Dangikrekar.com
ڕاپۆرت

هەڕەشەی لەسەرکار دەرکردن، چەکی دەستی کۆمپانیاکانە بۆ بێدەنگ کردنی کرێکاران!

هەڕەشەی لەسەرکار دەرکردن، چەکی دەستی کۆمپانیاکانە بۆ

بێدەنگ کردنی کرێکاران!

 ڕاپۆرت/ مەحمود حەلاق :
لە بەدواچونێکدا لەسەر دۆخی کاری کرێکاران لەچەند کارگەیەکداو وەرگرتنی لێدوان لەچەند کرێکارێک،کەنەیانویست ناویان بهێنین، بەگشتی ئاماژە بەوە دەکەن کەلەترسی لەسەر کار دەرکردنیان ناچارن نەک هەر مل بەدۆخی سەختی کارەکەیان بدەن، بەڵکو هەمو ئەو مەرجانەش خاوەنکارو کۆمپانیاکان دایان ناوە، قبوڵ بکەن. تەنانەت ئەم ترسەش کارێکی وەهای کردوە کە کرێکاران، بەبێ خوێندنەوەی گرێبەستی کارەکانیان وبەبێ ئەوەی هیچ ڕایەک و سەرنجێکیان لەسەری هەبێت، واژۆی خۆیانی لێ ئەدەن .

سەرەتا لەکارگەی گرین عێراقەوە:

کرێکارێک باسی لەوەکرد، کە بەڕێوەبەری کارگەکە، تائێستا چەندین جار دەستی بردوە بۆ دەرکردنی ژمارەیەک لەکرێکاران، بەبێ ئەوەی هیچ هۆکارێک لەشوێنی کارەکە لەلایەن کرێکارەکانەوە ڕوی دابێت. تەنانەت بەڕێوەبەری کارگە، لەژێر ناوی کاری ڕۆژانەدا دوای ساڵێک و دوساڵ و بگرە سێ سالێش کار بە کرێکاران دەکات و دواتریش بە پاساوی ئەوەی کە “لەتێستدا دەرنەچوون“ لەسەرکار دەریان دەکات. کرێکارەکە دەڵیت:“ دۆخەکە بەجۆرێکە کە کۆمپانیا لەسەر کار دەرکردنمانی کردۆتە هەڕەشەی سەرسەرمان و ناچارین بەهەموو جۆرە مامەڵەیەکی خاوەن کار مل بدەین“. لەکارگەی ئاسنو پۆڵای ماسیش یەکێک لەکرێکاران وتی:

“ ئەگەر چی دۆخی کارمان لەچاو کارگەکانی تر کەمێک باشترە، بەڵام ترسی لەسەرکار دەرکردن وای لە کرێکاران کردوە داوای مافی خۆیان نەکەن. لەکاتێکدا ئەوە دەبینن کە بەرهەمو داهاتی زۆر دەخەنە گیرفانی خاوەن کارەوە، بەڵام ئەو کارەی کرێکاران دەیکەن بەکرێیەکی کەمە وناشتوانن داوای مافی خۆیان بکەن“.

لەکارگەی چیمەنتۆی تاسلوجەش کرێکارێک ووتی:

”ئێمە هەتائێستا زۆر جار بۆ گێراندنەوەی پاداشتی ساڵانە مانمان گرتوەو زۆر جار چوینەتە لای وەزارەتی کار و حکومەت، بەڵام بەڕێوەبەری کارگە بێباکانە خواستەکانی ئێمەی فەرامۆش کردوە، کرێکارانیش لەترسی لەدەست نەدانی کارەکانیان، بێدەنگیان هەڵبژاردوە، بەتایبەتی کەبەم دوایانە بەجۆرێک داویانە بەگوێماندا کە ئەگەر بێدەنگ نەبین ناچارین کەسانیتر بخەینە جێگەتان“.

هەر لەم پەیوەندەدا، کرێکارێکی ژینگەپارێز لەناوچەی ڕاپەڕینەوە ئاماژەی بەوەکرد:

“سەرەڕای ئەوەی کەکارەکەمان یەک جارسەخت و ماندوکەرەو موچەی مانگانەشمان لەنێوان ٣٠٠ بۆ ٣٥٠ هەزار دیناردایە، ئەویش کەمانگانە لەکاتی خۆیدا پێمان نادەن و بگرە ئەوەشی دەمان دەنێ لێبڕینی لەگەڵدایە، بەڵام بەسەراحەت خاوەن کۆمپانیا پێی ڕاگەیاندوین کەهەر کەسیك ناڕازیە بابڕوات خەڵک زۆرە کارەکە بکات. کرێکارەکانیش لەترسی لەسەرکار دەرکردنیان گوێ بەدۆخی کارەکەیان نادەن و ناچارن مل بەهەموو شتێک بدەن. ئیستا دۆخی
کریکارن زۆر خامۆشە و کۆمپانیاش موچەی دوومانگی لەلایەو کەسیش ناوێرێت، قسەیەک بکات“.

