Dangikrekar.com
وتار

بیمەی تەندروستی بۆ کرێکاران و هەموو هاووڵاتیانی کەمدەرامەتی کوردستان ئەرکی دەست بەجێێ حکومەتە!

بیمەی تەندروستی بۆ کرێکاران و هەموو هاووڵاتیانی کەمدەرامەتی کوردستان ئەرکی دەست بەجێێ حکومەتە!

    وەستا مهدی 

 

یەکێك لەو خزمەتگوزاریانەی کە کرێکاران و هاووڵاتیان لێی بەهرەمەند بوون، کەمێك بارسوکی بۆیان دروست کردبوو، پێشکەشکردنی داودەرمان و بینینی نەخۆش بوو لەو نەخۆشخانەی کە موڵکی حوکمەت بوون و خەرج و مەساریفی لە لایەن حوکمەتەوە بۆ دابیندەکرا .

دوای ئەوەی کە ئاڵوگۆری سیاسی رویداو سیستمی سیاسی لەسەر بنەمای فیدراڵی دامەزرا، یەکەمین شت کە دەستیان بۆبرد، وەرگرتنەوەی بەرپرسیارێتی دەوڵەت بوو بەرامبەر بە دابینکردنی خزمەتگوازری گشتی کۆمەڵگاو بەرەڵاکردنی ئابوری بوو بە تەواوی بۆژێر دەستی بازاڕ، کە رێگەیدا بەسەرمایەداران بۆ کۆنترۆڵکردن و تایبەتیکردنی بەشێكی گرنگ لە دامەزراوە خزمەتگوزاریەکان و بەستنەوەی بە میکانیزمی بازاڕ و قازنج و سودەوە! یەکێك لەو سێکتەرە گرنگانە سێکتەری تەندورستی بوو. ئەوەبوو نەخۆشانە حکومیەکان بەرەبەرە بەرەو پوکانەوە بران و لەبەرامبەر ئەواندا سەدان نەخۆشخانەی ئەهلی بە دەرمانخانەو دکتۆرو تەوای پێداویستیەکانی ئەو بوارە  دامەزران. ئەو بەشەی نەخۆشخانە حکومیەکان کە بەناچاری هێڵرانەوە، سیستەمی نیوە خسوسی تێدا جێبەجێکراو نەخۆش ناچارکران کە بەرامبەر هەر چارسەرێك و پشکنین و نەشتەرگەریەك بڕێکی زۆر پارە بدات بە حکومەت! نەبوونی خزمەتگوازری تەندروستی و یان نەهێشتنی ئامێری پێشکەوتوو، نەمانی دکتۆری شارەزا لە خەستەخانە حکومیەکان، یان تەنها دەوامکردنێکی رەمزی بەبێ ئەوەی هیچ خزمەتگوزاریەکی گرنگ پێشکەشی هاوڵاتیان بکەن، یان دانانی سەرەی دوور بۆ نەخۆش، وایکرد کە خەڵک بەناچاری روبکەنە دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت وملبدەن بەو سیستەمەی کە لە چوارچێوەی بەرنامەی سیاسی تازەی عێراقدا هەیە.

ئەم سیستەمە تازەیە لەگەڵ خۆیدا تەعین مەرکەزیشی وەستاند و دەیان هەزار کەس لەدەرچوی بواری تەندروستی چونە ناو ریزی بێکارانەوە و بوونە هێزیكی کاری هەرزان بۆ خاوەن نەخۆشخانە ئەهلیەکان و بەنرخێکی هەرزان و سەعات کارێکی زۆر کاریان پێبکەن. هاوکاتیش بازرگانەکانی هێنانی کەلوپەلی پزیشکی و داودەرمان و ئەوانەش کە خاوەنی دەسەڵاتن یان کومپانیای دەرمانسازیان دامەزراند، یان هێنانی داودەرمانیان بۆخۆیان قۆرخ کرد و بوونە پاڵپشتێکی باش بۆ بەسەرکەوتن گەیاندنی پرۆژە و دامەزراوەکانی کەرتی ئەهلی لەبواری تەندروستیدا.

ئێستا دوای چەند ساڵ لەکاولکردنی دامەزراوەکانی کەرتی حکومی و دوای ئەوەی هەزاران کەس لەکرێکاران و هاووڵاتیانی کەمدەرامەت لە بێ ئیمکانیدا گیانیان سپارد، یان ئەو پاشەکەوتەی کە لەماوەی چەندین ساڵ کۆیان کردبۆوە دایان بە داودەرمانی گران، کەچی تازە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم لەیاساکانی تایبەت بە خانەنشینی و بیمە کۆمەڵاتیەکان باسی کاراکردنەوەی بیمەی تەندروستی ئەکەن! ئەمە لەکاتێکدا هەرچی موچەخۆری دەوڵەتە بەشێوەکی ئیلزامی مانگانە برێك پارە لەموچەکەی بڕدراوەو چوەتە سندوقی خانەنشینی و بیمە کۆمەڵاتیەکانەوە و لەو سندوقەش ڕێژەیەک دیاریکراوە بۆ بیمەی تەندروستی، بێئەوەی هیچ خزمەتێکی بە کرێکارو هاووڵاتی کردبێت. لەکاتێکدا مەسەڵەی بیمەی تەندروستی دەتوانرێت هەر لەو بڕەپارەیەی کە لەکرێکارو خەڵکی وەردەگرن و ئەوبرەش کە بەیاسا رێکخراوەو ساڵانە حوکمەت ئەبێ بیخاتە ناو ئەو سندوقەوە، کرێکاران و هاووڵاتیان داودەرمانی پێویستیان بۆ سەرفکرێ و دکتۆری بەڵاش وەیان بەنرخێکی رەمزییان بۆ تەئمین بکرێ، تاچیتر لەبەر بێ ئیمکاناتی ژیان لەدەست نەدەن و نەکەونە سواڵوسەدەقەکردن بۆئەوەی خەرجی چارەسەری نەخۆشیەکانیان پەیدا بکەن!

بەدەر لەوەی کە حکومەت ڕاستەوخۆ خزمەتگوزاری پزیشکی و تەندروستی بۆ هاوڵاتیان دابین دەکات یان نا،  بەڵام ئەرکی حکومەتە کە بەپێێ ڕەچاوکردنی داهاتی هاوڵاتیانی کوردستان خەرجی خزمەتگوزاری پزیشکی و تەندروستی هاوڵاتیان لە ئەستۆ بگرێت. پێویستە حکومەتی هەرێم لەرێگای دابینکردنی بیمەی تەندروستیەوە بۆسەرجەم هاولاتیانی کوردستان ئە وئەرکە جێبەجێ بکات و تەندروستی و سەڵامەتی هاوڵاتیانی نەسپێرێت بە بازاڕی قازانج و سودی کۆمپانیاکانی دەرمان و نەخۆشخانە تایبەتەکان!

 

Related posts

سەندیکای خزمەتگوزاری گشتی ناوچەی فرایبۆرگ (SSP – région Fribourg)،پشتوانی مامۆستا یانی کوردستان دە کات

Dangi Krekar

     پانێلێــک لەژێر ناونیشــانی : بەرەو ژیــانێکی باشتر بۆکرێـــــکاران بە رێوە چوو

Dangi Krekar

پانێڵی (بەرەو ژیانێکی باشتر بۆ کرێکاران)پارێزەر ئەرکان حەسەن

Dangi Krekar

Leave a Comment