لەپەیوەند بەدۆخی کرێکارانی کارگەی گرین عێراق و داواکانیانەوە، سەرنوسەری دەنگی کرێکار، نامەیەکی ئاراستەی وەزیری کارکرد!
| دەنگی کرێکار
لەبەدواداچونێکی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکارو وەرگرتنی کۆکردنەوەی ئەو هەواڵانەی کەباس لەدۆخی خراپی کرێکارانی گرین عێراق ئەکات، سەرنوسەری بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار، لەنامەیەکدا ڕپۆرتێکی ئاراستەی وەزیری کارو کاروباری حکومەتی هەرێمی کوردستان کردو داوای لێکرد کەبەجدیەوە ئاوڕ لەدۆخی کرێکارانی کارگەی ناوبراو بداتەوەو لەڕاستای ئەو دۆخەدا هەنگاوی بەکردەوە هەڵبگرێ وهاوکاتیش کارێک بکات بۆ گێڕاندنەوەی ماف و داواکانی کرێکاران. ئەمەی خوارەوە کورتەیەکە لەو نامەیە:
بەڕێز وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی
دوای سڵاوو ڕێزمان…
بابەت:ڕاپۆرتێک دەربارەی دۆخی کرێکارانی گرین عێراق
کارگەی گرین عێراق دەکەوێتە نزیك گوندی کانی شەیتانی سەربەقەزای بازیان ویەكێکە لەو کارگانەی کە وەبەرهێنان لەهەرێمی کوردستاندا دەکات و خاوەنی ئیمتیازە لەلایەن کۆمپانیای بەناوی
“بی بی سی کۆ” ی ئەمریکی.. ئەم کۆمپانیایە نزیکەی دوو هەزار کرێکار لەبەشە جیاجیاکانیدا کارئەکەن و جگەلەوەی زۆربەی کرێکارەکانی کارگەکە خۆی وەریگرتوون و بەرپرسیارێتیان بەپێی یاسا هەڵدەگرێت، هاوکاتیش ڕێگەی بەکۆمپانیایەك داوە کەتەنها دەستیکاری بۆ دەستەربەربکات بەپێی ڕێککەوتنێک کەلەنێوان بەڕێوەبەرایەتی کارگەی گرین عێراق وئەو کومپانیایەدا کراوە کە ناوی “ڕێد لیڤزە”، تەواوی بەرپرسیارێتی ئەو کرێکارانە کە لەڕێگای ڕێدلیفزەوە دەخرێنە سەرکار، دەکەوێتە ئەستۆی ئەو. بەمجۆرەش کارخانەی گرین عێراق شانی خۆی خاڵیکردۆتەوە لەگشت ئەو مافانەی کەبەپێی یاسا دەبێ بیدات بەکرێکارانی کارگەکە..
بەپێی ئەو هەواڵانەی بەدەست ئێمە گەیشتووە، کۆمپانیای ڕێدلیڤز زوڵمێکی زۆر لەو کرێکارانە دەکات و کۆمەڵێك ماف کەبەڕێوەبەرایەتی کارگەی گرین عێراق، خۆی داویەتی بەو کرێکارانەی کەلە کارگەکەدا کاردەکەن، بەلام ئەوە کۆمپانیای ڕێدلیفزە ئەو مافانە بەو کرێکارانە نادات کەخستونیەتیە سەکار. لەوانە:
١/ کرێکاران مۆلەتی نەخۆشییان نیەو لەهەندیك حاڵەتدا کرێکاریان بەعەمەلیاتەوە هێناوەتەوە ناو کارگە بۆ کارپێکردن.
٢/ دەستەیەک لەکرێکاران، کاتێک بۆ خستنەڕووی داوای مافی خۆیان سەردانی بەڕێوەبەرایەتی کارگەکەیان کردووە، ڕاستەوخۆ لەسەر کارەکەیان دەرکراون، بەم جۆرەش ڕێگەنادەن هیچ کرێکارێك داوای مافی خۆی بکات
٣/ مانگانە لەکاتی ڕێکخستنەوەی موچەی مانگانەدا، لەموچەی کرێکاران دەخورێت مانگانە چەند ڕۆژێک ئەهێننەدواوە یان ئەیبەنە پێشەوە، بەم جۆرەش هیچ کرێکارێک نیە ٦٠٠هەزار وەربگرێت، واتە زۆربەی هەرەزۆریان ٥٥٠ هەزار یان ٥٢٥ هەزار وەردەگرن و لەوە تێناپەڕێت..
من داوا لەبەڕیزتان دەکەم کە هەنگاوی بەکردەوەو خێرا هەڵگرن و ئەم جیاکاریە لەمافەکانی کرێکاراندا لەکارگەی ناوبراو کۆتایی پێبهێنن.. هاوکات داوادەکەم کە لێژنەی تایبەتی وەزارەتیکار بنێرن تا سەردانی کارگە بکا ولەنزیکەوە گوێ لەکرێکاران بگرێ ولەدۆخی کاریان ئاگادار ببێتەوە وبەپێی یاسا مافەکانیان بۆ بگێڕدرێتەوە..
لەگەڵ ڕێزمان بۆتان..
سەرنوسەری دەنگی کرێکار
٢٠/١٢/٢٠٢٥