لەئەنجامی بەدواچونەکەی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکاردا، بەڕۆشنی ئەوە دەردەکەوێت، کە کۆمپانیاکان هەڕەشەی لەسەرکار دەرکردنی کرێکارانیان کردۆتە چەکێك بۆ بێدەنگ کردنی کرێکاران و ملدانیان بەدۆخێکی سەختی کارکردن، دۆخێک کە سەعاتکاری ڕۆژانەی زۆرە و بەکرێیەکی کەم، ئەمە جگەلەوەی کە کرێکاران هیچ ئیمتیازاتێکی وەک پێداویستەیکانی کار، هاتوچۆ، ڕاهێنان وفێرکردن، ڕۆژانی پشو، ژەمە خۆراک..هیتریان بۆ حساب ناکرێت. تەنانەت هەرکاتێک لەسەر کار دەرکران، بەڵگەنامەی ئەو ماوەیەی کاریان کردوە پێنادەن.

بێگومان ئەم دۆخە بەرئەنجامی سیستەمێكی کارە کەحکومەتی هەرێم لەژێر ناوی ئابوری بازاڕدا پەیڕەوی لێدەکاو
لەیاسای کاری هەرێمدا کەبەم دوایانە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند کراوە، کردویەتی بەیاسا. سیستەمێک کە کاری
پەیمانکاری و کاری موەقەتە وتەوای دەسەڵات دەدات بە کۆمپانیاکان کەیەک لایەنە گرێبەست بەکرێکاران بکەن و لەژێر ناوی کاری ڕۆژانەدا، هەموو مەرجەکانی خۆیان بەسەر کرێکارندا داسەپێنن. لەم نێوەشدا هەڕەشەی لەسەرکارکردن بوەتە چەکێک بەدەست خاوەنکارەوە، هەتا زەمینەکانی کاری هەرزان وکرێکاری بێدەنگ سازبدەن و لەسایەیدا زۆرترین قازانج کەڵەکەبکەن وبەربەستێک لەبەردەمیاندا بۆ چەوسانەوەی زیاترو زیاتری کرێکاران نەهێڵن.

بەڵام ئەوەی کەلەم دۆخەدا وای کردوە ئەم سیستەمە کارا بێت وکۆمپانیاکان بەئارەزوی خۆیان چنگیان لەملی کرێکاران گیر بکەن، ناڕێکخراوی و پەرتەوازەیی کریکارانە. لەکوردستان ڕێکخراوی بەهێزی کریکاران نیە، ناڕەزایەتیەکانیان پەرش وبڵاوو جارجارەریە، لەولاشەوە بێکاری هۆکارێکە بۆ ئەم دۆخە ومونافەسەی نێوان بەشەکانی کرێکارانی بۆ بەدەستهێنانی کار توندترو توندتر کردۆتەوە. کەوایە ئەگەر کرێکاران بیانەوێت ئەم چەکی هەڕەشە کردنەی خاوەن کۆمپانیاکان لەسەر سەری خۆیان هەڵبگرن، تەنها ڕێگا وبوونی خۆیان وکۆبونەوەیانە لەدەوری نوینەرانی دڵسۆزی خۆیان و لەدژی ئەم سیستەمەی کار لەهەرێمی کوردستانداو یاسای کاری حوکمەت ڕابوەستنەوە. لەم نێوەدا گرێبەستی بەکۆمەڵی ساڵانەی کرێکاران لەگەڵ کۆمپانیاکانداو دانانی مەرج و داخوازیەکان لەو گرێبەستانەدا وسەپاندنی خواستی“دەرکردنی کرێکاران بەبڕیاری یەکلایەن خاوەنکار قەدەغەیە“، ” دەبێت هەر جۆرە لەسەر کار دەرکردنێکی کریکاران بە بەشداری نوێنەرانی کرێکاران و خاوەنکار، لەکۆبونەوەی نێوانیاندا یەکلایی بکرێتەوە“.. لەیەک وتەدا ڕێکخراوبونی کرێکاران و هەڵبژاردنی نوێنەران لەناوەندەکانی کاردا دەتوانێت ئەم هەڕەشەیەی کۆمپانیاکان ناکام بکاتەوە وکرێکارانیش کەمێک ترسی دەرکردنیان لە کارەکانیان بڕەوێتەوە.

Related posts

ڕاگەیاندنی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار سەبارەت بە داڕمانی سەقفی باڵەخانەیەك لەسلێمانی و ژێرکەوتنی ٥ کرێکار!!

Dangi Krekar

دادگای کاری سلێمانی کەیسی ١٠ کرێکاری لەسەر کار دەرکراوی بەقازانجی کرێکاران یەکلایی کردەوە!

Dangi Krekar

سەروتای ژمارە ٥٠ ی دە نگی کرێکار /کرێکـارانی کوردستـان تـەنهـا بـەخەبــاتێکی  یـەکگرتوانە و ڕێکخراو،

Dangi Krekar

Leave a Comment