Dangikrekar.com
ئەرشیڤ

گفتوگۆ لەگەڵ کرێکارێکی کارگەی چیمەنتۆی دەلتا

”ئەگەر یەکگرتوبین لەدەوری خواستەکانمان، ئەو کات مافەکان ئاسانتر بەدەست دێن“

گفتوگۆ لەگەڵ کرێکارێکی کارگەی چیمەنتۆی دەلتا

دەنگی کرێکار لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ کرێکارێکی پێشەسازی لەکارگەیەکی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ ئاوڕ لەکێشە هەنوکەییەکانی کرێکاران ودۆخی کارکردنیان دەداتەوە ودەیاندوێنی. بەهۆی ترس لەدەرکردن لەکارەکەی، نەمان ویست ناوی کرێکارەکە ئاشکرا بکەین:
دەنگی کرێکار: سەردەمانێك ساڵانە پرۆژە پیشەسازیەکان برێك قازانجیان دەدا بەکرێکاران ئەوە بەیاسا رێکخراوبو ئایە لەئێستادا هیچ پارەکتان دەدەنێ؟
کرێکارەکە: نەخێر هیچ پارەیەکی زیادەمان پێنادرێ. تەنانەت لێرە زیادکردنی موچە نییە. بەڵام لەوەیە ژێر بەژێر بۆ ئەوانەی واستەدەکەن یان هەڕەشەی هێز دەکەن زیادبکرێت. من وەک خودی خۆم کە تەجروبەی نزیکەی ٧ ساڵ کارم هەیە لەکۆمپانیادا جارێک داوای زیادکردنی موچەکەمم کرد تەنها بەڕێیان کردم و بۆم زیاد نەکرا. لەکاتێکدا ئیشەکەی من لەکۆمپانیایەکی دیکە شایستەی موچەی ١٠ گەڵایە.
دەنگی کرێکار: کاتێك لە یەکێك لەبەشەکانی کارگە کێشەیەك دوروست دەبێ یان کرێکاران داوایەکیان دەبێ، هیچ نوێنەرێکتان هەیە لەجیاتی هەموتان کێشە کەتان بەرێتە بەردەم ئیدارە تاچەرەسەی بکا یان وەڵامتان بداتەوە؟
کرێکارەکە: لەناو کارگە کرێکارەکان خۆیان یەکگرتوو نین هەربەشەو کار بۆ مەرامەکانی خۆی دەکات. نوێنەرێکی گشتیمان نییە ئەوەی هەیە گروپ گروپ نوێنەری خۆی هەیە و کار بۆهەندێکیان دەکرێ و هەندێکیشیان پشگوێ دەخرێن. بۆ نمونە بەشی تعبئە و بەشی قەپانەکان و تەجهیز لەیەک ڕۆژدا لەپشودابون ولەیەک ڕۆژیشدا بۆکار گەڕاونەتەوە، کەچی کۆمپانیا شایستەی دارایی زیاتری داوە بە بەشی تەعبئە وبەبەشەکەی تری نەداوە، چونکە ئەوان زمانێکی زبرتر لەگەڵ کۆمپانیا بەکاردێنن و پشتیان هەیە و نوێنەرەکەیان نزیکە لە بەشی ئیدارەوە.
دەنگی کرێکار: پەیامتان چییە بۆهاوچینەکانتان لەکوردستان بەشێکی زۆر لەکرێکاران زوڵمیان لێدەکرێ وپێویستیان بەهاوپشتی ئێوەشە بۆنمونە ژینگە پارێزەکان، کرێکارانی خزمەتگوزاری نەخۆشخانەکان. دەرچوانی دانەمەزراو ئە ورێگریان چین کە هەتا ئێستا لە هیچ پرۆژەیەکی پیشەسازی تەنانەت ئەگەر بەناوی دەستەیەك لە کرێکارانیشەوە بێت بە بەیاننامەیەکیش نەبینراوە .ئەمە لەکاتیکدایە کە سەدان هەزار کرێکار لە پرۆژە پیشەسازیەکان کاردەکەن؟ ئەم وەزعە بۆوایە؟
کرێکارەکە: پەیامی من ئەوەیە کەدەبێ سەرەتا لەخۆمانەوە دەست پێبکەین واتە یەکگرتووبین وهاوخەمیمان هەبێت بۆیەک، دڵسۆز بین و ڕاستگۆ بین لەگەڵ ویست وداخوازیەکانمان و لەم ڕێگایەشەو هەموو دەنگە ناڕازییەکانی کرێکاران لەدەوری کۆببینەوە. چونکە گرنگە ببینە یەک دەنگ و یەک هێز، ئەگەر یەکگرتوبین لەدەوری خواستەکانمان ئەو کات مافەکان ئاسانتر بەدەست دێن.

Related posts

جوتیارێکی ناوچەی تەق تەق لەکاتی کێڵانی زەوی کشتوکاڵی تراکتۆرەکەی وەردەگەڕێت و دەکەوێتە ژێریەووە

Dangi Krekar

” ماوەی ٥ ساڵە ئێمە زیاد لەپێویست کار دەکەین، بێ ئەوەی هیچ ئیزافەیەکمان بدەنێ“

admin

کارگەی گرین عێراق، ژمارەیەک کرێکار لەسەر کار دەردەکات! ڕوونکردنەوەیەک لە بڵاوکراوەی دەنگی کرێکارەوە

Dangi Krekar

Leave a Comment