کرێکارانی کوردستان لەئایاری ئەمساڵدا، بۆ باشکردنی دۆخی کار و ژیانیان، داخوازیەکانیان بەڕووی دەسەڵاتداراندا دەدەنەوە وڕایانگەیاند:
لەیەکی ئایاری ئەمساڵدا کرێکارانی کوردستان، وەک باقی ولاتانی تر، ئەم ڕۆژەیان کردە نمایشی چینایەتی ودەربڕینی ناڕەزایەتی بەڕوی دەسەڵاتداران و نیزامێکدا، کەئەوانی لەدۆخێکی سەختی کارو بژێویدا ڕاگرتوە. هاوکات کرێکاران بەجموجۆڵەکانی خۆیان، بەڕێپێوان و گردبونەوەو مەڕاسیم وچالاکیەکانیان، لەشارەکانی هەولێرو سلێمانی ودهۆک بەمارش وڕێپێوانە کرێکاریەکان، لەجیهاندا پەیوەست بوون.
لەمەش زیاتر کرێکارانی کوردستان لەئایاری ئەم ساڵدا، بەبەرزکردنەوە دروشمەکانی:“ دەبی کارەکانمان بژێویمان دابین کات، نەک بمانکاتە قوربانی“، “بەسیەتی گرانیو بێکاری، بەسیەتی ستەم و بێمافی“ و بەڕاگەیاندنی لائیحەی داخوازیەکانیان، ڕەخنەی چینایەتی خۆیان بەرامبەر بەچینی دەسەڵاتدارو خاوەن کۆمپانیاکان ڕاگەیاند. ئەمەش ئەو ڕاستیە بەرجەستە دەکاتەوە کە مەسەلەی ”نان و کار ومەعیشەت“، و هەوڵ و تێکۆشانی کرێکاران بۆ باشکردنی دۆخی کارو ژیان، یەکێک لەنەبەردەکانی ڕووبەڕوبونەوەی ئەم چینەیە لەبەرامبەر سەرمایەداران و دەسەڵاتەکەیاندا. هاوکات مەیدانیکێشە بۆ یەکگرتوویی ڕیزەکانی کرێکاران وچونەسەری ئاستی هوشیاریی و سەرەنجام بەدەستهێنانی هێزێكی گەورەی کۆمەڵایەتی، کەبتوانێ هاوکێشەی هێز بەقازانجی ئاڵوگۆڕی ڕێشەیی لەدۆخی ئێستادا، بەدەست بهێنی.
تەنانەت ئەگەر سەرنجی لائیحەی داخوازیەکانی ئایاری ئەمساڵ و ئەو یاداشتنامانەی خراونەتەڕوو، بدەین ئەوا بەڕۆشنی دەبینین کەکرێکارانی کوردستان بەپێی هێزوتوانای ئێستایان، بەدیلێکی تریان لەبەرامبەر ئەو یاسای کارەدا گەڵاڵەکردۆتەوە، کەحکومەت وپەرلەمانی کوردستان، لەدەرەوەی نوێنەرانی کرێکاران و بۆ بەرژەوەندی کۆمپانیاکان تێیان پەڕاندووە. ئەم هەنگاوەش نەک هەرنابێ بەفەرامۆشی بسپێردرێت، بەڵکو دەبێ وەک دەستکەوت وپێگەیەک بۆ ڕێکخراوبوون و لێک هەڵپێکانی ناڕەزایەتیەکانی کرێکاران لەبەشە جیاجیاکاندا، بەدەستەوە بگیرێت ولەلایەن ڕابەران و هەڵسوڕاوانی کرێکاریەوە وەک بنەمایە بۆ سەراسەری کردنەوەو هێنانەمەیدانی بزوتنەوەیەکی یەکپارچەی کرێکاریی بیخەنە دەستوری خۆیانەوە.
ئایاری ئەمساڵ سەلماندی کەچینی کرێکار نەک هەر چێنێکی ناڕازییە، بەڵکو بەرامبەر بەودۆخەی کە سەرمایەداران بەسەریاندا دایان سەپاندووە، کەوتۆتە جوڵەو خەریەکە ئەو بێ هیوایی و پەرتەوازەییەی کە چین و توێژە ناڕازیەکانی کۆمەلگا تێیکەوتون، تێدەپەڕێنی. ئەمەش لەفەزای سیاسی وکۆمەڵایەتی کوردستاندا، لەدۆخێکدا کە قەیرانی ئابوری و حکومەتی یەخەی بەدەسەڵاتدارن گرتووە، خاڵێکی ئومێد بەخشە، بەڕادەی ئەوەی کە ئەگەر کرێکارانی کوردستان، لەخەبات بۆ باشکردنی دۆخی کارو ژیانیاندا بەهەرئاستێک سەرکەوتن بەدەست بهێنن وبەهەر ئاستێک خواستەکانیان بەسەر خاوەنکارو کۆمپانیاکاندا داسەپێنن، ئەوا گڕوتین وهێزی ئەوەش بەدەست دێنن کەهەم زەحمەتکێشان وبەشە ناڕازیەکانی کۆمەڵگا بۆلای خۆیان ڕاکێشن وهەم کۆمەڵگای کوردستانیش بخنە بەردەم دەورەیەکی شۆڕشگێرانەی واوە کە ئاڵوگۆڕی ڕێشەیی بەدوای خۆیدا بهێنێ.
کەوایە با دەستەکەوتەکانی ئایاری ئەمساڵ بپارێزین، با هەڵسوراوان وڕابەرانی کرێکاریی لەدەوری یەک کۆببنەوەو ئاڵای باشبژێوی وگۆڕانکاریی لەدۆخی کارو ژیانی کرێکاراندا، بەدەستەوەبگرن وبۆ ڕێکخراوبون ویەکگرتووی بەشەکانی کرێکاران تێبکۆشن. با بەدستبردن بۆ کۆبوونەوەگشتیەکان لەناوەندی کارو گەڕەکەکاندا وهەڵبژاردنی نوێنەرانی کرێکاریی بۆ داسەپاندنی داخوازیەکانمان دەستبەکاربین. کرێکاران هیچ ڕێگایەکی تریان لەبەردەم نیە جگەلە پشت بەستن بەهیزی خۆیان وبەڕیزی یەکگرتوو سەربەخۆیی چینایەتیان.