خ. سایە:
لەم مانگەدا حکومەتی هەرێم ڕەشنوسی یاسای کارێکی ناردە پەرلەمان بۆ دەنگدانو پەسەندکردنی. ئێستا لێژنەکانی مافی مرۆف وکاروباری کۆمەڵایەتی، خەریکی ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکن لەسەر ئەم ڕەشنوسی یاسایکارە ووەرگرتنی ڕای کەسان وڕێکخراوەکانی بورای کارو بەرهەمهێنان.
یەکێک لەولایەنانەی کەڕەشنوسەکە ئاماژەی پێدەکات کاری مناڵان ودیاریکردنی تەمەنی کارکردنە. ڕەشنوسەکە لەدوو شوێندا لەسەر ئەم بابەتە هەڵوسیتی وەرگرتوە:
یەکەم: لەبەشی سێهەمدا (بنەماو مافەبنەڕەتیەکان)دا، لەمادەی ٤دا خاڵێک هاتووە ودەڵێت:“بەکردار نەهێشتنی کارکردنی مناڵان“. دیارە ئەم خاڵە وەک بنەمایەک بۆ ڕەچاوکردنی مافە بنەڕەتیەکان هاتووە.
دووەم: لە لەماددەی شەشدا، بەم جۆرە تەمەنی کارکردن دیاریدەکات: ”نزمترین تەمەنی کارکردن لەهەرێمدا (١٥) پازدە ساڵی تەواوە“.
لەڕاستیدا ئەگەر ئەم ڕەشنوسی یاسای کارە بەم مادانەوە پەسەند بکرێ ئەوا هەم حکومەتو هەم پەرلەمان زوڵمێکی گەورە لەمناڵانی کوردستان دەکەن وبێدەربەستانە لەتەمەنێکی پێشوەختەدا دەیان خەنە بەرکارەوەو ژیانو جەستەیان بۆ قازانجی سەرمایەدارن دەچروسێننەوە. بەتایبەتی کاتێک کە ڕەشنوسەکە باس لە ”کارکردنی بەکردەوەی نەهیشتنی دیاردەی کاری مناڵان، وەک بنەمایەک دەکات نەک قەدەغەکردنی ڕاستەوخۆ وڕاشکاوانەی کاری مناڵان. واتە کاتێک بنەماکە ئەوەبێت کەکار بۆ نەهیشتنی کاری مناڵان بکرێت، ئەوا حکومەت ئەو دۆخەی کەئێستا لەکوردستاندا هەیە وهەزاران مناڵی خستۆتە بەرکاری دەستفرۆشی وبۆیاخچێتی وعەلاگە فرۆشی و کاری شاگردی وبەردەستیکردنەوە وەک خۆی دەهێڵێتەوە تا ئەوکاتەی حکومەت بەکردەوە هەنگاو بۆ نەهیشتنی دیاردەی کاری مناڵان هەڵدەگرێ!. ئەمەلەکاتێکدایە کە حکومەت خۆی هۆکاری ئەو گرانی و بیكاری وهەژاریەیە کەڕووی لەخیزانە کەمدەرامەتەکانی کوردستان کردووە وبەهۆیەوە مناڵانی ناچار بەکارکردن کردووە. ماددەکە لەگەڵ ئەوەدا کە بەڕاشکاوانە پێمان ناڵێت دەبێت کاری مناڵان قەدەغەبێ و هەر کەسێک، مناڵ بخاتە سەرکار ئەوا ڕووبەڕوی سزا دەکرێتەوە. هاوکات لەڕاستای نەهیشتنی ئەم دیاردەیەشدا هیچ میکانیزم وبەرنامەیەک ئاشکرا ناکات. بۆیە ڕەشنوسەکە لەسەر ئەو بنەمایە داڕێژراوە کە دۆخی ئیستای کاری مناڵان بهێلێتەوە وبیسپێرێت بە بەرنامەی حکومەت و وەزارەتەکانی، کەغەرقی گەندەڵی و ڕاوڕوتی هاوڵاتیانە.
لەمەش خراپتر کاتێک ڕەشنوسی یاسا کارەکەی حکومەت ١٥ ساڵی تەواو بۆ کاری مناڵان دیاری دەکات، دەیەوێت منالان لەسەرەتای نێوجەوانیدا لەخوێندن دەریان بهێنێ و بیان خاتە بەرکارەوە تا بەنرخێکی هەرزان کۆمپانیا وخاوەنکارەکان هێزی تازە گەشەکردویان بۆ قازانجپەرستیان بچروسێننەوە.
ئەم ماددەیە یەکجار زولم لەمناڵان دەکاو دەیەوێت چەوسانەوەی نێوجەوانان بکاتە یاسا، ئەویش لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کەمناڵان لەو تەمەنەدا هێشتا پێویستیان بە فێربون وکامڵ بوونی جەستەیی و عەقلیە، پێویستیان بەخوێندن ووەرزش و سەرگەرمیە، کاتێک کەلەم بوارانە دەردەکێشرێن ودەخرێنە بەرکارەوە، کەسایەتی و جەستەیان تێک دەچێ و تەمەنیان کەمو هوشیاری عەقڵیان لەدەستدەدەن. وەکوتریش ئەگەر واحساب بکەین کە مناڵان لەتەمەنی ٦ ساڵیەوە دەچنە قوتابخانەو ٦ ساڵی سەرەتایی دەخوێنن و ٦ ساڵی تریش لەناوەندیو ئامدەییدا تەمەن سەرف دەکەن وکۆی ئەم ساڵانەش دەبنە ١٨ ساڵی، ئەگەر لە١٥ ساڵیدا بخرێنە سەرکار، ئەوا حکومەت بەرپرسیارێتی لەدابینکردنی پیداویستیەکانی خوێندن و فێرکردن وسەرگەرمی مناڵان ونێوجەوانان دەدزێتەوە وبەبیانوی ئەوەی مناڵان بوون بەتەمەنی ١٥ ساڵی تەواو، ئیتر دەبێ بچنەسەرکار!!. .. ئەم ڕاستیانە پێمان دەڵێت کە ڕەشنوسی یاساکارەکەی حکومەت، لەدژی مناڵانە ومافی خوێندن وفێرکردنیان لێدەسەنێتەوە ولەتەمەنێکی پێشوەختەدا ژیانو جەستەیان دەخاتە نێو بازاڕی کارەوە و دەیان چەوسێنێتەوە.
بێگومان هەڵوێست و مامەڵەیەکی یاسایی ئاواش بەسە بۆ کرێکاران کە لەبەرەی داکۆکیکردن لەمافەکانی مناڵانەوە، ئەم یاسای کارە بەدژی کرێکاران بناسێنن وکاربکەن بۆ ڕەتکردنەوەی.. هاوکات قەدەغەی کاری مناڵان و دیاریکردنی تەمەنی کارکردن بە ١٨ ساڵی.. ئەو خواستەیە کەستەمی دەسەڵاتداران پێچەوانە دەکاتەوە.