Dangikrekar.com
گفتوگۆ

گفتوگۆی دەنگی کرێکار لەگەڵ یەکێك لە کرێکارانی کوپنیای نەوتی باکور(شرکة نفط الشمال)

دەنگی کرێکار/ سڵاوت لێبێت وئەمکاتەت باش ،سەرەتا ئەوەبڵێم ئێمە خۆشحاڵێن کە ئەم فرسەتەت دا پێمان لەگەڵ بەرێزتان لەسەر بارودۆخی کاروژیانی کرێکاران لە وکومپانیایەی بەرێزتان گفتوگۆیەك بکەین ،ئێمە پێمان گرنگە بزانین هەلومەرجی کارتان چۆنە ،موچەوحەقدەستەکانتان چۆنە وئەوخزمەتگوزاریانەی کە هەتانە چۆنە،دەنگی کرێکار ئیتر خۆی لەخۆیدا رۆشنە ئەم بڵاو کراوەیە یەکێك لە تایبەتمەندیەکانی ئەوەیە کە مینبەرێکە بۆکرێکاران تیدا دەتوانن هەر بابەتێك پەیوەندیدار بێت بە کاروژیانیانەوە قسەی لەسەربکەن رای گشتی لەسەر دورست بکەن و هەوڵێش بدەن جۆرێك لە هاوپشتی لەنێوخۆتانو کرێکارانی دیکە لە سەرئاستی عێراق ودنیاش دورستبکەن.
هەڵبەت ئەوەش بزانە ئێمە هەوڵئەدەین کە کرێکاران ژیانیان باشتر بێت بۆیە هەرکرێکارێك کە قسەمان لەگەڵ کردووە دڵنیاییمان پێداوە کە گشت زانیاریەك کە پێمان دەدا ولەرێگای هەرکرێکارێکەوە بێت مەگەر خۆی بیەوێت ئەگەر نا ناوی نایەت ،بۆیە ئێمەش ئیختیار دەدەینە دەست بەرێزتان ئەگەر بتانەوێت دەقی ئەم گفتوگۆیە بەناو وێنەی خۆتەوە بڵاو دەکەینەوە ئەگرێش رازی نابن ناوت نایات .
کرێکارەکە/دەستان خۆش بەراستی ئێوە جیاوازن ،کەناڵی واهەیە بەس دەیەوێت خوێنەرو بێنەر بۆخۆی زیاد کا،کەواتە باجارێ قسە بکەین ،دوای بریاری لێدەدەم ،چۆن بڵاوی بکەنەوە من لێتان تێدەگەم.
دەنگی کرێکار/دەمەوێت بەم پرسیارە دەست پێبکەم ،ئێوە چەند ساڵە لە شەریکەی نەوتی شیمال کاردەکەن؟
کرێکارەکە/سەرەتا زۆر بەخێرهاتن، خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم کە لێدوان بۆ ئێوەی بەڕێز ئەدەم، بێگومان رازی بوونم بەم چاوپێکەوتنە لەگەل جەنابتان و لێدوان دان بۆتان بەهۆی چالاکیاکییەکانی ڕابردووتان و پشتگیری هەمیشەیتانە بۆ کرێکاران، ناوتان بەخۆتانەوەیە و دەنگی کرێکارانن و چینی زەحمەتکێشن،دووبارە بەخێرهاتنەوە، من نزیکەی حەوت ساڵ دەبیت لەم کۆمپانیایە کاردەکەم لە کاتی هەڵکەندنی بیرەکانەوە تاوەکو ئێستا کە بەرهەمێنان دەکرێت تیایاندا.
دەنگی کرێکار/مەعلومە کە کومپانیایەکی ئاوها گەورە پێویستی بە ژمارەیەکی زۆر لە کرێکارە ،کرێکاری نەوێیش دەبێ شارەزابن ،یەعنی دەبێ کرێکارانی نەوت یان دەرچوی پەیمانگایەکی تایبەت بە نەوت بن وەیا شەریکە خۆی دەوراتیان بوبکاتەوە و شارەزایی پەیداکەن ئینجا بیان خاتە سەرئەوکاری تیدا شارەزان وایە ؟ کەواتە دەکرێ پێمان بڵێت ،بەشە جۆراجۆرەکانی کومپانیا کامانەن ؟مەسەلەن وەك بەشی هەڵکەندن کە بەشێکی سەرەکیە ؟
کرێکارەکە/. بەڵێ ئەرکی کۆمپانیایە دەورە و ڕاهێنان لە بوارەکانی سەیفتی و سەلامەتیدا بکاتەوە پێش ئەوەی بایەخ بەلایەنی تەکنیکی کرێکاران بات چونکە ژیانی مرۆڤەکان لەپێش ترە تاوەکو ئامێرەکان!
دەنگی کرێکار/زۆرباشە ئەگەر بکرێت لەسەر چۆنیەتی بەهەمهێناو بەشەگرنگەکانی کارگە قسەمان بۆبکەێت وشێوەی کارتان چۆنە؟
کرێکارەکە/پاش کرداری کنە و پشکنین کۆمپانیای وێسترن زاگرۆسی کەنەدی لە ڕێگای کۆمپانیا چینیەکانەوە دەستیان کرد بە هەڵکەندنی بیری یەکەم لە بلۆکی گەرمیان. پاش ماوەیەک بەرهەم هێنان کۆمپانیای ناوبراو نیوەی پشکەکانی بلۆکە نەوتیەکەی بە کۆمپانیای گازپرۆمی رووسی فرۆشتەوە، لە راستیدا بەشە گرنگ و سەرەکێکە پرۆدەکشن و پرۆسێس کردنی نەوەتە خاوەکەیە نەک هەڵکەندن کە پرۆسەیەکی کاتی یە و هەر بیرێک پێویستی بە نزیکەی هەشت مانگێک دەبێت و پاشان هەموو ستافی هەڵکەندن بێ کار دەبن تا هەڵکەندی بیرێکی تر! بە کورتی چوار قۆناغی گرنگ هەیە لە مەجالی نەوت و گازدا یەکەم کنە و پشکنین کە تەواو بووە لە ناوچەی گەرمیاندا، دووەم هەڵکەندنی بیرەکان، سێیەم بەرهەمهێنان و انتاج کردن و چوارەم پاڵاوتنی نەوتە خاوەکە!
