Dangikrekar.com
وتار

گرێبەست و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، ئەمانەتی پاراستنی ئێستاو گەرەنتی خانەنشینی

گرێبەست و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، ئەمانەتی پاراستنی ئێستاو گەرەنتی خانەنشینی

| محمود حەلاق

 

گرێبەستەکەت داوابکە، چونکە گرنگەو یاساییشە

لەزۆرینەی ناوەندەکانیکارو کارگەکانی ئەمڕۆدا، گەورەترین کێشەیەک کەڕووبەڕووی کرێکاران دەبێتەوە، نەبوونی گرێبەستێکی ڕوونی کارە. خاوەنکارەکان زۆرجار خۆیان لەپێدانی کۆپییەکی گرێبەست بەکرێکار دەدزنەوە، یان پەنا دەبەنە بەر گۆڕینی هەندێک دەستەواژەی یاسایی و بەکارهێنانی وشەی نادیار کە لەبەرژەوەندی خۆیانە. ئەم کارە نایاساییە تەنها بۆئەوەیە کەکرێکار نەتوانێت لەکاتی کێشەو دەرکردندا پەنا بۆ دادگا ببات یان ئەگەر پەنای بۆئەویش برد، داواکەی بدۆڕینیت.هەربۆیە، گرێبەست تەنها کاغەزێک نییە، بەڵکو بەڵگەی سەلماندنی مافەکانتە لەکاتژمێرەکانی کارکردنەوە هەتا دەگاتە بڕی موچە و پشووەکان.

هەرئێستا بەدواداچوون بکە بۆ دەستەبەرییەکەت(ضمان)

لایەنێکی تری گرنگ کەپەیوەندی ڕاستەوخۆی بەژیانی کرێکارەوە هەیەو نابێت پشتگویی بخات، دەستەبەری کۆمەڵایەتی (زەمان)ە. زۆرێک لەکرێکاران وادەزانن دەستەبەری تەنها بڕە پارەیەکە لەموچەکەیان دەبڕدرێت، بەڵام لەڕاستیدا ئەمە گەورەترین وەبەرهێنانە لەژیانی کرێکاردا. دەستەبەری کۆمەڵایەتی نەک تەنها لەکاتی پێکان و نەخۆشیدا هاوکاری کرێکار دەکات، بەڵکو تاکە گەرەنتییە بۆ وەرگرتنی موچەی خانەنشینی.

بۆئەوەی کرێکار دڵنیا ببێتەوە لەوەی کەخاوەنکارەکەی فێڵی لێنەکردووەو ناوی لەلیستی دەستەبەردا تۆمار کردووە، پێویستە خۆی بەدواداچوون بکات. هەر کرێکارێک مافی هەیە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بکات لەشارەکەی خۆی و بەپێی ناسنامەکەی بپرسێت: ئایا ناوم تۆمار کراوەو لەسەر چ بڕە موچەیەک زەمانەکەم بۆ کراوە؟کاتێک کرێکار سەردانی بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری دەکات بۆ سۆراخی ناوی خۆی، ئەو فەرمانگەیە پابەندە بەپاراستنی نهێنیی ناوی کرێکارەکەو خاوەنکارەکە ناگاتە ئەو زانیارییەی کە کێ سکاڵای کردووە یان کێ بەدواداچوونی کردووە. ئەمە ترسەکە دەشکێنێت و هەنگاوێکی زۆر پێویستە بۆ ئەوەی خاوەنکارەکە نەتوانێت بەبڕێکی کەمتر لەموچە ڕاستەقینەکەت ناوت تۆمار بکات.. بیرت نەچێت خاوەنکار لەجیاتی دەستەواژەی (کۆی گشتی) مووچەکەت لەناو گرێبەستەکەدا، دەنوسێت (مووچەی بنەڕەتی)، هەر ئەمەش نایاساییەو فێڵ لەتۆی کرێکار دەکرێت.

کۆکردنەوەی ساڵانی ڕەنج و ماندوێتی

خاڵێکی زۆر هەستیار کەپێویستە کرێکاران هۆشیارییان لەسەری هەبێت، پرسی وەرگرتنەوەی شایستە داراییەکانە، (تەعویز). کاتێک کرێکارێک کارەکەی جێدەهێڵێت، زۆرجار پەنا دەباتە بەر وەرگرتنەوەی ئەو بڕە پارەیەی کە بۆی کۆبووەتەوە لەکاتی دەستەبەرییەکەیدا. ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە.باشتر وایە کرێکار ئەو پارەیە وەرنەگرێتەوە، بەڵکو ساڵانی خزمەتەکەی بپارێزێت، ئەمە چۆن وایە؟!

