بەدوای کوشتنی مەهسا ئەمینی لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، جارێکیتر شەپۆلێک لە ناڕەزایەتی و خرۆشانی جەماوەی شارەکانی ئێرانی گرتەوە، جەماوەری ناڕازی هەرلە کوردستانەوە تا تاران و ئەهواز وناوچەکانیتر، بەدروشمی “مەرگ بۆ دیدکتاتۆر”، “نەحیجاب ونە ڕوسەری، ئازادیو یەکسانی”، ڕژانە سەرشەقام ونێوەندی شارەکان وسەرنجی کۆمەڵگای بەشەری بۆلای خۆی ڕاکێشا.
ئەگەر چی مەرگی مەهسا ئەمینی کڵپەی ئاگری ناڕەزەیەتیەکانی ئەم ڕۆژانەی خەڵکی کرێکارو ستمەدیدەی شارەکانی ئێرانی هەڵایساندووە، بەڵام خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی ئەمدوایانە، لەدژی دۆخێکە کە کۆماری ئیسلامی چوار دەیەیە ژیانی کۆمەڵگای پێ لە قاڵبداوە، دۆخێک کەسەراپا سەرکوت وئینسان کوژی وزیندان و لە سێدارەدان و پایماڵ کردنی مافەکانی ژنان و ڕاگرتنی خەڵکی هەژارو برسیە کەلەبێکاریو گرانی و نەبوونیدا ژیان دەکەن. بەدڵنیایەوە کەلەکە بوونی ڕقو بێزاری وتوڕەیی لەدۆخێکی ئاوا سەختو بێ مافیدا ولەبەرامبەر ڕژێمێکدا کە هەڵاواردنی جنسی و کوشتوکوشتار و بێمافی پایەکانی بێت، جەماوەری بێبەشان ناچاردەکات لەدژی ڕاپەرن ودەنگی بێدادیان بەرز بکەنەوە.
کرێکارانی ئێران وڕێکخراوەکانی، کەساڵانێکی زۆرە بۆ خواستی باشکردنی هەلومەرجی کارو ژیانیان، لەدژی دەسەڵاتی سەرمایەدارانو کۆمپانیاکان لەمەیداندا بووە، ئەمڕۆ لەپاڵ مامۆستایان و خانەنشینان وکۆڵبەران وژنان ولاوانی ئازادیخوازدا، لەیەک سەنگەردا کۆبوونەتەوە وپێکەوە بۆ کۆتاییهێنان بەدەسەڵات جۆشی خەباتیان بزواندووە وئەمەش جێگای ئومێدێکی گەورەیە بۆ گۆڕانکاری شۆڕشگێرانە نەک هەر لەئێراندا، بەڵکو لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا، بەدڵنایەیەوە ڕوخانی ڕژێمی سەرمایە لەئیران وداڕمانی قەڵای کۆنەپەرستی لەناوچەکەدا بەقازانجی خەباتی کرێکارانو جەماوەری زەحمەت کێش دەشکیتەوە.
ئێمە وەک ستافی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار وێرای ئیدانەکردنی کوشتنی مەهسا ئەمینی ودەربڕینی هاوخەمی بۆ کەسوکارو ئازیزانی، هاوکات پشتیوانی خۆمان بۆ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی جەماوەری خرۆشاوی شارەکانی ئێران دەردەبڕین و لەکەناریاندا ڕادەوەستین. هاوکات داواش لەکرێکارانی کوردستان وخەڵکی ئازادیخواز دەکەین کە بەشێوەی گونجاوی خۆیان، بەدەربڕینی ناڕەزایەتی جەماوەریان پشگیری و پشتیوانی لەم جوڵانەوەیە بکەن.
سەرکەوێ جوڵانەوەی هەقخوازانەی خەڵكی ئێران.
پایەداربێت یەکیەتی و هاوپشتی کرێکاریی.
ستافی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار
٢٨/٩/٢٠٢٢
previous post