرێكە لەبێكاری كە هاوڕێیە لەگەڵ خولی بازرگانی‌و دوركەوتنەوەیە لەڕێژەی سروشتی بێكاری،ئەمجۆرە بێكارییە زیاترلەکاتی پوكاندنەوەی ئابوری‌ وكزی بازاڕدا ڕوودەدات.
٣/ بێکاری شاراوە:
جۆرێكە لەبێكاری‌. كارمەندان مووچە وەردەگرن، بەڵام بەشێكی زۆر كەم لەبەرهەم هێنان زیاد ئەکەن. ئەمجۆرە بێكاریە زیاتر لەكەرتی گشتیدا ڕوودەدات لەسەر بنەمای خزمایەتی‌و بنەماڵەچێتی‌و حیزبایەتی. ئەمەش مانای بەفیڕۆدانی زیاتری سەرچاوە داراییەكانە.
٤/ بێکاری وەرزی:
ئەمە جۆرەش هەروەک بەناوەكەیەوە دیارە دەكرێت لەوەرزێكدا كۆمەڵێك كارمەند بێكاربن‌و لەوەرزی داهاتوودا كاریان دەستبكەوێت.
٥/ بێکاری بونیادی:
ئەمجۆرە بێكاریە بۆ ماوەیەکی درێژخایەنەو زیاتر لەساڵێكە، هۆی سەرەكی ئەمجۆرە بێكاریە بریتیە لەچەقبەستووی كرێی كاری ڕاستەقینە، چەقبەستوی كرێی كار مانای ئەوەیە كرێ ناتوانێت هاوسەنگی نێوان خواست‌و خستنەڕووی كار بخوڵقێنێت.
لێکەوتە کۆمەڵایەتیەکانی بێکاری:
هێنانە پێشەوەی دەیان گرفت و کێشەی وەکو هەڵوەشاندنەوەو لێکترازانی خێزانی و شەڕی نەبڕاوەی نێوان ژن و پیاو کەزۆرینەی جاربەکوشتنی ژن وکێشەی گەورەی کۆمەڵایەتیەوە دێتەدەرەوە، نامۆبوونی کرێکاربەخۆی، خۆخواردنەوەو پیشخواردنەوەو بێتاقەتی، تەریک مانەوەو ترازانی لەناو نەسیجی کۆمەڵایەتی و پەیوەندییە خێزانی و خزمایەتیەکاندا، عەوداڵبوون بەدوای ماددەی هۆشبەرو سڕکەرەکاندا، کێشەو پشێوی نانەوە لەکۆمەڵگادا بەجۆرێک کەزۆربەیان
پەلکێش دەکات بۆکاری لومپنی، کۆچکردن و خۆکوشتن و ئاوارەبوون لەدەست نەهامەتی وچارەنووسی نادیاردا، لەدیاردە هەرە دزێۆترینەکانی دەردی بێکارییە. بێدەرامەتی کرێکار منداڵەکانی دەخاتە سەرجادەو بەم هۆیەوە منداڵ لەجیهانی منداڵانەی خۆی دەتۆرێنێت و بەم هۆیەوە دەکەوێتە ناوبازاڕی سەدان کارەساتەوە.
لێکەوتە سیاسیەکانی بێکاری:
زۆر جار زیادبوونی ڕێژەی بێکاری هۆکار دەبێت بۆ نائارامی سیاسی و تێکچوونی دۆخی ئاسایش و ئارامی ووڵات، چونکە تاک هەست بەبێبەشی و کەنارگیری خۆی دەکات لەچوارچێوەیووڵاتدا . ئەم جۆرە نائـومێدیە کەسیە سەر دەکێشت بۆ یاخی بوون، ڕوو بەڕووبوونەوەیکاربەدەستان و سیاسیەکان، باشترین نمونە شۆڕشی بەهاری عەرەبی ساڵانی ڕابوردوو بوو.. بێ ئاسۆبوون و نادیاری چارەنووس بۆژیانێکی باشتر ئیرادە تێک دەشکێنێت و بەم هۆیەشەوە پەنادەبات بۆفریادڕەسێک کەبتوانێت ڕزگاری بکات بەبێ ئەوەی کەبتوانێت بیربکاتەوە کەچۆن لەگەڵهاوچارەنووسەکانی تریدا بتوانن هەل ومەرجەکان بگۆڕن بەقازانجی خۆیان ، بەم هۆیەوە خۆی تەسلیم بەقەدەرێکی نادیار دەکات ودەکەوێتە داوی دەیان ڕابەری درۆینەوە..
دەرئەنجام:
لەئێستاداو لەم هەلومەرجەدا کەبازاڕی سەرمایەداری قورسایی گەورەی خستۆتە سەرشانی ملیۆنان بێکارەوە لەسەرئاستی عێراقدا، تەنها ڕێگاچارەی گونجاو، ڕێکخراوبوون و لەدەوری یەکتری کۆبوونەوەی خۆیانە، دروستکردنی ڕێکخراوی خۆیانە لەپێناوی گرێدانەوەی خۆیان بەیەکترییەوە بۆدروستکردنی فشاری گەورەی کۆمەڵایەتی بۆداسەپاندنی خواست وداخوازییەکانیان لەپێناوی ژیانێکی باشتر لەئێستایان..

Related posts

ئه‌و قه‌رزانه‌ی که‌ کرێکار هه‌یه‌تی لەلای خاوه‌نکار، مافێکی یاساییە و ئەبێ بدرێتەوە

Dangi Krekar

ڕاگەیاندنێک لە بڵاوکراوەی دەنگی کرێکارەوە بۆ سەرجەم کرێکاران

Dangi Krekar

پەیامی ڕیکخراوی کرێکارانی بیناسازی بەبۆنەی یەکی ئایارەوە

Dangi Krekar

Leave a Comment