دوای ٣ ساڵ، ئینجا سەرۆک وەزیران ڕەزامەند بوون بەدیاریکردنی کەمترین بڕی مووچەی بەشیک لەکرێکاران!
| دیار بەرزنجی
دوای نوسراوی وەزارەتیکارو کاروباری کۆمەڵایەتی لەسەر کۆنوسی لیژنەی کەمترین کرێی کرێکاری ناکارامە، لەسەر ڕاسپاردەی نوسینگەی سەرۆک وەزیران، ڕەزامەندی درا لەسەر کەمترین کرێی کرێکاری ناکارامە کەنابێت لە (٤٥٠٠٠٠) کەمتر بێت و کرێکاری ڕۆژانە نابێت لە (١٥٠٠٠)کەمتر بێت..
هەتا ئێرە بڕیارەکە ڕۆشنە.. هەروەها ئەم بڕیارە وەک پاشکۆیەک وایەو ناچێتە ناو خانەی یاسایکاری هەرێمەوە، بەڵام دەنگی کرێکار دەیەوێت سەرنجی خۆی لەسەر ئەم بڕیارە بخاتە بەردەست کرێکاران لەچەندین خاڵدا:
یەکەم: سەرەتا، ووشەی کرێکاری ناکارامە، ناحەقیە بەکرێکار دەکرێت، بۆچی کرێکار ناکارامەیە؟! ئایا ناکارامە مانای چیە؟ ئایا کرێکارێکی پاککەرەوە لەخەستەخانەکان، یان کرێکارانی ژینگەپارێز ئەبێت بۆچی ناکارامە بن لەکاتێکدا کەکاری ئەوان تەنها پاککردنەوەیە لەخاشاکوخۆڵ و جوان و خاوێنڕاگرتنی ژینگەیەو شارەزاییەکی ئەوتۆی لەزانست و تەکنۆلۆژیای پێوویست نابێت؟! ئەگەر ناکارامەیی کرێکار بەو مانایە لێکئەدرێتەوە کەکرێکارەکە خاوەنی شارەزایی و بڕوانامەی تایبەت بەکارێک نەبێت، یان لانیکەم ڕاهێنانی پیشەیی نیە، هەروەها حکومەت نەیتوانیوەو ناشیەوێت کە دەوراتی ڕاهێنانی پیشەیی لەکۆمپانیاو ناوەندو کارگەکاندا بەتایبەت لەبواری بیناسازیدا فەراهەم و دەستەبەر بکات و فەرزی بکات بەسەر خاوەنکارەکاندا، ئەوا ئەم بابەتە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەحکومەتەوە هەیە کەنەیتوانیووەو ئەسڵەن گرنگیشی بەوەنەداوە کە پەیمانگای ئیشە پیشەییەکان (حیرفەیی) بکاتەوەو کرێکاران لەوێدا فێری جۆری کارو ستانداردی کارکردن بکرێن لەپێناوی پێشکەشکردنی کوالێتێیەکی باشترو بەرزترو ستاندارد لەناوی بازاڕی کارکردندا.. کەواتە ناکارامە خودی حکومەتە نەک کرێکار کەدەوراتی تایبەت ناکاتەوە بۆ بردنەپێشەوەی ئاستی ڕۆشنبیری و پەروەردەو فێرکارییەکانی کاری حیرفەیی لەپێناوی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و کاری شیاوو ستاندارد.
دووەم: زیادکردنی ئەم بڕە پارەیەو جێگیرکردنی لەو ئاستەدا، خۆیلەخۆیدا هەنگاوی باشەو هەربڕە پارەیەکی زیاتریش بخریتە سەر سفرەی کرێکاران و ژیانی کرێکار بەرێتە ئاستێکی باشترەوە، بێگومان جێگای تقدیرە.. بەڵام جێگای خۆیەتی لێرەداو لەتێڕوانینی کرێکارانەوە ئەم زیادکردنە کەمێک شەنوکەوبکەین..
چەند ساڵێک لەمەوپێش، وەزارەتیکارو کاروباری کۆمەڵایەتی بەنووسرواێک کەبەرواری ٣١/١/٢٠٢١ لەسەرە، بڕیاریداوە کە کەمترین موچەی مانگانەی کرێکاران لەکەرتی تایبەت ٣٥٠ هەزار دینار کەمتر نەبێت و بۆ هەر سەعات کارێکیش٢٥٠٠ دوو هەزارو پێنج سەد دیناری دیاریکردەووە. ئێمە گەرماوگەرم لەبڵاوکراوەی دەنگی کرێکارەوە بابەتێکمان لەسەر ئەم بڕیارە بڵاوکردەوەو ووتمان بڕیارەکەی وەزارەتیکار، بۆ دیاریکردنی نرخی سەعاتکاری ”کرێکـارانی ناکـارامــە”، بـڕیـارێــکە دژ بـەکـرێـکارانــــەو لــــــەبـــەرژەوەنـدی خاوەنـــکار و کۆمپـانیـاکان دەرکـــــراوە!
