“هەتا ئێستا لەکارگەی چیمەنتۆی لاڤارج ڕازین”
گفتوگۆ لەگەڵ کرێکاری کارگەی چیمەنتۆی لاڤارج
| لەبازیانەوە: عەبدوڵا
پەیامنێری دەنگی کرێکار لەگەڵ کرێکارێکی کارگەی چیمەنتۆی لاڤارج لەناوچەی بازیاندا
دەنگی کرێکار: ئەم کاتەت باش، ئێمە لەدەنگی کرێکارەوە لەگەڵتانین، دەمانەوێت دەمەتەقێیەک بکەین لەگەڵ بەڕێزتاندا، ئایا دۆخی کارو کارکردنتان چۆنە لەکارگەداو چەند لێی ڕازین؟
کرێکارەکە : زۆر سوپاس بۆ ئێوەش، کارگەکەی ئێمە بەبەراوورد بەکارگەکانی تری چواردەورمان شتێکی زۆر جیاوازە لەشوێنەکانی تر. دۆخی کرێکار زۆر باشەو زۆریش بێکێشەین لەوبارانەوە. دوو سیستەمی ئیشکردنمان هەیە لەکارگەدا، سیستەمی شەو لەگەڵ سیستەمی ڕۆژدا. ڕۆژانە ٨ سەعات کار دەکرێت لەسەعات ٨ وە بۆ سەعات ٤ ی دوانیوەڕۆ. سەعات ١٢ ئیسراحەتە بۆسەعات ١، سیستەمی شەفتاتیشمان هەیەو هەر شەفتێک ١٢ سەعاتە، ١٢ سەعاتی ڕۆژ کار دەکەیت ٢٤ سەعات لەماڵەوەیت، ١٢ سەعاتی شەویش کاردەکەیت، ٤٨ سەعات لەماڵەوەیت.
دەنگی کرێکار: ئایا دەستەبەری کۆمەڵایەتیان ”ضمان” بۆکراوە هەتا شمولی خانەنشینی بکەن لەداتوودا؟
کرێکارەکە : بەڵێ ، ئێمە یەکەم کۆمپانیاین کەلەعێراقدا لەیەکەم ڕۆژەوە کە دائەمەزرێیت دەستەبەری کۆمەڵایەتیت بۆ دەکرێت هەتا ئەو ڕۆژەی کە خانەنشین دەکرێیت.
دەنگی کرێکار: ئایا ترسی لەسەرکار دەرکردنتان نیە، لەکاتێکدا بەپێی یاسای کار کرێکار دەرکردن لەسەر کار قەدەغەیە؟
کرێکارەکە: نەخێر، خۆت ئیشی خۆت بکە بەڕێکوپێکی، ئیتر کەسێک نیە لێپرسینەوەت لەگەڵدا بکات. کێشەیەکمان نیە لەسەر دەرکردن نیە هەتا ئێستا. کەس دەرناکرێت.
دەنگی کرێکار: هاتووچۆ کردن و مەسەلەی خواردن و حەوانەوەتان چۆنە لەکارگەدا؟
کرێکارەکە : ئێمە هاتووچۆمان لەسەر کارگەیە، خواردن و خواردنەوەشمان هەر لەسەر ئەوانەو کێشەی خواردن و ئەوەشتانەمان نیە. ئەگەر حاڵەتێکی زەرورمان هەبێت لەکارگەدا، ئەوا شوێنمان هەیەو شوێنی زۆر باشیش . کەمپ کراوەتەوە بۆکرێکار ئەگەر شەوان بیانەوێت بمێنێتەوە ، یان ئەوانەی کەڕێگایان دوورەو لەدەرەوەی سلێمانین یان ناتوانن هاتووچۆ بکەن ، بەڵام ئەوانەش کەمن و بە پەنجەی دەست ئەژمێردرێن.
دەنگی کرێکار: ئایا بیرتان لەوە نەکردۆتەوە کەدەستەی کرێکاریی لەخۆتان دروست بکەن و هەوڵ بدەن زۆرترین کرێکار لەدەوری کۆبکەنەوە کەڕیزەکانتان تۆکمەو بەهێز بکات هەتا بتوانن یەکگرتوانە ڕێگا لەفشارەکانی کۆمپانیاو خاوەنکار بگرن لەهەر سیاسەتێک ئەگەر بیگرنە بەر لەدژی کرێکاران؟
کرێکارەکە : بەڵێ ئێمە زۆر دەمێکە دەستەی کرێکاریمان هەیە، تقریبا لەساڵی ٢٠٠٩ سەندیکای کرێکارانمان هەیە لەناوخۆماندا، دەستەکان هەموی کارمەندی خۆمانن ، هەر لەئەنجومەنەکەوە هەتا سەرکردایەتیەکەشی هەموی کارمەندی خۆمانن..
دەنگی کرێکار: ئەگەر شتێکتان ماوە کەباسی بکەیت؟
کرێکارەکە: دەستتان خۆش بێت ، نەوەڵڵا، سیاسەتی کۆمپانیا بەرامبەر بەکرێکاران سیاسەتێکی گونجاوە بەرامبەرمان ئەگەر ڕاستگۆبم لەگەڵتدا، ئەم قسەیەش لێی بەرپرسم ، ئیشکالی وامان نیەلەڕوی فشارو و نەقابەو ئەو شتانەوە، کێشەمان نیەو زۆر باشین .