لەکوردستان بێکاری ڕوو لەهەڵکشانە!
سیروان رە مە زان وەڵامی پرسیارە کانی دە نی کرێکار دە داتەوە
بێکارییەکی زۆرو بەڕێژەیەکی مەترسیدار کۆمەڵگای کوردستانی لە دۆخێکی نالەباردا ڕاگرتووە، خەڵکانێکی زۆر بێکارن و بە چنگەکڕێش نانی ئێوارەیان دەست ناکەوێت، سەدان هەزار لەگەنجانی دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان لە نەبوونی هەلیکارێکی گونجاودا کەوتۆتە سەر شەقام و بەم هۆیەوە چارەنوسێکی لێڵ و نادیاری خستۆتە بەردەمیان، تێڕوانینی بەرێزتان وەک کرێکارێک چیەو چۆن بتوانرێت ڕووبەڕووی ئەم بێکارییە ببینەوە؟
سیروان رە مە زان : سوپاس بۆ دەنگی کرێکار. پێموانیە هیچ وڵاتێک نییە کێشەی بێکاری نەبێت، بەڵام گرنگ هەوڵدانە بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری کەبەداخەوە وڵاتی ئێمە لەم لایەنەوە سفرە. من پێموایە چارەسەر کردنی ئەم گرفتە تەنها پەیوەستە بەخەمساردی چینی کرێکار خۆیەوە لەگەڵ حکومەتدا.
لەهەر وڵاتێک سەندیکای کرێکاران هەیەو کرێکاران پەیوەندییەکی پتەویان هەیە لەگەڵ ئەودا، بەڵام لە کوردستان سەندیکا لەلایەن کرێکارانەوە جێگا متمانە نیەو تاکوتەرا نەبێت هیچیان بۆ کرێکاران نەکردووە. لەهەمانکاتدا بەبێ یەکدەنگی و یەکگرتوویی کرێکار کە چۆن لەدەوری یەکتری کۆببنەوەو فشارەکانیان گەورەتر بکەن لەپێناوی بەرگری لەخۆیان بۆ دەستەبەرکردنی خواست و داواکانیان، ئەوا بەدڵنیاییەوە ناتوانن ژیانیان لەئێستا باشتر بکەن. ئەوەی کەپشتی کرێکاری شکاندووە لەلایەک نابەرپرسیارێتی حکومەت و ئەوسیستەمەی کارکردنە کەبەدەستهێنانی هەلیکاری سپاردووە بەکۆمپانیاکان و کەرتی تایبەت، کەئەوانیش هیندە چاویان لەقازانجی خۆیانە هێندە لەبیری بیکاراندانین. لەلایەکی تریشەوە ناڕێکی نێوان کرێکاران خۆیانە، پەرت و بڵاوی خۆیانە بۆیە ئاوا کۆمپانیاو خاوەنکار بەئارەزووی خۆیان چییان بوێت فەرزی ئەکەن بەسەریاندا. ئێمە ئەبینین کرێکارەکە خۆی مافەکەی خۆی ناوێت، بەدواداچوون ناکات، نایەن گروپ گروپ پێکەوە ڕێکبکەوون و لەدەوری یەکتری کۆببنەوە بۆئەوەی بزانن چی بکەن. ئەگەر کرێکاران بیرێک لەخۆیان بکەنەوە کەچۆن خۆیان گردوکۆبکەنەوەو دەستەو کۆڕو کۆمەڵی خۆیان دامەزرێنن و تەنانەت بگاتە ئەوەی کەڕێکخراوێکی کرێکاری خۆیان دروستبکەن بەمەبەستی سەنگەرێکی قایم کەدیفاع لەکرێکاران و مافەکانیان بکات و چۆنیش بتوانێت ئەو ڕێکخراوە کرێکاران لەدەوری خۆی کۆبکاتەوە تا ڕیزەکانی لەپەرش و بڵاوی بپارێزێت، ئەمەش تەنها بەیەک دەنگی و پتەوی ڕیزەکانی کرێکاران دەستەبەر دەبێت، پێشموایە هاوکاری و ڕێنماییەکانی دەنگی کرێکار ئەبێت بکەین بە تاکە شوێن وپشت و پەنای خۆمان وەک کرێکاران.
کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی دوانەیەکی پێکەوە لکاون و وڵات پێویستی بەهەردووکی هەیە چ بیەوێت یان نەیەوێت. نەبوونی کار واتە ڕوخاندنی ئابوری هەموو جومگەکانی وڵاتە. کرێکاران و دەرچوی زانکۆو پەیمانگاکان، هەردوولا پێویستە بێنە سەرخەت بەشێوازێکی یاسایی و نەرم و نیان بێنە سەر شەقام داوای کار یان بیمەی بێکاری بکەن، داوای مافەکانیان بکەن، ئەگەر نا پێموانیە وەزع لەمە باشتر بێت، چونکە ئەگەر ئەوان داوای مافی خۆیان نەکەن، کێ داوای بکات و چاوەڕێی کێ ئەکات کەبۆی بکات!. ڕوانینی من بۆ کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت لەمە خراپتر دەبێت نەک باشتر ئەگەر ڕێگە چارەیەکی بۆدانەنێن بۆ سەندنی ماف و حەقەکانی خۆیان.
دەنگی کرێکار: زۆر باشە کەواتە ڕێگە چارە چییە، خەڵکی ناڕازی چی بکات بۆ لابردنی ئەم بارودۆخەی کەبەسەریدا سەپاوە؟ ئەو کرێکارانەش کە ناڕەزایەتیان هەیە یان شۆێنی کارەکەیان دەگۆڕن یان دەریان دەکەن، ساڵانێکە بەشێوەی جۆراجۆر مانگرتن و خۆپیشاندانیان کردووە بەڵام هێشتا لیستی خواستەکان پڕن لەداخوازی کە هەموی پەیوەندی بەژیانی ڕۆژانەی چینی کرێکارەوە هەیە؟
سیروان رە مە زان : شوێنگۆڕین و دەرکردنی کرێکار، تاکە چەکی خاوەنکارە کە بەکاری دەهێنێت، بەڵام کاتێک ئێمە بووینە هێزێکی پتەوو قایم و لەدەوری یەکتری کۆبووینەوە، ئەو کاتەش هێزی خاوەنکار لاواز دەبێت و ناتوانێت بەئاسانی زوڵم بکات لەکرێکارو بەئارەزووی خۆی یاری بەژیان و چارەنووسی کرێکارەوە بکات.. ئێمە بەهێزبین، ئەوان بێهێز دەبن و بەپێچەوانەشەوە.
ئامارەکان پێمان دەڵێن:
بەرئەنجام لە ئامارە فەرمییەکان، نزیکەی
٦ بۆ ٧ سەد هەزار هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستان بێکارن، ئەمە جگەلەژمارەی ژنانێک کەکاری ناوماڵ دەکەن، واتە ”ژنی مالەوەن“ و کارەکانیان بەحساب نایەت. لەم ژمارەیەش نزیکەی ٤ سەد هەزاریان گەنجانی تەمەن (١٦ بۆ ٢٤) ساڵن!
زیاتر لە ١٠ بۆ١٢ ساڵە دامەزراندن لە کەرتی گشتی ڕاگیراوە(ژمارەیەکی زۆر کەم نەبێت)، هەر لەو ماوەیە نزیکەی (٣,٥٠٠) پرۆژە وەستاون کە بەهۆی وەستانی ئەو پڕۆژانەوە هەزاران هاووڵاتی بێکارن بوون، بەهۆی خراپ دابەشکردنی مووچەو بەردەوامی قۆرخکارییو دەستگرتن بەسەر بازرگانیو بازاڕدا لەلایەن کۆمپانیاکانی حزبەکانی دەسەڵات و زیادکردنی باج و ڕسوماتیشەوە جوڵەی بازاڕ بە ئاستێکی زۆر خراپ دابەزیوە، هەموو ئەمانەش بێکاری زیاتر بەدوای خۆیاندا دەهێنن..