Dangikrekar.com
وتار

 سندوقی خانەنشینی، فەرمانبەران دەخاتە ژێر قەرزی چەندین ساڵەوە!

 سندوقی خانەنشینی، فەرمانبەران دەخاتە ژێر قەرزی چەندین ساڵەوە!

 وەستا مەهدی 

 

هجوم و پەلاماری بەردەوام و سیستماتیکی لەلایەن حزبەکانی کوردایەتی و حکومەتەکەیانەوە، بەیەکجاری مافی ژیانکردنی لەخەڵک سەندووەتەوەو خەڵکی بەگشتی  وبەتایبەتی کرێکاران و زەحمەتکێشانی لەلێواری کارەساتی پڕتراژیدی و نەهامەتی قورسدا ڕاگرتووە.. کارنامەی ڕەشی کابینەی ژمارە(٩) ئەم حکومەتەیان، بازدانێکی گەورەتربوو لەڕاستای کابینەکانی پێشتری بەئاقاری بەکۆمپانیاو بەتایبەتیکردنی سەرلەبەری سێکتەرە خزمەتگوزارییەکان لەسەر حسابی فەرهودیکردنی گیرفانی خەڵکی کوردستان.. بێكاری و قۆرخکاری بازاڕ، ڕاگرتنی مووچە لەناو کایە سیاسیەکانی خۆیان لەگەڵ ناوەندا، هێندەی تر ژیانی کۆمەڵگای لەبەریەک هەڵوەشاندووەتەوەو کۆمەڵگای تووشی سەدان کارەساتی جەرگبڕو کۆمەڵایەتی کردووەتەوە..

یەکێک لەو سێکتەرە هەرە گرنگانە، سندوقی خانەنشینیە کەحکومەتە حزبیەکەی کوردایەتی لەمەنهەج و لەئەجێندای خۆیدا بەجۆرێک لەجۆرەکان سڕیویەتیەوەو بەڵێنە سەرەکی وئیدیعاکەی خۆی بەدرۆ خستوەتەوە لەوەی کەکار بۆجێبەجێکردنی سندوقێکی خانەنشینی دەکات لەپێناوی داهاتووی خانەنشینندا.. جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکەی کابینەی نۆیەمی حکومەت بۆ دامەزراندنی سندوقی خانەنشینی، نەک هەر بۆشاییەکی یاسایی و ئابوری دروستکردووە، بەڵکو لەئێستادا باری سەرشانی فەرمانبەرانیشی قورستر کردووەو خستوونیەتیە ژێر قەرزێکی ١٠ ساڵەی ڕابردووەوە، ئەمە لەکاتێکدایە کەچارەنووسی ملیۆنان دۆلاری پارەی هەڵگیراوی خانەنشینی فەرمانبەران هەروا بەنادیاری ماوەتەوە، هەربۆیە شارەزایان ئەم بارودۆخە بەتوندوتیژی ئابووری ناودەبەن..

لەسەرەتای مانگی ٦/٢٠٢٥ بڕیارێکی نوێ لەوەزارەتی دارایی عێراقەوە دەرچوو، وە جارێکی دیکە پرسی سندوقی خانەنشینی لەهەرێمی کوردستانی هێنایەوە مەیدان.. بەپێی ئەم بڕیارە:

دەبێت فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم جیاوازی ڕێژەی لێبڕینی خانەنشینی کە دەکاتە ٣%، بۆ ماوەی دە ساڵ و شەش مانگ (لە ١ کانوونی دووەمی ٢٠١٤ هەتا ١ تەممووزی ٢٠٢٤) بگەڕێننەوە. ئەمەش بەشێوەیەک جێبەجێ دەکرێت کە فەرمانبەرانی لەناوکاردا لەماوەی ٣٦ مانگ و خانەنشینان لەماوەی ٦٠ مانگدا بڕە پارەکە بدەنەوە. خودی ئەم بڕیارە ڕاستوڕەوان ئاکامی ڕاستەوخۆی نەبوونی سندوقێکی خانەنشینی سەربەخۆیە لەهەرێمی کوردستاندا، کە هیچ کابینەیەکی حکومی لەکوردستان نەیانوویست دایبمەزرێنن.

