ئیهانەو بێحورمەتی بەکرێكاران قەدەغەیە!
ڕێپۆرتاژێک لەناوەندی کارگەکانی ناوچەی بازیانەوە لەبازیانەوە
پەیوەند / پەیامنێری دەنگی کرێکار
دوایئەوەی هەواڵی دەرکردنی کرێکارێکی کارگەی ئاوی سلێمانی لەدیجیتاڵ میدیای بازیان میدیاوە بڵاوکرایەوە لەبەرواری ١٣/٨/٢٠٢٥ ”کرێکارێکی قەزای بازیان لەبەڕێوەبەرایەتی کار سکاڵای لەسەر کارگەکەی تۆمارکردو لەسەر کارەکەی دەرکرا”، گەرماو گەرم دەنگی کرێکار بەدواداچوونەکانی خۆی دەستپێکردو پەیوەندی کرد بەکرێکارەکەوە کە ناوو ژمارە تەلەفۆنی لەلای دەنگی کرێکار پارێزراوە..
دوای سۆراغ و بەدواداچوون، دەنگی کرێکار جەختیکردەوە لەسەر هۆکاری دەرکردنی ئەو کرێکارانە کەژمارەیان ٣ کرێکارە، بەڵام بەداخەوە نەخودی کرێکارەکەو نەکەسانی تریش ئامادە نەبوون کەبۆچی کرێکارەکان شکاتیان لەکارگەکە کردووەو هۆکاری دەرکردنیشیان باس بکەن.. سەرەڕای ئەوەی کەدەنگی کرێکار کۆنتاکتی کرد بەلایەنی پەیوەندیدارەوەو ئەوانیش ئاگاداربوونی خۆیان ڕاگەیاندو ووتیان لەسەر خەتین، بەڵام خۆشبەختانە لەڕێگای هەواڵنێرو ئەندامی دەنگی کرێکار خۆیەوە بەووردی بەدواداچوونکراو بابەتەکە بەپوخت و پاکی بەمجۆرەی لای خوارەوە کەوتە بەردەستی هەمووانەوە:
بەپێی بەدواداچوون و قسەوباسی هەموو ئەو کۆمێنتانەی کە دەنگی کرێکار کۆیکردوونەتەوە لەچەندین کەنالی جیاجیای ناوچەکەوە، لەڕێگای پەیوەندییە شەخسیەکانی دەنگی کرێکار خۆیەوە لەگەڵ کرێکارانی ناوچەکەدا، دەرکەوتووە کەبەڕێوەبەری کارگەی ئاوی سلێمانی قسە ناخۆش، مامەڵەی تووندو ئیهانەو بێڕێزی کردوە بەکرێکاران.. هەر بۆیە سێ لەو کرێکارانە شکات و شەکوای خۆیان دەگەیەنن بەبەڕێوەبەرایەتی کار لەسلێمانی لەکۆتا ڕۆژەکانی مانگی٧/٢٠٢٥..
پاش ماوەیەک، بەڕێوەبەرایەتی کار لەڕێگای لیژنەکانی خۆیانەوە سەردانی کارگەی ناوبراو دەکەن و پێئەچێت کارگە بەجۆرێک ئینزار کرابێت لەسەر شکات و شەکوای کرێکارەکان.. دوای ئەوەی کارگە دەزانێت کە کێ شکاتەکەی لێکردوون، لەڕێگای کۆنتاکتەوە لەگەڵ ئاسایشی ناوچەی بازیانەوە یەکێک لەکرێکارەکان کەناسراوو خزمایەتییان هەیە دەرئەکات و دوو کرێکارەکەی تریش بەناوەکانی فرمان رمضان خضر..توانا خلیل عزیز لەڕێگای ئاسایشەوە هەر لەناو کارگەدا بەکەلەبچە کراوی و لەبەرچاوی کرێکارەکانی تر دوو کرێکارەکە دەبەن، کاتێک کرێکارەکانیش ئەم هەڵوێستە ئەبیننن، دێنە دەرەوە لەکارگەو مانگرتن ڕائەگەیەنن.. مانگرتنی کرێکارەکان تەنها وەک کارتێکی فشار بۆ ئازادکردنی ئەو دوو کرێکارەیەو گەڕاندنەوەیان بۆسەر کارەکانیانە، کە هەریەکەیان لەدوو کاتی جیاوازدا بەوشێوەیە لەلایەن بەڕێوەبەری کارگەوە تەسلیم بەئاسایش دەکرێن و چەند ڕۆژێک زیندانی دەکرێن. هەموو ئەمانەش بەبێ کیتابی فەرمی دادگاو پۆلیس سەربەخۆ لەلایەن بەڕێوەبەری کارگەکەوە کراوە..
