“لەلایەن خەڵکی دەوڵەمەندو کوڕان و کچانی بەرپرسانەوە سوکایەتیمان پێ دەکرێت و تەنانەت کوژراوو برینداریشمان هەیە”
گفتوگۆ لەگەڵ چەند کارمەندێکی سکیوریتیەکان، سەبارەت بەدۆخی کارو ژیانیان
محــمود حەلاق
لەئێستادا لەهەرێمی کوردستان بەهەزران کەس هەن کەوەک ”کارمەندی سکیوریتی“، کاردەکان و ئەرکی چاودێری کردن و پارستنی پڕۆژەو ئۆفیس و کۆمپانیا و مارکیتەکان ودەیان شوینی تریان لەئەستۆگرتوە. ئەم ئینسانانە کە وەک کارمەند/ کرێکار کاردەکەن لەلایەن کۆمپانیاکانی سکیورێتیەوە سەربەکەرتی تایبەتن خراونەتە سەرکار.. دەنگی کرێکار بەپیویستی زانی وەک ئاوڕدانەوەیەک لەدۆخی کارو ژیانیان چەند کارمەندیك بدوێنێت…
کارمەندی یەکەم:
کۆمپانیاکەمان بۆ هەر کارمەندێک نزیکەی ٨٠٠ هەزار وەردەگرن، کەچی ٤٠٠ هەزار ئەدەن بەئێمە!
دەنگی کرێکار: ماوەی کارکردنتان چۆنەو مووچەکەتان چەندەو چەند سەعات کار دەکەن؟!
کارمەندەکە: سەرەتا سوپاس بۆ ڕۆژنامەی “دەنگی کرێکار”، دەمێک بوو چاوەڕێتان بووین، بەخێر بێن.. ئێمە ٨ کاژێر لەڕۆژێکدا کاردەکەین و هەندێک جاریش بەناچاری کاری زیادەمان- دەبڵ شەفت- پێ دەکەن و بڕێکی کەم بۆئەو زیادە کارییەمان ئەدەنێ سەرەڕای ئەوەی کە بەخواستی خۆمان نیە. مووچەکانمان بڕی٤٠٠ هەزار دینارە. زۆرینەی کارمەندان ئەم بڕەپارەیە وەکو مووچەی مانگانە وەردەگرن، سەرپەرشتیارەکانیش بڕی ٤٥٠ هەتا ٥٠٠ هەزار وەردەگرن. مووچەکانمان زۆرکەمەو بەشی دابینکردنی پێداوویستیەکانی ژیانمان ناکات. لەکاتێکدا کۆمپانیاکەمان بۆ هەر کارمەندێک نزیکەی ٨٠٠ هەزار وەردەگرن، کەچی ٤٠٠ هەزار ئەدەن بەئێمەو زیادەکەش بۆخۆیان دەبەن.
دەنگی کرێکار: باسی خواردن و هاتوچۆت کرد کەئەویش لەسەر خۆتانە، دەکرێت بۆمان باس بکەیت نانخواردن و حەوانەوەتان چۆنە لەکاتێکدا ئێوە بەردەوام پاسەوانی دەکەن؟
کارمەندەکە: لەهەندێک لەپێگەکانی کارکردنماندا لەلایەن شوێنەکەوە خواردن بەئێمەش دەدرێت لەگەڵ کارمەندەکانی خۆیاندا. جاری واش هەیە لەلایەن خەڵکی سیتی وپڕۆژەکانی نیشتەجێ بوونەوە خواردنمان بۆ دەهێنن، کە بەڕاستی شەرمەو ئێمەش ئەمەمان پێخۆش نیەو هەست بەتێکشاندنی کەسایەتیمان دەکەین، وێڕای ڕێزو پێزانین بۆئەو خەڵکە بەڕێزو خۆشەوویستە، چونکە ئێمە پێوویست بوو سیستمێکی خۆراک پێدانمان لەلایەن کۆمپانیاکانمانەوە بۆ دابین بکرایە نەک ئاوا بەم شێوەیە لەلایەن خەڵکەوە.
کارمەندی دووەم:
هەر کارمەندێک کەدادەمەزرێت دەبێ ١٠٠ هەزار لەسەر گیرفانی خۆی بدات بەجلو بەرگ بۆکارەکەی وکۆمپانیا کان پێیان نادەن!