لەکارنامە کابینەی نۆیەمدا، کە لە١٠ تەممووزی ٢٠١٩ لەبەردەم پەرلەماندا خرایه‌ڕوو، لەخاڵی یازدەیەمدا لەبەشی چاکسازیدا هاتووە:

”سندوقی خانەنشینی بەپێی یاسای پەیوەندیدار لەهەرێم کارا دەکەین، بۆ ئەوەی ئەم سندوقە گەرەنتی مافەکانی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بکات.. بەڵام دوای تێپەڕبوونی زیاتر لەپێنج ساڵ بەسەر ئەم بەڵێنەدا، نەک هەر سندوقەکە دانەمەزرا، بەڵکو ئەنجومەنی وەزیران هیچ پڕۆژە یاسایەکیشی بۆ پێکهێنانی ئەو سندوقە ئاراستەی پەرلەمان نەکرد..بەم هۆیەوە بەغدادیش ئەم بۆشاییەی قۆستووەتەوە بۆ بردنە پێشەوەی سیاسەتەکانی خۆی..

ئێستا پرسیارە جددیەکە ئەوەیە کە ئایا پارەی خانەنشینیی فەرمانبەران چیلـــێهاتووەو بۆ کوێ براوە؟

دەیان ساڵە مانگانە چەردەیەک پارە لەمووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەبڕدرێت بە ناوی بەشداری خانەنشینیەوە، بەڵام کەس نازانێت ئەو پارانە چییان بەسەر هاتووەو لەکوێ هەڵگیراوون؟

ئەوەی کەڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە، هەر ئەوەیە کە هەردوو حزب و حکومەتەکەیان نەیان وویستووە سیاسەتێکی شەفافانەیان هەبێت دەرحەق بەژیانی خەڵک و بەتایبەتی لەسێکتەرێکی هێندە گرنگی وەک سندوقی خانەنشینیدا کەداهاتووی ژیانی بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستانی پێوە بەندە.. بەڵام ئەوان بتوانن پارەو بودجەی سندوقی شێرپەنجە بەناوی پێدانی مووچەوە ئاودیو بکەن، لەکاتێکدا خەڵکی موبتەلاو بەدەردی شێرپەنجەوە گرفتاربووەو بۆ سێتێک دەرزی سواڵدەکات بۆئەوەی نەمرێت، ئیتر سندوقی خانەنشینی ئەبێت چی بێت لەئاستیدا!

ئێـە هەموان شاهێدی بارگرانیی و قورسایی زیاتری ئەم قەرزە نوێیەش بووین کەفەرمانبەرانی هەرێم لەماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕووی سەختترین قەیرانی دارایی هاتنەوە، لەو کاتەدا بەشێوەیەک بوو کەهەتا ئێستاو هێشتاش ١٦ مووچەیان بەتەواوی وەرنەگرتووە، حکومەت ٣٤ مووچەی مووچەخۆرانی لەناوسیستەمی پاشەکەوتەکەی خۆیدا هەڵگرتووەو ١٠ مووچەشی بەلێبڕینەوە وەکو سواڵ داوە بەمووچەخۆران. بەڵام سەرباری ئەوانە، ئێستا داوای پارەی خانەنشینیی ئەو ساڵانە دەکەنەوە لەخانەنشینان کەتێیدا مووچەی تەواویان وەرنەگرتووە.. بەمجۆرە لەسایەی دەسەڵاتی حکومەتی کوردایەتی و حزبەکانیەوە فەرمانبەرانی هەرێم دووجار بوونەتە قوربانی، جارێك کەچارەنووسی پارەی خانەنشینیی دەیان ساڵی ڕابردوویان لەناو گیروگازدایەو، جارێكى دیكه‌ش كه‌ ناچارن قەرزێکی نوێ بدەنەوە..

Related posts

٨ی مارس وخواستەکانی ئێمەی کرێکار!

Dangi Krekar

هەواڵێکی خۆش بۆ بەشێک لەکرێکاران بابەت دیاری کردنی لانکەمی موچە .

Dangi Krekar

دەنگی کرێکار بەشداری پانێڵی “توندوتیژی دژی ژنان لە شوێنی کاردا” دەکات!

Dangi Krekar

Leave a Comment