کرێکارانی جیهان یەکگرن!!
هاوڕێیانی کرێکار ژنان و پیاوانی ئازادیخواز
یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی وهاوخەباتی جیهانی چینی کرێکار بەڕێوەیە.. یەکی ئایار بۆچینی کرێکار ئەو ڕۆژەیە کەکرێکارانی جیهان نمایشی هێزی خۆیان ئەکەن. لەم ڕۆژەدا لەسەراسەری جیهاندا کرێکاران بەشێوەی جۆراوجۆر مەراسیمی یەکی ئایار بەرز ڕادەگرن و شەقامی شارەکان بەئاڵاو واڵای سور دەڕازێنەوەو دەنگ وسەدای کرێکاران عەرشی سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان دەهێنێتە لەرزین. یەکی ئایار ڕۆژێکە کە کرێکاران بەهەموو ئیرادەی خۆیانەوە دێنە مەیدانەوەو خواستەکانیان دەخەنە بەردەستی حاکمانی سەرمایەو دەوڵەت و دەسەڵاتەکەیان و بەڵێن بەیەکتری ئەدەن دەورەیەکی نوێ لەخەبات بۆگەیشتن بەداخوازیەکانیان دەست پێبکەن.
ئێمە چینی کرێکار لەکوردستان بەشێکین لەچینی کرێکاری جیهانی و کێشەو گرفتەکانی ئێمە ئەگەر زیاتر نەبێت کەمتر نیە لەکێشەی هاوچینەکانمان لەتەواوی جیهاندا.
لەکوردستان لەماوەی یەکساڵی ڕابردودا داواکاریەکانمان بەشێوەی جۆراوجۆر خستە بەردەم حکومەت و ئیدارەکانی کارخانەو کاگەکان و داواکانمان هیچ وەڵامێکی وەرنەگرتەوە. سەعاتکارمان زیادی کردووە، حەقدەستەکانیشمان بەگوێرەی ئەوکارە نییە کە دەیکەین. ئەو بڕە مافەی کە لەیاساو ڕێساکانی تایبەت بەکرێکارانەوە دانیان پێداناوە هەرخۆیان پێشێلی دەکەن و بەنایاسایی کرێکاران لەسەرکارەکانیان دەردەکەن، ڕێگا بەکرێکاران نادەن ڕێکخراوی سەربەخۆی خۆیان هەبێت و نوێنەرایەتیەکی هەڵبژێردراوی خۆیان بەفەرمی بەدامودەزگاکانی حکومەت بناسێنن. ئەگەر کرێکار داوای باشکردنی دۆخی کارو ژیانی کردبێت و دەنگێکی هەڵبڕیبێت، یان دەرکراوە لەسەر کارەکەی یان شوێنی کارەکەیان گۆڕیووە.. کرێکار لەکوردستان ناوێرێت تەنانەت لەمیدیاو کەناڵەکانی ڕاگەیاندنیشەوە دەردە دڵی خۆی بکات چاوی خۆی لەکامیراکان دەشارێتەوە لەترسی ئەوەی نانبڕاو نەبێت. دواخستنی موچەو پێنەدانی بەپاساوی قەیران یان کێشە لەگەڵ حکومەتی عێراق بووەتە گەورەترین گرفتی چینی کرێکار..
هاوڕییان!
یەکی ئایار ڕۆژێکە هیچ خاوەنکارکارێك ناتوانێت بەزۆر کارتان پێ بکات. لەهەرجێگەیەك و بەهەرشێوەك بۆتان دەکرێت یادی ئەم ڕۆژە بەرز ڕابگرن.. ئێمە وەك بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار ئامادەکاری ئەکەین بۆ یەکی ئایاری ئەمساڵ. داواتان لێدەکەین کەهاوکارمان بن.. وەرن باپێکەوە لەو جێگایەی کە دواجار بڕیاری لێدەدەین ئایارێکی بەهێز بەرپاکەین و نمایشی هێزی خۆمان بکەین..
بژی یەکی ئایار.. سەرکەوتوبێت خەباتی چینی کرێکار لەپێناوی بەدیهێنانی دنیایەکی باشتر .
وەستامەهدی، سەرنوسەری بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار