وەرگرتنی کرێکار لەڕێگای بەڵێندەر و بەڕۆژانە کارەوە، نایاساییە!
محمود حەلاق
ئەم بابەتە قسەوباسی زۆر هەڵدەگرێت کەلەسەری بکرێت. چەندین لایەنی شاراوەی جۆراوجۆری قازانـــــجهێنەری تێدایە بۆ کۆمپانیاو کارگەکان و بەزەرەری زۆری کرێکارانە.. لەخوارەوە هەوڵئەدەین بەووردی ئەو سیاسەتەی کەلەپشتی ئەم قازانجە گەورە ماددیەدایە بۆ کارگەو کۆمپانیاکان، ڕوون بکەینەوەو سەرنجی کرێکارانی بۆ ڕابکێشین..
جاران، کرێکار لەڕێگای ئیدارەی کارگەیەکەوە دائەمەزراو ئەچووە ناوکارو کارکردنەوە.. گرێبەستێکی بۆدەکراو زۆرجاریش گڕیبەستەکە دوبارە دەکرایەوەو لەم ڕاستایەشەوە دواتر دەبوو بەگرێبەستێکی هەمیشەیی، بەڵام ئەوا بۆ نزیک ساڵێک دەچێت، لەهەندێک کارگەو لەسەر ئاستی کوردستاندا لەڕێگای ئۆفیسێک، یان لەڕێگای کۆمپانیای ناو کارگەیەکەوە کرێکار دەهێنرێـــتە ناو کارگەو ئیشکردنەوە، ئەم شێواز و نموزەجە، چەندین فێڵ و حیــــــللەی تێدایە کەلەخوارەوە ئاماژەیان پێدەدەین:
بەپێی یاسایکاری بەرکاری هەرێم، تێستکردنی کرێکار لەیەکڕۆژەوە بۆ ٣ مانگە درێژ دەبێتەوە، بەڵام دەبێت هەر لەیەکەمڕۆژی کارکردنەوە کرێکارەکە دەستەبەر-ضمان بکرێت. لێرەدا ئیشی ئەو ئۆفیسە یان ئەو کۆمپانیایەی کەلەناو کارگەکەدایە هەر ئەوەیە، کەهەوڵئەدات:
١/ کەمترین کرێکار دەستەبەر بکات کەلەپەنجەی یەکدەست تێپەڕنەکات. بۆ ئەوەی بڕێکی باش لەبودجە بۆ کارگەکە بگەڕێنێتەوە لەسەر حسابی زوڵمێک لەکرێکارو دەستەبەرنەکردنی کرێکارەکە.
٢/ ئۆفیسەکە یان کۆمپانیاکە کارگە نابەرپرسیار دەکات لەسەر ئەو ئەرکانەی کەهەیەتی بەپێی یاسا کەدەبێت بیگرێتەبەر لەبەرامبەر کرێکاردا.. بەواتایەکی تر، ماف و خواستی کرێکار پێشێل دەکات و بەئاسانی لەئەرک و بەرپرسیارێتی لەئاستی کرێکارەکەدا خۆی ئەدزێتەوە سەرەڕای قازانجی ماددی زۆر گەورە کەڕاستەوخۆ لەهێزیکارو هیلاکی و خوێن بوون بەئاوی کرێکارەکە وەدەستی ئەهێنیت..
