Dangikrekar.com
سەرنوسەر

تەنها ڕیزی یەکگرتوو و ڕێکخراو و هوشیاری کرێکاران، دەتوانێت بەر بەسیاسەتی لەسەرکار دەرکردنی کرێکاران بگرێت!

لەسەرکاردەکردن،  مۆتەکەیەکی سەرسەری کرێکارانە، کەبەهۆیەوە، نەک هەر ئەوانی ناچارکردووە بەقبوڵکردن وملدان بەسەخترین و بێمافترین هەلومەرجی کار، بگرە ئەم مۆتەکەیە ڕاستەوخۆ بووەتە مایەی دابڕکردن و لێکترازانی ڕیزەکانی کرێکاران ومەسەلەی ڕێکخراوبوونی کرێکاریی وپاراستنی ڕیزی یەکگرتووی ئەوانی لەژێر فشارێکی قورسداداناوە. دیارە خاوەنکارو کۆمپانیاکانیش ئاگاهانە بۆتێکشکاندنی هێزو توانای کرێکاران وپاشەکشەپێکردن بەداخوازیەکیان، لەسەرکار دەرکردنی کرێکارانی وەک سیاسەتێک بەردەوام بەدەستەوە گرتووە. بەڵام ڕیشەی ئەم سیاسەتە لەکوێدایەو کرێکاران دەبێت چۆن لەبەرامبەریدا ڕابوەستنەوەهەتا ئەم مۆتەکەیە بەرۆکیان بەربدات؟

سیستەمێکی کار کەحکومەتی هەرێم و وەزارەتی کار لەکوردستاندا لەژێر ناوی ”بازاڕی ئازاد“دا بەڕێوەی دەبات، کاری پەیمانکاری وگرێبەستی کاتیە. بەپێی ئەم سیستەمە کۆمپانیاکان تەواوی ئیختیارات و دەسەڵاتیان پێدراوە، کەکرێکاران بەگرێبەستی کاتی وفەردی بخەنە بەرکارەوەو هەموو ئەو مەرجانەی کە کۆمپانیاکان لەڕاستای کۆکردنەوەی قازانجی بێسنوردا دەیخوازن، یەکلایەنە بەسەر کرێکاراندا داسەپێنن. بەم پێیەش هیچ کارێک لەکوردستاندا هەمیشەیی وزامن نیە وهەرکات گرێبەست تەواو بێت و خاوەن کار ویستی گرێبەست کۆتایی پێبهێنێت، ئەوا کرێکاران لەسەر کار دەردەکەن، بەبێ ئەوەی هیچ پاداشت وقەرەبویەکیان پێبدرێتهەتا بتوانن بچنەوەسەر کارێکیتر. بەدڵنیایەوە لەسیستەمێکی کاری ئاوادا، لەسەرکاردەرکردنی کرێکار خۆبەخۆ دەبێتە سیاسەتێکی بەردەوامی خاوەن کارو کۆمپنایاکان.

بەڵام لەم پەیوەندەدا ئەوە حکومەت و وەزارەتی کارە کەلەبەرگی نێوەندگیریدا خۆی دەناسێت،کەچی بەکردەوە لەپشتی کۆمپانیاکانەو ناتوانێت هیچ هەنگاوێک لەدژی بڕیاری کۆمپانیاکان  بۆڕاگرتنی لەسەرکار دەرکردنی کرێکاران بگرێتەبەر. نمونەی لەسەرکار دەرکردنی ١٤ کرێکار لەکۆمپانیای گرین عێراق، ئەو ڕاستیەمان پێ دەڵێت، کەنەسەندیکای سەر بەحزبەکانی دەسەڵات ونەشەخسی وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی و وەنەدادگای کار، دەتوانن لەبەرامبەر دەسەڵاتی کۆمپانیاکان بوەستنەوەو سنورێک بۆ بڕیاری لەسەردەرکردنی کرێکاران دابنێن، چونکە یاساکارێک کەحکومەتی هەرێم و پەرلەمان پەسەندیان کردووە، خۆی ئەم دۆخەی خوڵقاندوەو ئەو دەسەڵاتەی داوە بەکۆمپانیاکان  هەتا سیاسەتی لە سەرکاردەرکردن ئازادانە لەبەرامبەر کرێکاراندا بگرنەبەر. کەوایە ئەو هێزەی کە دەتوانێتڕێگالەم سیاسەتە بگرێت وئەم مۆتەکەیە لەسەر سەری کرێکاران هەڵگرێت، تەنها هێزی کرێکاران خۆیانە. واتە تەنها بەیەکگرتن وڕێکخراوبوون وهاوپشتی کرێکارانی لەسەرکارو دەرکراو، دەتوانێت دەستی خاوەنکارو کۆمپانیاکان ببەستێت وسنورێک بۆ لەسەرکاردەرکردنی کرێکاران دابنێت.

