Dangikrekar.com
هەواڵ

کرێکاران ئاگادار بن!

کرێکاران ئاگادار بن!

مافی خانەنشینی و دەستەبەری بەخشیش نییە، بەرهەمی ڕەنجی خۆتانە!

کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، کەتێیدا باسی چاکسازییەکانی بواری خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێکاران و دیاریکردنی کەمترین مووچەی خانەنشینی بۆ کەرتی تایبەت دەکرێت، پێویستە بۆ ئێمەی کرێکاران زەنگێکی ئاگادارکردنەوەی خێرا بێت، نەک تەنها وەک مژدەیەکی سەر کاغەز.

هاوڕێیانی کرێکار!

یاساو بڕیارەکان هەرچییەک بن، هەتا خۆت بەپەلە بەدواداچوون نەکەیت و یەخەی بەڕێوەبەرایەتی کار نەگریت، خاوەنکاری چاوچنۆک ڕەنجت پێدەفرۆشێتەوە. خانەنشینی، گێڕاندنەوەی ئەو خوێنەیە کە لەڕێگەی عارەقەو ماندووبوونی تۆوە بووە بە ئاو.. ئەوە سەرمایەی پیریی خۆت و منداڵەکانتە کەدەبێت ئێستا بەرگری لێبکەیت. بۆ ئەوەی ماندووبوونی چەندین ساڵەت نەچێتە گیرفانی خاوەنکارەوە،…

دەبێت هەر ئێستا ئەم فێڵ و تەڵە گەورانەت بۆ ئاشکرا ببێت و بەپەلە ڕێکاری یاسایی بگریتە بەر:

یەکەم: فێڵی خواردنی ساڵانی کارت، چەندین ساڵە کار دەکەیت و لەسەر کاغەز بەچەند ساڵ بۆت دەنووسن؟

کرێکار هەیە چەند ساڵێکە یان ٥ بۆ ٦ ساڵ، یان زیاتر لە ١٠ ساڵە لە ناو کارگەیەک یان کۆمپانیایەکدا بەردەوام کار دەکات و تەمەنی خۆی تێدا بەسەر بردووە. پێشتر خاوەنکار ئەوەندەی بۆی کرابێت دەستەبەری نەکردووە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا لەترسی کەشفبوون و سزای یاسایی، هاتووە ناوی تۆی داوە بەفەرمانگەی ضمان و تۆی بەفەرمی چەسپاندووە لەبەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بەلام فێڵەکە لەوەدایە، تازە بەتازە لەمیدیاکان و لەلای لیژنەکانیش پۆزی ئەوە لێدەدات کەمافی کرێکار دەپارێزێت و دەستەبەری کردوون! بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە بەم کارە هەم پۆزی مرۆڤدۆستی لێدەدات، هەم بەفەرمی و دزییەوە پارەی ئەو هەموو ساڵە خزمەتەی پێشووت لێدەخوات و نەیداوە بەدەوڵەت.

ئەی ئەرکی تۆ چییە؟

هەر ئێستا بزانە خاوەنکارەکەت لەچ ڕۆژ و مانگ و ساڵێکەوە ناوی تۆی لەضماندا نووسیوە؟ هەرگیز مەهێڵە یەک ڕۆژیشت لێببات.. مافی خۆتە و هیلاک و ماندوو دەبیت، دەبێت نەهێڵیت لەسەر خوێن بوون بەئاوی خۆت، چارەنوست وێران بکرێت.

دووەم: تەڵەی سێ مانگی تێست و ئەفسانەی کرێکاری ڕۆژانە

خاوەنکاران بەناوی تێستکردنەوە فێڵێکی گەورە دەکەن، پێت دەڵێن ٣ مانگ بەتاقیکردنەوە کار بکە، بەڵام لەم ماوەیەدا نەکۆنتراکتت پێدەدەن و نەدەستەبەریی (ضمان)ت بۆ دەکەن، یان دەڵێن تۆ کرێکاری ڕۆژانەیت و ضمان ناتگرێتەوە! بەڵام لەیاسای کاردا شتێک نییە بەناوی کرێکاری ڕۆژانەوە (کەبێبەش بێت لە ماف). بەپێی یاسا، ڕاستە خاوەنکار مافی هەیە هەتا ٣ مانگ تۆ تێست بکات، بەڵام دەبێت لەیەکەم ڕۆژی چوونە سەر کارتەوە هەم کۆنتراکتی کارت پێبدات و هەم ناوت لەضماندا تۆمار بکات. ئەو سێ مانگەی تێستیش بەشێکە لەخزمەتی یاسایی تۆو دەبێت هەژمار بکرێت.