دەنگی کرێکار/دەزانن کۆی گشتی کرێکارو ئیداری و فەرمانبەرانی شەریکەی نەوت چەندە؟
کرێکارەکە/لەڕاستیدا قورسە بتوانم وەلامی ئەم پرسیارە بەمەوە و هیچ داتایەکەم لانی یە و ئەم جۆرە زانیاریانە کە وەڵامی لای بەڕێوەبەران و ئەندازیارانی کۆمپانیایە، بەڵام دەتوانین کۆی گشتی کارگەران بە ٣٠٠ کەس یان زیاتر بخەمڵێنین! ،
دەنگی کرێکار/ چەند شەفت کاردەکرێ ؟تەنها دەتوانیت لەسەر شەفتەکەی خۆت قسەمان بۆبکەیت هەفتانە چەند سەعات کاردەکەیت؟ مانگانە چەند رۆژ پشوت هەیە؟ ئایە لەپشوە رەسمیە کاندا کار دەکەن؟ ئەگەر کارتان کرد زیادە دەچێتە سەرموچەکانتان؟
کرێکارەکە/هەندیک کارگەر تەنها بە شەفتی ڕۆژ کاردەکەن و هەندێکی تر دوو شەفت کاردەکەین، گرووپی یەکەمی کارگەران فول تایم دەوام دەکەن و پشوەکانیان لەگەل پشووی فەرمانگەکانی حوکومەتی هەرێمە. هەرچی گرووپی دووەمە مانگانە دوو هەفتە پشوون و دوو هەفتەش لە دەوام بێ گوێدانە پشووە رەسمیەکان و جەژنەکان و سەری سال و نەورۆز.رۆژانە ١٢ سەعات کاردەکەن تەنها یەک سەعات کاتی پشومان هەیە بۆ خەوتن و خواردن ، هەفتەی یەکەم شەفتی رۆژ و هەفتەی دووەم شەفتی شەو، بۆ ئەو کرێکارانەی شوێنیان دوورە کۆمپانیا شوێنی خەو و مانەوەیان دابین دەکات لەگەل خواردنی ژەمەکان، گەر باک تو باکەکەت نەخۆش بیت دەبی لە شوێنی بێتەوە بە موچەی دوو قات بەلام ئەم رێسایە تەنها بۆ ئەو کرێکارانەیە کە لە بەشی بەرهەمێنان کاردەکەن، بەشەکانی تری وەک کۆنسترەکشن و سەلامەتی و ئای تی و کۆمەلایەتی بەهەمان مووچەی رۆژانەی خۆیان دێنەوە بێ زیاد کردن..
دەنگی کرێکار/زۆرباشە دەمەوێ بزانم لانی کەمی موچە یەعنی کەمترین موچە لای ئێوە چەندە؟ وزۆرترێنی چەندە؟
کرێکارەکە/کەمترین مووچەمان وەکو کریکار لە ٤٥٠ دۆلارەوە دەستپیدەکات و زۆرترین موچەمان ٧٠٠ دۆلارە! ،
دەنگی کرێکار/دواپرسیار ئایە سەرەکی ترین خواستی ئێوە چییە ؟ دەنگی ئەوە هەبو گشت ئەوکرێکارانەی کە بەگرێبەست کاردەکەن بکرێنە داییمی تاچەند ئەوهەواڵە راستە؟ئایە کرێکارانی نەوت هیچ رێکخراوێك نەقابەیەکیان هەیە کە لەکاتی کێشەکانیان بچەنە ئیدارەو لەلەگەڵ دائیرە قسەبکەن ؟ یان نا
کرێکارەکە/هیوامان وایە کۆمپانیاکان زیاتر گرنگی بە لایەنی سەلامەتی و ژیانی کرێکارەکان بدات،لە ڕاستیدا شتی وا لە هیچ کۆمپانیایەکی نەوت دا نی یە کە کرێکار و کارمەندەکانیان بکەن بە دایمی، چونکە کۆمپانیاکان تاوەکو ئەو کاتەی نەوت لەکێڵگەکەدا هەبێ کاردەکەن و گرێبەستەکانیان بۆ نوێ دەکەنەوە، پاش نەمانی نەوت لە کێڵگەکەدا کۆمپانیا دەتوانێ بە ئارەزووی خۆی کارمەندە پڕ ئەزموون و بەهرەدارەکان لەگەل خۆی بەرێت بۆ کێلگەیەکی نەوتی تر لەگەل خۆیاندا
دەنگی کرێکار/زۆر سوپاستان دەکەین سەرکەوتوبن

Related posts

لەمێزگردێکدا، هاوکارانی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار، پرسەکانی کرێکاران دەخەنەبەرباسەوە.

Dangi Krekar

کرێکارێکی گەنجێک بەهۆی تەزووی کارەباییەوە گیانی لەدەستدا

Dangi Krekar

“لەم پڕۆژەیەدا، مەرجەکانی سەلامەتی کار نییە” گفتوگۆ لەگەڵ یادگار عەلی، کرێکاری پڕۆژەیەکی بیناسازی

Dangi Krekar

Leave a Comment