کرێکاران دەبێت ئەوە بزانن کەبڕیاری لەسەرکاردەرکردن، تەنها بەزیانی ئەو کرێکارانە نییە کەڕووبەڕووی بێکاری کراونەتەوە، بەڵکو لەسەرکاردەرکردنی کرێکاران، بەمانای نەمانی ”کاری هەمیشەیی“ وهەڵوەشاندنەوەی سیستەمی کاری بەردەوامە لەهەر ناوەندێکی کاردا. بەتایبەتی لەژێر سایەی ئابوری ”بازاڕی ئازاد“ وئەو دەسەڵاتەی کە بەکۆمپانیاکان دراوە، بازاڕێک کەقاچەکانی لەسەر سیستەمی کاری پەیمانکاری و گرێبەستی کاتی داچەقاندووە. بۆیە نابێت هیج کرێکارێک پێی وابێت ئەگەر ئەمڕۆ بەبەرچاویەوە ژماریەک لەهاوپیشەکانی بەبڕیارێک لەسەرکار دەردەکرێن و ئەو ناگرێتەوەو هەتاسەر لەسەرکارەکەی دەمێنیتەوە. بەپێچەوانەوە ، مادام سیستەمی کار گرێبەستی کاتیە، ئەوا ئەمڕۆ ژمارەیەک کرێکار بەهەرپاساوێک بێت ڕووبەڕوی لەسەرکاردەرکردن دەبنەوەو سبەینێش ژمارەیەکیتر. بۆیە دەبێت کرێکاران بەم دۆخەی خۆیان ئاشنابن. دەبێت بەهێزی یەکگرتوو ڕێکخراوی خۆیانو بەپشتگیری کردنی یەکتر لەبەرامبەر ئەم مۆتەکەیە ودەسەڵاتی کۆمپنیاکان بووەستنەوە و ڕێگا نەدەن کۆمپانیاکان چۆنیان بوێت ئاوا مامەڵە لەگەڵ کرێکاراندا بکەن. بێگومان خەباتی یەکگرتوانەو هوشیاری کرێکاران لەپێناوی باشکردنی دۆخی کاردا لەگۆشەیەکی سەرەکیدا، بەندە بەهەڵوەشاندنەوەی سیستەمی کاری پەیمانکاریو گرێبەستی کاتی و گۆڕینیەتی بەکاری بەردەوامو هەمیشەیی. بەتایبەتی لەوکارگەو ناوەندانەدا کەکارتیایاندا بەردەوامو هەمیشەییە. لەو جێگایانەش کە کار ناوبەناووکاتیەوبەگرێبەستی کاتی بەڕێوەدەبرێت، دیسانەوە نابێت خاوەنکار تەرەفی سەرەکی بێت و هەموو بڕیارێک لای ئەوان بێت، بەڵکو دەبێت نوێنەرانی کرێکاران لایەنێک بن لەڕاگەیاندنی کۆتایی کاردا ودەبێت بەپێی مەرجو ڕێکەوتنی نوێنەرانی خاوەنکارو کرێکاران بەئەنجامی خۆی بگات. هەموو ئەمانەش بەدڵنیایەوە ڕیزی یەکگرتوو ڕێکخراو وهوشیاری کرێکارانی دەوێت. لەپێشەوە دەبێت هەڵسوڕاوان وکەسایەتیە کرێکاریەکان لەهەوڵی کۆکردنەوە و پێکهێنانی هاوپشتی ڕیزەکانی کرێکاراندا بن.  هێزی کرێکاران لەڕێکخراوبوون ویەکگرتوو بونیاندایە، کاتێکیش ئەم هێزە پێبنێتەمەیدانەوە بەدەستبردن بۆ ڕاگرتنی کار، بۆمانگرتن وکۆبوونەوەی گشتی و لێکهەڵپێکانی ناڕەزایەتی بەشە جیاجیاکانی کرێکاران لەکارگەو ناوەندەکانی کاردا، نەک هەر دەتوانێت سنورێک بۆ بڕیاری لەسەرکاردەرکردنی کرێکاران لەلایەن کۆمپانیاکانەوە دابنێت، بەڵکو زەمانەتی کار وهەموو ئەو خواستانەی کەلەبەرژەوەندی کرێکاراندایە لەگرێبەستی کاردا جێگیر دەکات. تەنها ڕیزی یەکگرتوو و ڕێکخراوو هوشیاری کرێکاران، دەتوانێتپێش بەسیاسەتی لەسەرکار دەرکردنی کرێکاراندا بگرێت!

Related posts

با لەدژی نەدانی موچە وکەمی خزمەتگوزاریەکان و گرانی بەنزین و کارەبا و باج گیری باحکومەت و کۆمپانیاکان.. یەکگرتوانە بێینە مەدانەوە

Dangi Krekar

کرێکارانی کوردساتن نابێ ئەم تەوقی کۆیلاتیە کە کراوەتە ملیان قەبوڵ بکەن !!

admin

بڕیارەکەی حکومەتی هەرێم بۆ گرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ، دەستبردنە بۆ جیاکاری و چەواشەکردنی مامۆستایان!

Dangi Krekar

Leave a Comment