لەڕاستیدا، کرێی کرێکاران لەهەموو گۆشەو کەنارێکی ئەم جیهانەدا، بەپێی بەڕێوەچوونی ژیان و گوزەرانی خێزان و زامنکردنی لانیکەمی پێداویستیەکانیان دیاریدەکرێت. هاوکات لەگەڵ چوونە سەری نرخی شتومەک و هەڵاوساندا، کرێی کرێکارانیش دەبرێتە سەرەوە. بەشێوەیەکی گشتیش لەسەرجەم وڵاتانی جیهاندا یاسایکار هەیە کەلانیکەمی بژێوی و ماف و ئەرکەکان و هەلومەرجیکاری کرێکاران لەبەرچاو دەگرێت..ئەو ئاستەش لەبژێوی ومافەکان هەتا دەگات بەلانیکەمی موچە لەهەر کۆمەڵگەیەکدا ڕەنگدانەوەی خەبات و ئاستی هوشیاری چینی کرێکارو بەرهەمی خەباتی ئەو چینەیە، نەک خێرو سەدەقەیەک کەدەسەڵات بەپۆزو منەتێکەوە بەناچاری دانی پێدا بنێت..
لەکوردستاندا، ئەگەر باسێک لەیاسا کارێکی نوێ بکرێت کە لەئاستی هەلومەرجی ئێستای ژیان و گوزەران و بەرەپێش چوونی کۆمەڵگەو چوونە سەری نرخی کاڵاوگرانی بێت، ئەوا یاسایەکی لەمجۆرە نەک هەر نیە، بەڵکو هەتا ئێستاش یاسایکاری سەردەمی بەعس بەڕێوەدەچێت کەیاسایەکە بەهیچ پێودانگێک لەگەڵ هەلومەرجی ئێستای کارو ژیانی کرێکاراندا ناگونجێت.
ئەنجومەنی وەزیران لەکاتێکدا ئێستاو پاش زیاتر لە ٣ساڵ ئینجا بڕیار لەموچەی بەشیک لەکرێکارانی کۆمپانیاو کەرتی تایبەت ئەدات، خۆی لەجیهانێکی تەواو جیاوازی تێروتەسەلدا ژیان دەگوزەرێنێت.. موچەی یەکڕۆژی وەزیرو پەرلەمانتارو بەرپرسانی حکومی، ئەسڵەن نەک هەر لەگەڵ مووچەی یەک مانگی کرێکارێکدا قابیلی بەراووردکاری نیە، وە یەکبەیەکیان نەک هەر سەرچاوەی کوێرەوەری ونەهامەتیەکانی کرێکاران و خەڵکن، بەڵکو وەکو تریش زەرەرو زیان نەبێت، هیچ سودو قازانجێکیشیان بۆ کۆمەڵگا نیەو بوونەتە سەربار..
لەڕوانگەی کرێکارانەوە، لانیکەمی کرێی کرێکاران و کارمەندان، دەبێت لەسەر بنەمای وەڵامدانەوە بێت بەلانیکەمی پێداویستی ژیان و گوزەرانی خێزانێکی پێنج نەفەری و هاوتەریب بێت لەگەڵ هەڵاوسان و گرانی بازاڕو چوونە سەری خواست و پێداویستیەکانی ژیان.. دیاریکردنی ٤٥٠ هەزار دینار بۆ مانگانەی بەشێک لەکرێکاران لەهەلومەرجی ئێستای کوردستاندا، کەکرێ خانوو، کرێی ئاوو کارەبا، کرێی هاتووچۆ، کرێی خەستەخانەو خوێندن، جلو بەرگ و خواردن و خواردنەوە… نەک هەر وەڵامدەرەوەی ژیان و بژێوی ڕۆژانەی کرێکاران نیە، بەڵکو ئەم منەتەش لەڕوانگەی قازانجی خاوەنکارو کۆمپانیاکانەوە بڕیاری لێدراوە سەرەڕای لایەنە ئەرێنیەکەی لەکەمێک شان سوککردنی کرێکار بەزیادکردنی ئەو بڕە پارەیە..
سەرەڕای ئەوانەش، پێئەچێت ئەم بڕیارە جێــــبەجێ نەکرێت تەنها بەو بەڵگەیەی کەلەبەرژەوەندی کۆمپانیادا نیەو لەو قازانجەی کەدزراوە لەگیرفانی کرێکاران، کەمدەبــــێتەوە.. بەڵام ئایا لەم حاڵەتەدا ئەگەر ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران جێــــبەجی نەکرێت، کاردانەوەی حکومەت چی دەبێت؟
