سەروتار
با لەدژی نەدانی موچە وکەمی خزمەتگوزاریەکان و گرانی بەنزین و کارەبا
و باج گیری باحکومەت و کۆمپانیاکان.. یەکگرتوانە بێینە مەدانەوە
لەهەر گۆشەیەکەوە سەرنج لەدۆخی کارو ژیانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان بدەین، جگەلە
سەختی و نەهامەتی و دەردەسەری زیاتر، شتێکی تر نابینین. سەرباری بێکاری، ونەبونی و نائارامی و
دڵەراوکێی بەردەوام، نەدانی موچە وکەمی خزمەتگوزاریەکان، هاوڵاتیانی کوردستانی ڕووبەڕوی دۆخیکی
سەختی هەژاری و بێدەرەتانی کردۆتەوە. لەولاشەوە حکومەت و کۆمپانیاکان بۆ قازانجی خۆیان و کۆکردنەوەی
سەرمایەو داهات، ڕۆژانە، بازاڕی کاڵاو شومەک گران دەکەن، و باجوخەراجی زیاتر بەسەر خەڵکدا دادەسەپێنن.
گرانبونی نرخی بەنزین، کارەبا وخزمەتگوزاریە تەندروستیەکان، تادێت بارگرانی زیاتر لەسەر شانی خەڵکی
هەژارو کەم دەرامەت، زیاترو زیاتر دەکات. حکومەت و کابینەکەی لەگەڵ ئەوەدا کەموچەی کارمەندان دوادەخاو
ساڵانە دوو بۆ سێ مانگ موچە نادات، لەولاشەوە هیچ بەرپرسیارێتیەک لەئاستی ژیانی خەڵکدا لەخۆی نیشان
نادات، ئەمەش ئەو توانایەی لەهاوڵاتینی بڕیوە کەشەوێک بەئاسودەیی ڕۆژ بکەنەوە. بەڵام ئەم دۆخە بۆ وایە؟.
ئەگەر حکومەت وکۆمپانیاکان دەڵێن قەیرانمان هەیە و بەغداش موچە وشایستەداراییەکان نانرێت وبەهانە بۆ
ڕێکەوتنەکان دەهێنێتەوە، بۆیە دۆخەکە بەم جۆرەیە، ڕاست ناکەن، چونکە لەقوڵترین حاڵەتی بونی قەیران و ڕێک
نەکەوتنی بەغداو هەولێردا، بۆ یەک ساتیش نەبازاڕی قازانج پەرستی کۆمپانیاکان وەستاوە ونە مەسروفاتی
زەبەلاحی دامو دەزگاکانی حکومەت ومیدیاو بنکەو بارەگای حزبەکانی دەسەڵات کەمی کردوە!. بەدڵنیایەوە ئەوان
درۆ لەگەڵ خەڵک دەکەن هەتا لەم دۆخەی دایان سەپاندوە بەسەر ژیانییاندا ڕیزەکانی خەباتی جەماوەری
پارچەپارچەبکەن وهەژاری و نەدانی موچەو گرانی بکەنە چەکێک تا بێئۆمێدی بەسەرخەڵکی ناڕازیدا برەو
پێبدەن و بیرێک لە خەبات بۆ ڕوخانی دەسەڵات نەکەنەوە.
بەڵام دیوێكیتری ئەم دۆخە داسەپاوە، جێگاو ڕێگای ناڕەزایەتیەکانی ئەمڕۆی خەڵکی وکوردستان و ڕۆڵی
هەڵسوراوانی بزوتنەوەی جەماوەریە، کە لەحاڵەتی پەرشوبڵاویدان.
