Dangikrekar.com
وتار

 ئەم جەنگە شاراوەیە ڕابگرن!

 ئەم جەنگە شاراوەیە ڕابگرن!

     شاباز مەحمود 

بەپێی ئامارێك کەنوسینگەی کاری نێودەوڵەتی بڵاویکردووەتەوە، ساڵانە ١٢٠ملیۆن کرێکاری پیاو و ژن توشی ڕوداوی کاردەبن و ڕۆژانەش ١٢١هەزار کەس بەسەختی برینداردەبن و ڕۆژانەش ٥٠٠ کرێکاری پیاو ژن لەوانەی برینەکەیان سەختە ژیان لەدەستئەدەن وچیتر ناگەڕێنەوە ناو خێزانەکانیان. ئەم ژمارە تۆقێنەرە، هێشتا نەبووەتە جێگای سەرنجی کۆمەڵگاو هاوکاتیش میدیاکان زۆربایەخ بەم دیاردەیە نادەن. هەرێمی کوردستان سەڕەرای ئەوەی کەسنوری جوگرافیاکەی بچووکە، بەڵام پشکی شێری بەردەکەوێت لەو ئامارەی کەئاماژەمان پێداوە، ساڵانە ڕوداوەکانی شوێنیکار ژمارەی پێوانەیی تۆمارکردووەو چەندین ساڵە بەهۆی کەمتەرخەمی حکومەت وخاوەنکارەوە کرێکار گیانلەدەست ئەدات و ڕووداوەکانیش دوبارەو چەندبارە دەبنەوە، لەساڵی ٢٠٢٤ داو لەماوەی نزیک حەوت مانگدا، تەنها ژمارەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوەو بەفەرمی ڕاگەیەنراوون لەهەرێمدا چل کەسی تێپەراندووە، تەنها لەشاری سلێمانی حەڤدە کەس ژیانیان لەدەستداوە، جگە لەوانەی بریندار یا کەم ئەندام بوون.. کاتێك ڕوداوێك ڕودەدات و بەفەرمی لەلایەن دامودەزگا پەیوەندیدارەکانەوە ڕایدەگەیەنن و دەڵێن لێکۆڵینەوە لەڕوداوەکە دەکەین، بەڵام دواترئەنجامی بەدواداچوونەکان دیارنیە.

لەماوەی سێ دەیە لەخەباتی ئێمە سەبارەت بە چاكکردنی هەلومەرجی کاروژیانی کرێکاران و لەناویاندا هەوڵدان بۆ بەرگرتن وەیان کەمکردنەوەی ڕوداوەکانی شوێنیکار هەمیشە وتومانە حکومەت بەرپرسی یەکەمە لەناسەلامەتی شوێنکاری کرێکاران و ڕووداوەکانی شوێنیکار. وتومانە کە حکومەت شانی خۆی خاڵیکردوەتەوە لەبەرپرسیاریەتی بەژیانی کرێکاران. ڕوداوەکانی ئەمساڵ قسەکانی ئێمە پشتڕاستدەکاتەوە.  ئێمە دەیان ڕووداومان بینی کەتوشی کرێکارانی بیناسازی بوون. کرێکارانێك کە لەدروستکردنی تەلارە بەرزەکانی شاردا کاردەکەن، بەهۆی پچڕانی سیمی بەرزکەرەوەکانەوە کەوتوونەتە خوارەوەو گیانیان لەدەستداوە، خاوەنکارەکان بۆ یەك سەعاتیش کارەکەی ڕانەگرت هیچ کەسیش نەیزانی چارەنووسی خانەوادەی قوربانیەکان بەکوێ گەیشت و کێ هۆکاری ڕوداوەکە بوو.. کرێکارەکان ؟یان خاوەنکارەکان؟.

لەو ڕوداوانەی کەڕوویاندا هیچ ئەنجامێک دیارنەبوو لەوەی کەدەبێت حکومەت یان خاوەنکار جێبەجێیان بکردایە، لانیکەم لەهەر پڕۆژەیەكدا لیژنەیەکی سەیفتییان دابنایەو ڕۆژانە هەموو پێداویستیەکانی سەلامەتی کاری کرێکارانیان فەراهەم بکردایەو نەیانهێشتایە کار لەو پڕۆژەیەدا بکرێت هەتا کەلوپەلەکانی سەلامەتی ئامادە دەکرا،. بەڵام ئەمە هەتا ئێستاش تاکوتەراو لێرەولەوێ ئەگەر کرابێت. خۆئەگەر سیستەمی کاری پڕۆژەیەكیش لیژنەی سەیفتی تێدابێت، ئەوا تەنها شکڵییەو کەمتەرخەمی خاوەنکارە بۆ پەردەپۆشکردنی کەموکورتیەکانی پرۆژەکەی. هاوکات، لیژنەکانی پشکنینی سەر بەوازارەتیکار دەستیان ناڕوات.  ئەم واقیعە تاڵە دەرئەنجامێکە کەئێمە لەگەڵیدا بەرەو ڕووبووینەتەوەو دەربازبوونیشی تەنها بەهێزی کۆمەڵایەتی چینی کرێکار دەکرێت. هەموو ڕوداوەکان دەرهاویشتەی ئەم سیستەمە دژە ئینسانی و دژە کرێکارەییەو پێویستە کرێکاران هۆکارەکانی ئەم دەردە دەستنیشان بکەن.. کرێکاران ئەگەر ڕێکخراو بن و جێگاوڕێگای ئابوری و کۆمەڵایەتی وسیاسی خۆی بناسێتەوە، ئەوا زۆر باش دەشتوانێت ئەم ژمارە زۆرە ترسناکانەی ڕوداوەکانی شوێنیکار کەم وکەمتر بکاتەوە هەتا ئەو ڕادەیەی کە کەمترین کرێکار بەهۆی ناسەلامەتی شوێنیکارەوە ژیان لەدەستبدات.

 

 

 

 

Related posts

“ئێمە سەلماندمان کەتوانای داواکردنی مافمان هەیە” گفتوگۆی لەگەڵ یەکێک لەکرێکارانی کارگەی گرین عێراق

Dangi Krekar

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

Dangi Krekar

لەمەراسیمی ئایاری ئەمساڵدا، بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار، خەڵاتی ڕێزلێنانی بەخشی بەهە‌ڵسوڕاوێکی کرێکاریی!

Dangi Krekar

Leave a Comment