پێویستە بەغداد بەپەلە سنورێک بۆ ئەم تاوانکارییە دابنێت و یاسایکار بچەسپێنێت!
هاڕینی ژیانی خێزانی ١٥٠ کرێکار لەپاڵاوگەی شوان لەگوندی کەواڵەو زەنگەنە لەنزیک بازگەی کرکوکدا!
ڕۆژی ١٥/٦/٢٠٢٦ کارەساتێکی مرۆیی گەورە هاتە پێشەوە بۆ ١٥٠ کرێکارو بەناڕەوا هەموویان لەکار دەرکراوون بەهۆی کێشەی خاوەن کۆمپانیاوە لەگەڵ هێزێکی ئەمنی حزبیدا، بەمهۆیەوە بووەتە هۆی کارەساتێکی مرۆیی گەورە کەژیانی سەدان خێزان دەهاڕێت.
بەپێی زانیارییە مەیدانییەکان،کاتێک هێزێکی چەکدار هێرشی کردووەتە سەر ناوچەکە بەمەبەستی داواکردنی پشکی زیاتر لەپاڵاوگەکە، کەوتوونەتە بەرامبەر یەکترەوەو بەهۆیەوە کرێکاران باجی ئەم چەتەییە ئەدەن.. ئەم کارە لەلایەن هەر کەس و لایەنێکەوە کرابێت، حکومەتی عێراق لێپرسراوی یەکەمی ئەم پێشێلکارییەیە بەرامبەر بەحەقی ئەم کرێکارانە، چونکە وەک دەسەڵاتی فیدراڵی فەشەلی هێناوە لەپاراستنی سەقامگیریی ناوەندەکانی کارو جێبەجێکردنی یاسا لەکەرکوک و ناوچەکانیدا. هەرکەس و لایەنێک ئەمەی کردبێت، پێچەوانەی یاسای کارەو دەبێت کرێکاران سەرەڕای ئەوەی بەزوویی بخرێنەوە سەر کارەکانیان، بەتەواوی لەسەر تێکچوونی بژێوی و شێواندنی ژیانیان قەرەبووش بکرێنەوە.
لەم پاڵاوگەیەدا کە ١٥٠ کرێکار کاری تێدا دەکات، هەیانە ١٧ بۆ ٢١ ساڵە تەمەنی خۆیان لەوێ بەخشیوەو هیچ هەڵەیەکیان نەبووە، ئێستا لەترسی ڕاوەدوونانی ئەمنی یان بێبەشکردنی هەمیشەیییان لەکار، تەنانەت ناوێرن ناوی ئەو ئیمپراتۆریەتەش بهێنن کەنانی لێبڕیوون…
ترسناکترین ڕەهەندی ئەم کەیسە، ئەو بێدەنگییە شەرمهێنەرەیە کەبەسەر ناوچەکەدا سەپێنراوە، زیاتر لە ٥ کەناڵی ڕاگەیاندنی جۆراوجۆر لەشوێنی ڕووداوەکە ئامادە بوون، بەڵام بەهۆی چاوترسێنکردن و هەڕەشەی ئەمنییەوە، کەسیان نەیانوێراوە ناوی خاوەن کۆمپانیاکە، فۆرمی ململانێکە، یان تەنانەت ناوی خودی پاڵاوگەکەش لەشاشەکانیانەوە بڵاو بکەنەوە.
ئەم تاوانە، بەپێی یاسایکاری عێراقی (ژمارە ٣٧ی ساڵی ٢٠١٥) ئەم جۆرە دەرکردنە هەڕەمەکی و دەستەجەمعییە، پێشێلکارییەکی زەقە بۆ چەندین ماددەی سەرەکی لەیاسایکاری عێراقی کەپێویستە دادگاکان و وەزارەتیکارو لایەنی پەیوەندیدار لێپیچینەوەی لەگەڵدا بکەن:
قەدەغەکردنی دەرکردنی دەستەجەمعی (ماددەی ٤٤): بەپێی یاسای عێراقی، هیچ خاوەنکارێک یان لایەنێک بۆی نییە بەشێوەی دەستەجەمعی کرێکاران دەربکات، مەگەر بەڕەزامەندی فەرمی وەزارەتی کارو تەنهاش لەحاڵەتی مایەپوچبوونی فەرمی کۆمپانیاکەدا.
سەپاندنی گرێبەستی واقیعی (ماددەی ٢٩): یاسای عێراقی دەڵێت: تەنانەت ئەگەر کرێکارێک بەبێ گرێبەستی نووسراویش کار بکات، ئەگەر بسەلمێنرێت لەو شوێنەدا بووە، یاساکە بەگرێبەستێکی هەمیشەیی بۆی ئەژمار دەکات.
هەربۆیە دەرکردنی ئەوانەی نیوەی تەمەنیان لەناو گازە ژەهراوییەکانی ئەم پاڵاوگانەدا داناوە، بەبێ دادگاییکردن، تاوانێکی کارگێڕیی گەورەیە… بەپێی یاساکە، لەحاڵەتی دەرکردنی ناڕەوادا، دەبێت لایەنی بەرپرس مووچەی تەواوی ساڵانی خزمەت وەک قەرەبوو (ماددەی کۆتایی خزمەت) بداتە کرێکارەکان، نەک بەم شێوازە دژە مرۆییە برسی بکرێن..
ئەم غەدرەی لەم پاڵاوگەیەدا کراوە، دەیسەلمێنێت کەبۆرژوازیی حزبی و چەکدار هیچ بەهایەکی مرۆیی ناناسن. کرێکار لەلای ئەوان تەنها کارتێکی گوشارەو یەکەم قوربانی سکی برسیی منداڵی کرێکارە.
ئێمە لەدەنگی کرێکارەوە ڕووی دەمی خۆمان دەکەینە بەغداد؛
ناکرێت حکومەتی فیدراڵ تەنها لەکاتی کۆکردنەوەی داهاتی نەوتدا کەرکووک بەعێراق بزانێت، بەڵام لەکاتی وێرانکردنی ژیانی خێزانیی کرێکارەکانیدا چاو بنووقێنێت. هەربۆیە ئەم کارە لەلایەن هەر کەس و لایەنێکەوە کرابێت، حکومەتی عێراق لێی بەرپرسیارەو پێچەوانەی یاسایکاری عێراقییە…دەبێت دادگای کارو هێزی فیدراڵی یەکسەر بێنە سەرخەت بۆ کۆتاییهێنان بەم سەرەڕۆییە..
ئێمە داوادەکەین:
١/ دەستێوەردانی دەستبەجێی سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزارەتیکار بۆ ناردنی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی ئەمنی و ئیداریی بەپەلە بۆ ناوچەکە بنێرێت و دەستبەجێ سەرجەم کرێکارە دەرکراوەکان بۆ سەر کارەکانیان بگەڕێنرێنەوە بەبێ هیچ مەرجێک
٢/ دابینکردنی پاراستنی فیدراڵی بۆیان لەدژی هەر تۆڵەسەندنەوەیەکی حزبی.
٣/ قەرەبووکردنەوەی دارایی تەواوەتی کرێکاران بۆ تەواوی ئەو ماوەیەی کە بەهۆی ئەم کێشە چەکدارییەوە کارەکانیان ڕاوەستاوە و زیانیان بەرکەوتووە.