یاسای کارو دەستەبەری کۆمەڵایەتی ڕێگە بەکرێکار دەدات کەساڵانی خزمەتی لەکارگەیەکەوە بۆ کارگەیەکی تر، یان لەکۆمپانیایەکەوە بۆ ناوەندێکی تری کار بگوازێتەوەو کۆیان بکاتەوە. ئەم خزمەتە هەمووی بۆ هەژمار دەکرێت بەو مەرجەی لە هەموو ئەو شوێنانەدا دەستەبەر کرابێت. هەرلێرەشەوە مەسەلەی خانەنشییەکەی دێتە پێشەوە..

کەواتە بۆچی خانەنشینی گرنگە بۆکرێکاران؟

کاتێک کرێکار دەگاتە تەمەنی ٦٠ ساڵی و خاوەنی ٢٠ ساڵ خزمەتی دەستەبەر بێت، وەک هەر فەرمانبەرێکی حکومی، مافی موچەی خانەنشینی دەبێت. ئەمە مانای وایە کە لەتەمەنی پیریدا، کاتێک هێزی جەستەیی نامێنێت بۆ کارکردنی قورس لەناو کارگەکاندا، داهاتێکی مانگانەی مسۆگەرکراوی دەبێت کەلانیکەمی ژیانێکی بۆ دابیندەکات.بۆیە پێوویستەکرێکاران بجەنگن بۆ وەرگرتنی گرێبەستی یاسایی و تۆمارکردنی ناوی خۆی لەدەستەبەری کۆمەڵایەتیدا، ئەوەش تەنها بۆ ئێستا نییە، بەڵکو بۆئەوەیە کەپاشەڕۆژی خۆی و خێزانەکەی لەهەژاری و بێدەرەتانی بپارێزیت. کرێکار دەبێت بزانێت کەمافی خانەنشینی پاداشتی ئەو هەموو ساڵە ڕەنج و ئارەق ڕشتنەیە کە لەپشت مەکینەکان و لەناو دیوارەکانی کارگەدا بەسەری بردووە.

کرێکارانی بەڕێز!

ئاگاداری گرێبەستی زارەکیبن

زۆرجار خاوەنکار دەڵێت پێویست بەکاغەز ناکات، ئێمە قسەمان یەکە. پێویستە لەبابەتەکەدا ئاماژە بەوە بکەیت کەیاسایکار دان بەگرێبەستی زارەکیدا دەنێت، لەگەڵ دوو شاهێددا، بەڵام بۆ ئەوەی کرێکار مافی نەفەوتێت، دەبێت بەڵگەی تری سەلماندنی لەلا بێت (وەک: ناسنامەی کارگە، ناوی لەلیستی موچەدا، یان شایەدی هاوڕێیانی). ئەمە وادەکات کرێکار نەترسێت ئەگەر گرێبەستی نووسراویشی نەبوو.

پێویستە ئەوەش ڕوون بێت بۆکرێکاران، ئەو پارەیەی خاوەنکار لەکاتی دەرکردندا وەک مانگی خزمەت ئەویش ئەگەر بیدات بەکرێکار، جیاوازە لەو مافەی کەکرێکار لەفەرمانگەی دەستەبەر هەیەتی. زۆرجار خاوەنکار کڵاو دەنێتە سەر کرێکارو دەڵێت: ئەم پارەیەت دەدەمێ و واز لەدەستەبەرییەکەت بهێنە، ئەمە فێڵێکی گەورەیەو ئاگاداری بن.

Related posts

The oppressed people of Syria need our help and solidarity. Freedom-loving people

Dangi Krekar

ئایا مووچەی بنەڕەتی جیهانی وەڵامە بە زیرەکی دەستکرد ئایا (یو بی ئای) وەڵامە بە (ئەی ئای)

Dangi Krekar

کۆماری ئیسلامی لەسەر بڕیاری سزای لەسێدارەدانی ڕابەرێکی کرێکاری، ڕوبەروی ناڕەزایەتی فراوانی ڕێکخراوە کارێکاریەکانی جیهان دەبێتەوە!

Dangi Krekar

Leave a Comment