| شاباز محمود
پایامنیری دەنگی کرێکار
بەمەبەستی گێڕاندنەوەی ١٤ کرێکاری لەسەر کار دەرکراو، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کارگەی گرین عێراقەوە، ڕۆژی ٢٣/٥/٢٠٢٣، وەفدێك کە پێكهاتبوو لە وەستامەهدی سەرنوسەری بڵاوکراوەی دەنگی کرێکارو شاباز مەحمود لە گروپی دەنگی کرێکارو وەستا مستەفا سکرتێری ڕێکخراوی کرێکارانی بیناسازی لە کوردستان ومیرکۆ محمد احمد نوێنەری ١٤کرێکارکەی گرێن عێراق، لەگەڵ وەزیری کار، “کویستان محمەد” لەشاری هەولێر کۆبوونەوە. لەم کۆبوونەوەیەدا تیمەکەی دەنگی کرێکار جگەلە کەیسی کرێکارانی لەسەردەکراو، لەبارەی کێشەی کرێکارانی نەخۆشخانەی “شەهید شەوکەت” لەقەزای سەیدسادق کەژمارەیان ٢٩ کرێکارەو ماوەی ٦ مانگ دەبێت موچەیان پێنەدراوە، قسەوباسیانکرد.
لەبەرامبەردا وەزیری کار وتی:” گێڕاندنەوەی ئەو کرێکارانە لەدەسەڵاتی ئێمەدا نییە و پێویستە دادگا بڕیار بدات، بەڵام وەزیری کار بەڕێوەبەری هۆبەی کاری سلێمانی ڕاسپارد کە ڕاستەخۆ لایەنە قانونیەکەی بگرنە ئەستۆو باشرتین پارێزەر بۆ ئەو کەیسە تەرخان بکەن و پێویستە بگەڕێنرێنەوە سەرکارەکانیان”.
سەبارەت بە موچە دواکەوتوەکانی کرێکارانی نەخۆشخانەی شەهید شەوکەتیش بەتەلەفون لەگەڵ بەپرسێکی باڵای وەزارەتی تەندورستی قسەی کردو پێی ڕاگەیاند کەبەنوسراوێك ئەنجومەنی وەزیران ئاگاداربکەنەوەو ئەو موچانەی کە دەکەونەی چوارچێوەی جێبەجێ کردنی ڕاستەخۆ(تەنفیز موباشر) سەرف بکرێن. هاوکات لە پەراوێزی وتووێژی وەفدەکەو وەزیری کاردا وەستا مەهدی داوای لەوەزیری کار کرد کێشەی دواخستنی موچەی کرێکارانی ژنیگە پارێز لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی باس بکەن و بیانوی کومپانیاکان ببڕن لەوەی کە موچەی کرێکاران بەبارمتە بگرن هەتا ئەوکاتەی حوکمەت سلفەیان پێدەدا… لەکۆتاییدا وەزیری کار “کویستان محەمەد” سوپاسی تیمەکەی کرد بۆ گەیاندنی کیشەی کرێکاران وئامادەیی هاوکاری دەربڕی بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ هەر کێشيەک کەدەگەیەندرێتە لای ئەو..