بەواتایەکیتر ئەگەر کرێکاران وکارمەندان وخەڵکی هەژارو نەبوی کوردستان، ئەگەر مامۆستایان وپیشەوەران
وسەرپەرستان و پزیشکانی خۆبەخش وهەمو ئەوانەی لەم دۆخەدا گیرۆدەن لەڕیزێکی یەکگرتوانەداو لەدەوری
داخوازیەکانیان لەئاستێکی سەراسەریدا بێنە مەیدانەوە، ئەوا دەتوانێت هاوکێشەکە پێچەوانە بکاتەوە وهۆکارێکی
ئاڵوگۆڕبەخش بۆ گۆڕانکاری لەم دۆخەدا بێنێتە مەیدانەوە. لەئێستدا کۆبوونەوە لەدەوری خواستەکانی وەک“پێدانی
موچە لەکاتی خۆیدا“، “زیاد بونی موچە وکرێی کرێکاران بەپێی گرانی بازار“، “ کار یان بیمەی بێکاری“،
“دامەزراندنی گەنجان و خۆبەخشان و وانەبێژان“، ”بەخۆڕایی کردنی خزمەتگوزاریەکانی پەروەردەو ڕێگاوبان و
خزمەتگوزاریی تەندروستی“، “باشکردنی دۆخی زانکۆکان“، ”دابین کردنی ئاوکارەبای ٢٤ کاتژمێر، بەنرخیکی
هەرزان“ وچەندین خواستی تر دەتوانیت لیستی ئەو داخوازیانە بێت کەلەهەموو ناوەندەکانی کار، کارگەو گەرەکو
بەڕێوەبەرایەتیەکان، بەرز بکرێتەوە و بکرێنە ئاڵای هاتنەمەیدانی جەماوەری ناڕازی بەم دۆخە وفشارەکانی
لەسەر حکومەت و کۆمپانیاکان توند بکاتەوە.
بێگومان لەم نێوەدا ڕۆڵی هەڵسوراوان و ڕابەرانی جەماوەری لە سەراسەری کردنەوەی ناڕەزایەتیەکان
ولێکگرێدانی بەشەناڕازیەکانی خەڵک وکۆکردنەوەیان لەلەیەک جوڵانەوەدا بۆ باشکردنی دۆخی کارو ژیان،
ڕۆڵێکی بڕیاردەرە. بەتایبەتی کەئەزمونی تائێستای خەباتی خەڵكی ناڕازی ئەوەی سەلماندوە کەناڕەزایەتی
پچڕپچڕ ولێرەو لەوێ ئەنجامێکی وای نەبوەو حکومەتو کۆمپانیاکان توانیویانە بەدانی بەلێنی درۆ ودەستی دەستی
پێکردن دای بمرکێنێتەوە وبەئەنجامێکی دڵخواز نەگەن. جا بۆئەوەی ناڕەزایەتیەکانی بەشەکانی خەڵک ئەزمونی
ڕابوردوو دوبارە نەکەنەوە، لەپێشدا دەبێت هەڵسوڕاوان وپێشڕەوانی جەماوەر خۆیان یەکگرتوو ڕێکخراوبکەن
لەئاست هەر ناوەندێکدا، دەبێ دەستەکانی ناڕەزایەتی پێک بهێنن و خۆیان یەکبخەن و ڕابەریەکی سەراسەری
لەئاست شارو شارۆچکەکان وناوەندەکانی کاردا دابمەزرێنن. لەپێشیانەوە ڕابەرانی کرێکاریی کەلەکارگەو ناوچە
پیشەسازیەکاندا کاردەکەن، لەوانە بواری نەوت وگاز، چیمنەتۆ مەوادی ژێر زەوی .. و ببنە پێشەنگی
ناڕەزایەتیەکانی بەشەکانی جەماوەر، بەدوای ئەوانیشدا هەڵسوراوانێک کەلە موچەخۆرو کارمەندی حکومەتو
کۆمپانیاکانن، دەستبخەنە ناودەستی یەکتر وبۆ هێنانە مەیدان جەماوەر دەستبەکاربن. ئەمە تەنها ڕێگای کردنەوەی
دەرگایە بۆ خەباتێکی سەراسەری جەماوەری کە دەسەڵاتو کۆمپانیاکان بخاتە ژێر کاریگەری خۆیەوەو هەنگاو
بەهەنگاو بۆ بەدیهێنانی نەک هەر ئەو خواستانەی کە باشبژێوی بەدواوی خۆیدا دێنی، بەڵکو کۆمەڵگای کوردستان
دەخاتە بەردەم ئاڵوگۆڕێکی ڕیشەییەوە. کەوایە با بۆ هێنانە مەیدانی جەمار لەدەوری خواستەکانمان دەستبەکاربێن.