ژیانی کرێکارانی کۆمپانیاکانی طلبات لەوپەڕی سەختیدایە!
دەنگی کرێکار
کرێکارانی ئەم بەشە کارەکانیان ئیجگار سەختەو زۆرینەی کات و ژیانیان هەروا بەئاسان و بەڕۆژانەیەکی زۆر کەمەوە کەلەئاستی هەموو ئەو هیلاکیەیاندا نیە دەڕوات.
کاتی کارکردنی ئەم کرێکارانە دیار نیە، بەپێی خواستی کۆمپانیاکان نابێت لە٨ کاژێر کەمتر کاربکرێت، بەڵام کرێکارانیان ئازادو سەرپشک کردووە کەدەتوانن تەنانەت دەو دوانزەو پانزە کاژێریش کار بکەن. کارکردنی ئەم کرێکارانە سەرەڕای ئەوەی ئازاد کراوون لەسەعاتی کارکردن، بەڵام بەهۆی ئەوەی کەلەماوەی ٨ سەعاتی دیاریکراودا کەمترین داهاتان ئەبێت کەلە دەو دوانزە هەزار دینار تێپەڕ نابێت، بەم هۆیەوە بۆئەوەی بتوانن ژیانی ڕۆژانەیان مسۆگەر بکەن، ناچار دەبن کە زیاتر لەدوانزە سەعات کاربکەن و هەیانە کاژێر یەکی شەو ئەگاتەوە ناو باوەشی خێزانەکانیان ئەویش ئەگەر تووشی ڕوداوی هاتوچۆ نەبن..
لەکاتی ڕووداوی هاتوچۆشدا، لەکاتێکدا کرێکارێک بەر لێدانی قورس دەکەوێت، یان دەکەوێت، یان سەیارە لێیئەدات، کۆمپانیا هیچ لێپرسراوێتیەک نەک هەر لەئەستۆ ناگرێت، بەڵکو زۆرینەی جاریش بەهۆی سەختی بەرکەوتەیەوە لەکارەکەی دوور ئەخریتەوە..
ڕۆژانەی ئەم کرێکارانە ئەگەر بەگشتی وەربگیرێت لەمانگێکدا، لەوانەیە بگاتە یەک ملیۆن دینار یان زیاتر، لەکاتێکدا کۆی مەسرەفی ڕۆژانەیان بەخۆیان و ماتۆڕو بەنزینەوە لەسەر خۆیانەو کۆمپانیا هیچ شتێک لەمبارەیەوە لەئەستۆ ناگرێت. لەلایەکی تریشەوە ئەم کۆمپانیایانە پلەبەندییان کردووە لەئۆردەرەکانیاندا، ئەوانەی پلە یەکن بۆ هەرئۆردەرێک ٢،٧٠٠ دووهەزارو حەوت سەد وەرئەگرن و پلە پێنجەکان ٢،٢٠٠ دووهەزارو ٢ سەد وەرئەگرن.
ئەم کۆمپانیایانە گرێبەستی کاریان نیەو بەم پێیەش هیچ کرێکارێک دەستەبەری کۆمەڵایەتی نیە هەتا بتوانێت داهاتووی مسۆگەر بکات بۆ خانەنشینیەکەی.. هەر بۆیە پێوویستە لەسەر حکومەتی هەرێم و دام و دەزگا تایبەتەکانی ئەمجۆرە کارانە، بێنە سەرخەت وچوارچێوەیەکی یاسایی دابنرێت بۆئەم کۆمپانیایانە بۆئەوەی مافەکانی کرێکارانی ئەم بەشە نەکەوێتە ناوگیروگازەوەو بەئاسانی مافیان پێشێل نە.کرێت
کرێکارانی طلبات ڕۆژانە تووشی کێشەو گرفتی جۆراوجۆر دەبنەوە، هەر لەئیزعاج بوونی خەڵکەوە بەهۆی دەنگی ماتۆڕەوە، هەتا دەگاتە بەجنێودان و قسەی نەشیاو بەوان کاتێک کە ئۆردەرێک دەگەیەنن، بەم هۆیەشەوە ڕووبەڕووی لێپرسینەوە دەبنەوە لەلایەن کۆمپانیاوەو لەکارەکانیان دوور ئەخرێنەوە.. لەناوەڕاستی مانگی یەکەمی ئەمساڵدا چەندین کرێکار بەم هۆیانەوە لەکار دوور خراونەتەوە بەپاساوی سنور بەزاندنی شکۆی کۆمپانیاکانەوە.
بەشێکی زۆری ئەم کرێکارانە دەرچووی پەیمانگاو کۆلێژەکانن کەلەبەر بێکاربوونیان و دانەمەزراندنیان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، بەناچاری پەنایان بۆئەم کارە بردووە هەتا بتوانن ژیانی خێزانەکانیان دەستەبەر بکەن.