دەنگی کرێکار: ئایا ڕاستە دەبێت خۆتان پێداوویستیەکانی خۆتان دابین بکەن لەچەشنی جل و بەرگی تایبەت بەسێکورێتی و پێلاو ئەو بابەتانەی تایبەتن بەو کارەی ئێوە؟
کارمەندەکە: بەڵێ، دەبێت خۆمان بچینە ژێر باری ئەو مەسرەفە زیادەیەوە بەو مووچە جوانەی ئەوانەوە.. جل وبەرگەکانمان خۆمان دەیانکڕین، هەر کارمەندێک دادەمەزرێت پێوویستە نریکەی ١٠٠ هەزار دینار لەگیرفانی خۆی بدات بەجلوبەرگ و قەمسەڵەو پێڵاو، کوالێتی جلەکانمان زۆرخراپە ،ئەمە بەجۆرێک دروست کراوە کە زوو تێکبچێت و لەکاتی گۆڕانی ڕەنگی جل و بەرگەکە، ئەوا ناچار دەکرێین جلی نوێ بکڕینەوە. ئەمەش بارگرانیەکی زیاترە لەسەر ئێمە. وەک ووتم مووچەکانمان درەقەتی ئەم هەموو خەرجیە نایەت. ئەو شوێنانەش کەجل وبەرگەکانمان پێ دەفرۆشن، لەگەڵ کۆمپانیاکاندا شەریکن.
دەنگی کرێکار: ئەتوانیت بەکورتی باسی ئۆف و پشوەکانتان بکەیت، ئایا لەمانگێکدا چەند جارو چەند ڕۆژ پشوتان هەیە؟
کارمەندەکە: ئێمە دوو هەتا ٤ ئۆف (پشوو)مان هەیە لەمانگێکداو لەکۆمپانیایەکەوە بۆ یەکێکی تریش دەگۆڕدرێت. بەڵام زۆرجار کێشە بۆ پشووەکانمان درووست دەبێت، ئەگەر کەسێکمان وازبهێنێت لەکار، ئەوا پشووەکان ڕادەگیرێن هەتا ئەو کاتەی کارمەندێکی تر دەنێرن بۆ شوێنی ئەو کارمەندەی کەوازی لە کارکردن هێناوە، جاری واهەبووە سێ مانگ وزیاتریش پشوومان وەرنەگرتووە، بۆنەکانی وەکوسەری ساڵ وجەژنەکان، پشووەکانمان لەلایەن کۆمپانیاوە ڕادەگیرێت بەپاساوی ئامادەباشی و جۆرێک لە “ئینزار” ەوە.
دەنگی کرێکار: ئایا گرفت و کێشەکانی ئێوە چیە سەرەڕای ئەو هەمووە معاناتەی کە دەری دەبڕیت؟
کارمەندەکە: ئێمە وەکو کارمەندانی کۆمپانیا سێکوریتیەکان چەندین کێشەو گیروگرفتمان هەیە، لەوانە: کەمی مووچەو نەبوونی دەرماڵەی مەترسی وهاتوچۆو نانخواردن، نەبوونی مافی “زەمان”و هەژمارنەکردنی ساڵەکانی خزمەت وکارکردن، لەلایەن دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمەوە کە ئەویش دەستەبەری کۆمەڵایەتییە(ضمان) کەڕاستەوخۆ پەیوەندی بەچارەنووس و داهاتووی هەر یەکێکمانەوە هەیە بۆ سەردەمی خانەنشینی. گرێبەستی نێوان ئێمەو کۆمپانیاکانی سێکوریتی بۆ ماوەی ٦ مانگ یان ساڵێکە. کۆمپانیاش هەتا کۆمپانیایەکی تر یاساو ڕێساکانی گرێبەست جیاوازیان هەیە. بەڵام ماددەکانی گرێبەست بەگشتی کەمترین ماف وئیمتیازی تێدانیە بۆ ئێمە. گرێبەستی لەم کۆمپانیایانەدا زیاتر لەڕۆبۆرتێک دەچێت نەک لەگەڵ ئینسانێکدا بەڕێوەبچێت.