٣/ کۆمپانیاکە یان ئۆفیسەکە دەتوانێت کرێکار لەکار دەربکات، کرێکار بهێنێت و ئیزن بدات، بەمجۆرە کارگە دەپارێزێت لەهەر لێپێـــــچینەوەو ئیجرائات و لێپرسینەوەیەکی یاسایی ئەگەر لەلایەن کرێکارەوە شکاتێک بکرێت.. ئەگەر شکاتی وا لەلایەن کرێکارێکەوە بێتە پێشەوە، ئەوا لەجیاتی کارگەکە، کۆمپانیا یان ئۆفیسەکە تاوانبار دەکرێت.. ئەو کاتەش لەڕێگای پەیوەندییە شەخسیەکانی کۆمپانیا یان ئۆفیسەکەوە کە سەربە ئەحزاب و لێپرسراوانن، بابەتەکە بەقازانجی خۆیان یەکلایی دەکەنەوەو ئەو یاسایکارە کەخۆیان دایانڕشتووەو لێرەو لەوێ ئەگەر هەندێک بڕگەو یاسایی بەقازانجی کرێکار تێدا بێت، ڕاستەوخۆ خۆیان دەکەوونە بەرامبەرییەوەو خۆشیان دژایەتی ئەکەن و بەمجۆرە پێشێلی یاساکانی خۆشیان ئەکەن لەپێناوی قازانجی زیاترو کەڵەکەی سەرمایەی زیاتر لەسەر خوێن و ژیانی کرێکاران.
٤/ خۆدزینەوە لەواژۆی گرێبەستی کارکردن.. کارگەکە بەهۆی ئەو ئۆفیس و کۆمپانیایەوە هیچ بابەتێکی فەرمی بەشێوەی گرێبەستی کارکردن لەگەڵ کرێکاردا واژۆ ناکات، بەڵکو کۆمپانیا یان ئۆفیسەکە خۆی بەرپرسیار دەکات و ئەرک و ڕێکاری یاسایی لەلایەن کارگەوە، کۆمپانیا یان ئۆفیسەکە لەئەستۆی دەگرێت ..بەمجۆرە بەهۆی نەبوونی گرێبەستی کارەوە ناکەوێتە بەرامبەر لێپێچـــــینەوەی یاساییەوەو لەکاتی لێپرسینەوەشدا پاساوی ڕۆژانەکار دەهێـــــنیتە پێشەوە هەتا بتوانێت سزا یاساییەکان لەخۆ دووربخاتەوە..
٥/ نایاساییـــــشە: نایاسایی بوونەکەشی ئەوەیە کە دەبێت کرێکار لەیەکەم ڕۆژی کارکردنیەوە گرێبەستی کارکردنی هەبێت و نوسخەیەک لەگرێبەستەکەش بدرێت بەکرێکارەکەو نوسخەیەکیش بدرێت بەبەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی.. وەکو تریش مەرجە لەگەڵ بوونی گرێبەستەکەدا دەبێت دەستەبەریشی بۆ بکرێت..
٦/ دیسانەوە بەپێی یاسایکار، شتێک نیە بەناوی کرێکاری ڕۆژانەوە(ڕۆژانەکار) لەکارگەیەکدا.. لەڕاستیدا سیاسەتی ئەم ئۆفیس و کۆمپانیایانە هەرئەوەیە: ئەگەر ڕۆژێک کارگەکە پەکی بکەوێت بەهۆی شکاندن و لەکارکەوتنەوە یان بەهۆی تەعمیرات و چاککردن و نوێکردنەوەوە یان بەهەر هۆکارێکەوە بێت…و بەرهەمەکەی بوەستێت و دوابکەوێت لەخستنە ناو بازاڕەوەوبەم هۆیەوە زەرەر بکات، ئەو کاتەش ئەوان لەجیاتی مووچەی مانگانە بۆ کرێکارەکە، حساباتی ڕۆژانە کاری لەگەڵدا دەکەن و چەند ڕۆژ کاری کردبێت، بایی ئەوەندەش پارە وەردەگرێت.. هەموو ئەم زیکزاک و فرت و فێڵەش لەکرێکار، جگە لەبێویژدانی و نائینسانیەک کە بەوان دەکرێت، بەئاشکرا ڕوتاندنەوەو دزینی گیرفانی ئەوانە لەپێناوی کەڵەکەی سەرمایەو بزنسیدا بەژیان و گوزەران و بەخوێنی کرێکارانەوە..