سێیەم: فێڵی مووچەی بنەڕەتی، تەڵەی کەمکردنەوەی مووچەی خانەنشینی

تۆ لەکارگەیەکدا بە ٦٠٠ هەزار یان ٧٠٠ هەزار دینار کار دەکەیت، بەڵام خاوەنکار لەکۆنتراکتەکەتدا بەناوی مووچەی بنەڕەتییەوە تەنها ٣٥٠ هەزار یان ٤٠٠ هەزاری نووسیوەو لەسەر ئەو بڕە کەمە دەستەبەریی (ضمان) بۆ کردوویت! بۆچی ئەمە دەکات؟ بۆ ئەوەی پشکی (١٢٪)ی خۆی کەدەبێت ئەو بیدات بەدەستەبەری، کەمبکاتەوە. بەڵام لەڕاستیدا و لەباری یاساییەوە، جیاکردنەوەی مووچە بەناوی مووچەی بنەڕەتییەوە لەکەرتی تایبەتدا نایاساییە! دەبێت کۆی گشتی ئەو مووچەیەی لەسەر ئەرز وەریدەگریت بنووسرێت و لەسەر بنەمای کۆی گشتی مووچەکەت دەستەبەر (ضمان) بکرێیت، چونکە سبەی مووچەی خانەنشینییەکەت لەسەر ئەمە هەژمار دەکرێت.

چوارەم: کۆنتراکتی کار چەکی دەستی تۆیە، بەڵام خاوەنکار دەیگۆڕێت

کۆنتراکتی کار گرنگترین بەڵگەی یاسایی تۆیە. بەپێی یاسایکاری بەرکار لەهەرێمی کوردستان، خاوەنکار ناچارە ٣ نسخە لەکۆنتراکتی کار ئامادە بکات: (دانەیەک لەلای خۆی، دانەیەک بۆ فەرمانگەی دەستەبەری و سێیەم نوسخەش مافی فەرمی تۆی کرێکارەو دەبێت لەدەستی خۆتدا بێت). ئەگەر نوسخەی خۆت وەرنەگرتووە، هەر ئێستا داوای بکە.

بانگەوازێکی پێویست!

چاکسازی ڕاستەقینە ئیرادەی حکومەتی دەوێت، نەک دروشمی سەر کاغەز!

ئێستا کێشەکە ڕوونە! ئەگەر حکومەت و دەسەڵاتی سیاسی بەڕاستی دەیانەوێت چاکسازی بکەن و تەنها بۆ ڕیکلامی میدیایی ئەم بڕیارانە نادەن، دەبێت ئەم بێدەنگی و چاوپۆشینە سیستەماتیكەی سەرۆکایەتی حکومەت و وەزارەتی کار کۆتایی پێبێت. کێشەکە فەرمانبەری پشت مێزەکان نییە، بەڵکو نەبوونی ئیرادەی جددی دەسەڵاتە بۆ ناچارکردنی کۆمپانیا زەبەلاحەکان و خاوەنکارە دەستڕۆیشتووەکان کەپابەندی یاساکان بن. پێویستە لیژنەکانی پشکنین پڕچەک بکرێن بەدەسەڵاتی یاسایی ڕەهاوە بۆ ئەوەی بەبێجیاوازی سەرلەبەری کارگەکان، کۆمپانیاکان، مۆڵەکان و مارکێتەکان بپشکنن و نەک تەنها ئیجرائاتی یاسایی تەوا کەماڵ بکەن، بەڵکو دەبێت حکومەت بەجۆرێکی وەها بێتە دەنگ، کەکرێکارانی شاراوەی ناو کار، یانی ئەو کرێکارانەی کەدەشاردرێنەوە لەبەرچاوی لیژنەی پشکنینەکاندا، کەشف بکرێن و بهێنرێنە دەرەوە.

واقیع نیشانیدەدات کەبەشی هەرە زۆری کرێکاران لەم وڵاتەدا، هەم فێڵیان لێکراوە لەمێژووی دەستەبەرییەکەیان و ساڵانی خزمەتیان بۆ نەنووسراوە، هەم ڕێژەیەکی یەکجار زۆریان بەتەواوی بێبەشکراون لەدەستەبەری و لەدەرەوەی یاسادا کار دەکەن. مۆڵ و مارکێتە گەورەکان نموونەیەکن لەکاری دەرەوەی یاسایکار کەبوونەتە مەیدانی چەوساندنەوەی بێبەزەییانە، کەمترین مووچەی کرێکار بەپێی یاسای بەرکار نابێت لە ٤٥٠ هەزار دینار کەمتر بێت، بەڵام لەژێر سایەی بێدەنگی حکومەتدا، کچ و کوڕی گەنجی ئەم وڵاتە بە ١٢ کاتژمێر کار لەڕۆژێکدا، بەمووچەی زۆر کەمتر لەوە دەچەوسێنرێنەوەو دەستەبەریشیان بۆ ناکرێت. ئەمە تاڵانکارییەکی سیستەماتیكە نەک وەبەرھێنان! ئەرکی دەسەڵاتە کەسەرپێچیکاران بەتوندی سزا بدات و میکانیزمێک دابنێت بۆ بەدواداچوونەکان و لانیکەم ئاوڕێک بداتەوە لەم کۆیلەکارییەی کە بەکرێکاران دەکرێت.

Related posts

مانگرتنێکی مێژوویی لە کارگەی فۆرد بۆ دروستکردنی ئۆتۆمبێل لە شاری کۆلن لە ئەڵمانیا

Dangi Krekar

Support for Kurdistan teachers

Dangi Krekar

رۆژنامە ی دە نگی کرێکار هاوپشتی کرێکاران دە کات

Dangi Krekar

Leave a Comment