هەروەها مامەڵەی کۆمپانیاکان لەگەڵ ئێمە بەدووجۆرە: کاتێک کێشەی کەمی کارمەندیان نابێت، زۆرتووندن لەگەڵماندا، ئەگەر سەرپێچیەکی بچوکیش بکەین سزا دەرێین لەچەشنی غرامەو هێشتنەوەمان لەدەوامدا. بەڵام کاتێک کێشەی کەمی ونەبوونی کارمەندیان دەبێت، باشتردەبن لەگەڵمان و هەندێک جاریش بەڵێنی زیادکردنی مووچەو پشووەکانمان پێ دەدەن،
کارمەندی سێهەم:
هەوڵمانداوە چاکسازیی لەمووچەو گرێبەستەکانماندا بکرێت
دەنگی کرێکار: ئایا مەترسی هاتنەپێشەوەی ڕووداوی نەخوازراوتان هەیە، لەکاتێکدا ئێمەو خەڵکیش دەبیستێ و دەبینێت کە لەهەندێک شوێندا تووشی ڕوداو بوونەتەوەو جاری واش هەبووە کارمەندتان لێکوژراوە؟
کارمەندەکە: پێمان دەڵێن چەک و پێداوویستیەکانتان بۆ دەگۆڕین. پێداوویستیەکانی ئێمەش بریتین لە داری پۆلیسی-داربەتانە، بێتەل –جیهازو چەک. بەڵام زۆر جار لەکاتی مەترسیدا ئەم کەلوپەلانە فریامان ناکەون، چونکە هەم حکومەت وهەم کۆمپانیاکان سەربەستیان نەکردوین لە وەڵامدانەوەی هەر هێرش و مەترسی وشەڕ پێ فرۆشتنێک کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە. ئێمەش کاتێک دەزانین کەس پشتیوانیمان ناکات، ئیتر هەندێک جار بێوەڵام دەبین لەو هێرش وسوکایەتی و مەترسییانەی کەڕووبەڕوومان دەبنەوە. لەجیاتی ئەوەش پێوویستە تەلەفۆن بۆ دەوریاتی کۆمپانیاکانمان بکەین بۆ ئەوەی بێن کێشەکانمان بۆ چارەسەر بکەن. زۆرجار ئەوانیش ناتوانن کێشەکان چارەسەربکەن، بەم هۆیەوە جاری واش هەیە دەستگیر دەکرێین کاتێک تەقەدەکەین بەئاسماندا، یان لەکەسێک دەدەین، کاتێک هێرشمان دەکرێتە سەر.
لەلایەکی تریشەوە سوکایەتی پێکردن وبەکەم سەیرکردن وپێشێل کردنی یاساو ڕێنمایی پێگەکانی کارکردنمانە لەلایەن زۆرێک لەخەڵکانی دەوڵەمەندو کوڕو کچی بەرپرسەکانەوە. زۆرجار ئێمە لەسەر حەقین، بەڵام لەکۆتاییدا ئێمە خەتابار دەکرێین. چەند کەسێک لە هاوپیشەکانمان لەکاتی کارکردندا کوژراون وبریندارکراون، یان خۆیان هەستاون بەخۆکووشتن لەبەرفشاری دەروونی کەسەرچاوەکەی هەژارییە.
دەنگی کرێکار: ئایا پێشنیارو داواکارییتان داوە بەکۆمپانیاو ئیدارەی کارەکەتان کەداواکاری و خواستەکانتان چیەو بۆتان جێبەجێ بکرێت؟
کارمەندەکە: ئێمەچەندین جارو لەڕابردووشدا هەوڵمانداوە چاکسازیی لەمووچەو گرێبەستەکانماندا بکرێت. هەروەها داوامان کردووە لەڕووی یاساییەوە چوارچێوەیەکمان بۆدیاری بکرێت کەتێیدا وێڕای ئەرکەکانمان، مافەکانیشمان دیاری بکرێت. دەسەڵاتی پارێزگاری کردن لەخۆمان وهاوڕێ کانمان وشوێنی کارەکانمان پێ بدرێت و لەکاتی ڕوودانی کێشەدا وەکو تۆمەتبار مامەڵەمان لەگەڵدا نەکرێت. بەڵام وەڵامی هەموو ئەمانە لەلایەن کۆمپانیاکانمانەوە تەنها بەڵێنی بێ کردار بووە بۆ دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتیەکانمان، بەڵێنی باق وبریق و هەندێک جاریش سزادان ودەرکردن بووە کە ڕوویداوە.
دەنگی کرێکار: بەسوپاسی زۆرمانەوە بۆ بەڕێزتان، ئەمە دوایین پرسیاری ئێمەیە! دەتوانیت بەکورتی پێمان بڵێیت ژمارەی کارمەندی ناو کۆمپانیاکانی سێکورێتی چەندە؟
کارمەندەکە: ئێمە لەڕووی ژمارەوە چەند هەزارکەسێک دەبین. ببوورن کەژمارەکە کەم وزیادی هەبێت، چونکە هیچ ئامارێکی بەردەست نیە لەوبارەیەوە. دووبارە سوپاس بۆ”دەنگی کرێکار” کەهاتووە بەدەنگمانەوەو دڵنیاین دڵسۆزی ڕاستەقینەی سەرجەم کرێکارانی کەرتەجیاوازەکانن.
ئەوەی شایانی باسە، کێشەو گرفتی زۆرینەی کارمەندانی سێکورێتیەکان هەتا ڕادەیەکی زۆر وەکو یەکەو گرفت وکێشەکانیان هاوبەشە لەگەڵ یەکتریدا.