٧/ کەواتە ئێستا ئەم کۆمپانیاو ئۆفیسانە چ قازانجێک دەکەن لەناو کارگەکاندا؟
ئەم ئۆفیس وکۆمپانیایانە سەربەئەحزابی دەسەڵاتدارو لێپرسراوانن، خۆ ئەگەر شەریک نەبن لەکارگەو کۆمپانیاکاندا، ئەوا لانیکەم ڕێژەیەک لەبڕی قازانجی کارگەو باج و خەراجێک کەهەیانە، سەهمێکی گەورە دەبەن..
قازانجەکان لەباری یاساییەوە:
کرێکارە گرێبەستی ئیشی نیەو پێنادرێت.. دەستەبەری کۆمەڵایەتی نیە.. شمولی مۆڵەت و پشوەکان ناکات… چونکە کاری کرێکارەکە دەکەوێتە ناوچوارچێوەی ڕۆژانەکارییەوە.. هەموو ئەوانەش لەزەرەری کرێکارەکەدایەو بەئاشکرا پێــــچەوانەی یاسایکاری هەرێمە..
قازانجەکان لەباری ماددی و ئابورییەوە:
١/ ئەگەر نموونەیەک وەربگرین: کاتێک کۆمپانیا یان ئۆفیسەکە کرێکار وەردەگرێت بۆ کارکردن لەکارگەیەکدا، لەگەڵ کرێکارەکە ڕێکدەکەوێت بەبڕی مووچەی بمانگانەیەک کەلەچاو مووچەی کرێکارێکی کۆن یان پێشتری ناوکارگە جیاوازی زۆری هەیە.. ئەگەر کرێکارێکی ساڵانی پێشتر بۆ نمونە مانگانەکەی ٧ سەد هەزار بێت، ئەوا ئەو کرێکارەی کەلەڕێگای کۆمپانیا یان ئۆفیسەکەوە دادەمەزرێن زۆرینەی جار لە ٥ سەد هەزار کەمترە بۆهەمان ئەو ئیشەی کەلەکارگەکەدا دەکرێت..
٢/ کاتێک کارگە یان ئەو ناوەندیکارە نوێژەن بکرێتەوە، یاخود بەشێک لەئامێرەکەی دەشکێت یان لەکار دەکەوێت، یان پاکوخاوێن بکرێتەوە، یان بەهەر هۆیەکەوە چەند ڕۆژو هەفتە کار ڕادەگرێت، ئەوا بەشێوەی ڕۆژانەکار حەق وحسابات لەگەڵ کرێکارەکەدا دەکرێت و چەند ڕۆژ کار ڕاگیرابێت، حەقی ئەو چەند ڕۆژەی لێدەبڕدرێت.. بەم پێیە بڕێکی زۆر لەحەقی کاری کرێکار کە گلئەدرێتەوە ڕاستەوخۆ دەخرێتە ناو سەبەتەی خاوەن کۆمپانیاو کارگەکەوە کە ئەگەر بەشێوەیەکی وورد هەژماربکرێت، مانگانە دەیان و دەیان ملیۆن دینار دەگەڕێتەوە بۆ خاوەنکارو کۆمپانیاو ئۆفیسەکانیش قازانجی گەرە دەکەن لەم دزییە ئاشکرایە کەلەکرێکار دەکرێت.
٣/ ئەم جۆرە مامەڵەیە لەکارگەو ناوەندیکاردا، جگەلەقازانجە ماددیە زۆرەکان بۆ خاوەن کۆمپانیاو کارگەکان، وەکو تریش زەربەی قورسە لەکرێکار ئەدرێت، هەم بەئاشکرا بەشێکی زۆر لەبەرو ڕەنجی کرێکار کەخوێنی لەسەر بووە بەئاو، بەئاشکرا دەخورێت، وهەم لەم ڕێگایەشەوە ئەوەندەی کەپێیان دەکریت، خۆیان لەدەستەبەرکردنی-ضمان- کرێکارەکە ئەدزنەوەو بەمجۆرە داهاتووی کرێکارەکە حەواڵەی چارەنوسێکی نادیارو تراژیدی ئەکرێتەوە..