ئەم پیاوە(بەڕێوەبەر) مامەڵەی تووندو خراپی هەیە لەگەڵ کرێکاراندا، کەسێکی میزاجیە، هەر ڕۆژێک جەوی باش بێت، باشەو هەر ڕۆژێک بەپێچەوانەوە بووبێت، باش نەبووە لەگەڵ کرێکاراندا، بێڕێزی بەکرێکار کردووە، سوکایەتی و ئیهانەی پێکردوون.. بەو هۆیانەوە کرێکارەکانیش شکات و شەکوایان گەیاندووەتە بەڕێوەبەرایەتی کار لەسلێمانی، هیچ کرێکارێک لێی ڕازی نیە، خەڵک لەدەستی ئەو لەو کارگەیە ڕائەکات، ئەگەر سەیری کۆمێنتی خەڵک بکەیت لەهەردوو کەناڵی بازیان مدیدیاو گروپی فشاری بەردەقارەماندا، هەموویان گەواهیدەری ئەوەن کەئەوانەی لەو کارگەیە کاریان کردووە چ حاڵەتێکیان هەبووەو چندیش ناڕەحەت بوون بەدەست ئیدارەو بەڕێوەبەری کارگەوە..ئەم کۆمێنتانەی خوارەوە نموونەیەکی بەرجەستەی ئەو ناڕەزایەتیەی کرێکارانن کەپێشترو ئێستاش لەو کارگەیەدا کاریانکردووە:
-ئەوەی ڕۆژێک زوتر وازبێنێ لەوێ خێرو بەرەکەت ڕوی تێدەکات
-من وەک کارمەندێکی کۆمپانیای ئاڵا، زیاتر له ۱۳ ساڵ ئەزموون و نەفەر پێگەیاندن و خزمەتم بەمەعمەل کردووه
-لەئێستایه ئەوەی ئەکرێ جێ قبووڵ نییەو، تائێستا کەماوەو بەردەوامم لەوێی لەبەر ماڵ و مناڵ بووه، ئیشم بەڕێک و پێکی کردووه
-بەس بەناو کارگەیە
-کارمەند لەوێ غەدری زۆری لێئەکرێ
سەرەڕای ئەوانەش، مانگرتی زیاتر لە ٣٠ کرێکاری ئەو کارگەیە بەردەوام بوو هەتا بەرواری ٢٤/٨/٢٠٢٥ کەبڕیار وابوو کرێکارەکان سەردانی ئۆفیسی دەنگی کرێکار بکەن و دواتریش لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کارو سەندیکای کرێکاران.. بەڵام بەداخەوە ئەوان نەگەیشتنە ئۆفیسی دەنگی کرێکارو ڕاستەوخۆ سەردانی بەڕێوەبەرایەتی کاریان کردو لەنزیکەوە لەگەڵ بەڕێز وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی دانیشتنێکیان ئەنجامداو باسی سەرجەم کێشەکانیان کردووە.. جەختیان کردووەتەوە کەئەگەر لێپرسینەوەی گونجاو نەکەن و جێگا ڕەزامەندی کرێکاران نەبێت، ئەوا هەڵوێستی تریان دەبێت لەبەرامبەر بەڕێوەبەری کارگەکەدا.. هەربۆیە وەزیری کاریش بەڵێنی ئەوەیداوە کەلەکورترین ماوەدا لیژنەیەکی تایبەت بەو کێشەیە پێکبهێــــنێت و سەرجەم کێسەکان حەلبکات وکەیسەکە بەقازانجی کرێکاران یەکلایی بکاتەوە..
دەنگی کرێکار لەڕێگای خۆیەوە بەردەوام دەبێت و لەسەنگەری دیفاع لەماف و خواستەکانی کرێکاران تووندو قایم ڕادەوەستێت بۆئەوەی بتوانرێت بەهەموو لایەک ڕێگا لەم هەمووە زوڵم و زۆردارییە بگیرێت کەدەرحەق بەکرێکاران دەکرێت لەزۆرینەی کۆمانیاو کارگەو ناوەندەکانی کارادا..
شایانی ووتنە کەهەواڵنێری دەنگی کرێکار پەیوەندی وکۆنتاکتی کردووە بەبەڕێوەبەری کارگەکەوەو ئەویش پۆزشی هێناوەتەوەو ددانی ناوە بەهەڵەو کەم و کورتیەکاندا.. جەختی کردۆتەوە کەلەسەر دەستی هەواڵنیری دەنگی کرێکاردا ئیتر کۆتایی بەمجۆرە لەمامەڵە دەهێنرێت و پێیان بڵێ با کرێکارەکان بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان و پەیمان ئەدەم کەئیتر لەگوڵ کاڵتریان پێناووترێت.. بەڵام کرێکارەکان بەمەش ڕازی نابن و جەختدەکەنەوە کەئەو بەڕێوەبەرە نابێت لەو کارگەیەدا بمێنیت.. هەر بۆیە بەرواری ٢٤/٨ دەگەنە بەڕێوەبەرایەتی هۆبەی کار لەسلێمانی بۆ ئەو مەبەستە..
لەکۆتاییدا، جارێکی دیکە پەیوەندیم کردەوە بەو کرێکارەوە کەکۆنتاکتم لەگەڵدا کرد هەتا بزانم چیدەکات و چیکردووە؟ ئەویش لەوەڵامدا ڕایگەیاند کەلەڕێگای دۆستێکی خۆیەوە کەنزیکە لەسەندیکای کرێکارانەوە، دۆسیەکەی تەسجیلکردووە لەدادگایکار لەسلێمانی و بڕیاروایە لەسەرەتای مانگی ١٠دا یەکەم دانیشتنی بۆبکریت..
