Dangikrekar.com
هەواڵ

  لەمەراسیمـێکدا بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار، بە هاوبەشی لەگەڵ هەڵسوڕاوانی کرێکاریی، لەقەزای بازیان، یەکی ئایاری ئەمساڵیان بەرز ڕاگرت!

لەمەراسیمـێکدا بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار، بە هاوبەشی لەگەڵ هەڵسوڕاوانی کرێکاریی، لەقەزای بازیان، یەکی ئایاری ئەمساڵیان بەرز ڕاگرت!

     |  دەنگی کرێکار:

سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکی ئایار کاتژمێر ١١، لەقەزای بازیان ، ستافی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار بەهاوبەشی لەگەڵ هەڵسوڕاوانێکی کرێکاریی، مەراسیمێک   بۆ بەرز ڕاگرتنی  ڕۆژی جیهانی کرێکار سازدرا، کەتێدا بەشێک لەکرێکارانی کارگەکانی دۆڵی بازیان و بەڕێوەبەرایەتی شارەوانیەکان و ژینگەپارێزان، لەتەکیە، چەمچەماڵ، بەردەقارەمان، ئەلایی و.. تێیدا بەشداربون .

سەرەتا شاباز محمود، بەناوی ڕێکخەرانی مەراسیمەکەوە بەخێرهاتنی ئامادەبوانی کرد و یەکی ئایاری وەک ڕۆژی یەکیەتی و هاوپشتی کرێکاری ناساند. ئینجا وەستا مەهدی، سەرنوسەری بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار، وتەیەکی پێشکەشکرد وتێیدا لەسەر گرنگی یەکیەتی و یەکگرتوویی ڕیزەکانی کرێکاران، وەک تەنها ڕیگای بەدەستهێنانی خواستەکانی وسەپاندنی مافەکانی کرێکارن بەسەر خاوەنکارو کۆمپانیاکاندا، ڕاوەستا. وەستا مەهدی لەدرێژەی قسەکانیدا وتی:

“ ئەوەی کە دۆخی کارو ژیانی کرێکارانی سەخت ودژوار کردوە،  ئەوەی کە سەعاتکاری زۆر وکرێی کەم بەسەر کرێکاراندا داسەپێندراوە،  تەنانەت ئەوەی کەکرێکاران هیچ بیمەیەکی تەندروستیان نیەو دەستەبەری کۆمەڵایەتی ناکرێن. ئەوەی کە کرێکاران بەردەوام سزاو غەرامە دەکرێن وهەڕەشەی لەسەرکار دەرکردنیان لێدەکرێ، تەنانەت ئەو مافە کەمەی کەلەیاساکاندا بۆ کرێکاران دانی پێدانراوە،  کۆمپانیاکان جیبەجێی ناکەن… هەموو ئەم دۆخە بەرئەنجامی پەرشوبڵاوی ڕیزەکانی کرێکاران و ناڕێکخراوبونیانە، بۆیە پەیامی من بۆ کرێکاران لەئایاری ئەمساڵدا یەکخستنی هەوڵی ڕابەران و هەڵسوراوانی کرێکاریە لەڕاستای یەکگرتوکردن وڕیکخراوکردنی بەشەکانی کرێکاراندا“.

بەدوای ئەودا وەستا ئەکرەمی بیناساز ، پەیامی ڕێکخراوی کرێکارانی بیناسازی، پێشکەش کرد. ئینجا مەراسیمەکە لەبڕگەیەکی تردا، هەریەک لە پاڕیزەران ئەرکان حەسەن وئاگار نەجمەدین، وەک بەرپرسانی بەشی یاسایی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار، لەدو وتەی جیادا، لەسەر گرنگی خەباتی یاسایی بۆ گێرانەوەی مافەکانی کریکار کەلەیاساکانی هەرێمدا دانی پێدانراوە، پێداگریان کردو کرێکارانیان بانگەوازکرد کەبۆ بەدواداچونی کێشەو گرفتەکانیان و ئەو سەرپێچیانەی خاوەنکاران دەرهەق بەکرێکاران دەیکەن، پەیوەندی بەپاریزەرانی بەشی یاسایی دەنگی کریکارەوە بکەن تا پەیگیری بۆ کێشەکانیان بکرێ ولە دادگادا یەکلایی بکرێتەوە. لەگۆشەیەکی تری قسەکانی هەردو پارێزەردا، ئاماژە بەچەند نمونە لەکاری یاسایی درا کەلەدادگادا بەقازانجی کرێکاران یەکلایی کراوەتەوە. هەروەها هەر دوو پارێزەر کرێکارانیان دڵنیاکردەوە کەئەو خزمەتگوزاریە یاساییانەی پێشکەش بەکرێکاران دەکرێ بێبەرامبەرو خۆبەخشانەیە. لەبڕگەیەکی تردا هاوڕی رابەر ڕەفعەت یاداشتنامەیەکی خوێندەوە کەسەرەکیترین خواستە هەنوکەییەکانی کرێکارانی لەخۆ گرتبوو. ئینجا مەرسیمەکە مایکی ئازاد کرد بۆ قسەوباسی کرێکاران ولەم بڕگەیەشدا چەند کرێکارێک لەبارەی دۆخی کاری خۆیانەوە قسەیان کرد ولەکۆتایشدا پیرۆزبایی یەکی ئایار، ڕۆژی جیهانی چینی کرێکاریان لەئامادەبوان و سەرجەم کرێکارن کرد.

لەدوا بەشی مەراسیمەکەدا هاوڕی دابان خەڵاتی ڕێزلێنانی پێشکەش بەهاوڕی عومەری رافیعە کرد، بەهۆی هەوڵ و خەباتێکەوە کەلە ڕاستای داکۆکیکردن لەمافەکانی کریکاراندا گرتویەتیەبەر..

مەراسیمی ئایاری ئەمساڵ لە کەشوهەوایەکی کرێکاری و خەباتکارانەدا وبەپەخشکردنەوەی چەندین سرود وشیرینی سەرکەوتوانە بەڕێوەچو..

Related posts

بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی شوێنی کارەوە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون ڕادەگیرێت!

Dangi Krekar

کرێکارێك لە پرۆژەیەکی نیشتەجێبون لەسلێمانی کەتوەتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا

Dangi Krekar

هەنگاوێکی تری دەسەڵات بۆکردنەوەی دەرگاکانی خوێندن شکستی پێهێنرا.

Dangi Krekar

Leave a Comment