ڕەخساندنی هەلیکارو بەگەڕخستنی تواناکان!
| ئامادەکردنی دیار بەرزنجی
حکومەتی هەرێم لەڕێگای فەرمانگەی میدیاو زانیاری خۆیەوە،داتایەکی فەرمی بڵاوکردەوەچەند هەفتە پێشتر کەوێنەکەی لەخوارەوە بەردەستە، لەژێر ناونیشانی ڕەخساندنی هەلیکارو بەگەڕخستنی تواناکان.. سەرەڕای باشیەکانی ئەم هەنگاوەی حکومەت بەدامەزراندن و بەدەستەبەرکردنی زیاتر لە ١٠٠هەزار کرێکاری ناوخۆو بیانی، بەڵام ئەوەی کەغائیبەو بەدواداچوونی لەسەر نەکردووە لەڕێگای وەزارەتی تایبەت بەم بابەتەو لەڕیگای لایەنە پەیوەندیدارەکانیەوە، کێشەو گرفتی کرێکارانە کەلەخوارەوە ئەیـــــخەینە بەرچاو:
کرێکارانی ژینــگەپارێز
ئەم بەشە لەچینی کرێکار کە ٥ هەزار کرێکارن لەکۆی گشتی ٣٦ کۆمپانیای پاککەرەوە لەسەرانسەری کوردستاندا، ژیان وگوزەرانیان هەتا ئەو دیو ئێسکیـــشەوە نالەبارو مەرگبارە.. مووچەی سێــسەد هەزار دیناری لەناو گرانی کەمەرشکێــنی بازاڕی ماددە خۆراکیەکاندا.. بەکۆمپانیاکردن وگرانکردنی سێکتەرە خزمەتگوزارییەکان، لەوانە خوێندن، خەستەخانەو دەواو دەرمان، کارەبا.. بەکۆمپانیا کردن و گرانکردنی زیاتر لە چوارسەد باج و خەراجی هەمەجۆر.. مامەڵەی تێچووەکانی هاتووچۆو هەزارو یەک بابەتی تر.. هێشتاش حکومەت نەیوویستووە لەبەرامبەر کۆمپانیای بەبازاڕکردن، حەقدەستی کرێکاران بەگشتی و بەتایبەت ژینگەپارێزان چەند سەد هەزارێک زیاتر بکەن هەتا بتوانن لانیکەم ژیانێکی مەمرەومەژی تێـــپەڕێنن…هێشتاش بەشێک لەوان کەلەبەرچاوە، دەستەبەری کۆمەڵایەتیان بۆ نەکراوە یان بۆیانکراوە لەمانگێکدا ٤ مانگی خوراوە، یان کاتێک کەکرێکار پێوویستی بەهەر بەڵگەنامەیەک هەبێت کەلەکۆمپانیاوە بیبات بۆ فەرمانگەیەکی تر، داوای گێڕاندنەوەی ئەو بڕە پارەیە لەکرێکارەکە دەکاتەوە کە بۆ دەستەبەرییەکەی داوە..
کرێــــــکارانی کۆمپانیاو کارگەکان
کرێکارانی ئەم کەرتە تایبەتانەش معانات و دەردە دڵی زۆریان هەیەو لەژینگەپارێزان باشتر نین.. زوڵم وناحەقییان بەرامبەر دەکرێت، لەچاو هیلاکی کارو هەموو ئەو کاتانەی کەلێـــــیان دەڕوات، موچەکەیان کەمەو لەئاستی گرانی بازاڕدا بەشی هیچ ناکات بەتایبەتی بۆ کرێکارە خێزاندارەکان.. کرێکارانی ئەم بەشە کۆیلەی کارن، ئەگەر دەنگیان لێوە بێت و بۆڵەیەک بکەن، ئەگەر خواستێکیان هەبێت و سوربن لەسەری. ئەگەر ناڕەحەتیەک پیشانبدەن لەسەر سەعاتیکار، خێرایی ئیش، نانخواردن، کاتی حەوانەوە، هاتوچۆو مووچەی کەم..و..تاد.. لەکار دەرئەکرێن و بەگێرەشێـــــوێن و دەستێک لەپشتەوە تۆمەتبار دەکرێن بۆئەوەی بتوانن مافەکانی زەوتبکەن.. هەربۆیە کرێکارانیان چاوترسێنکردووە بەدەرکردن و دەرگای دەرەوەیان پێشانئەدرێت ئەگەر هاتوو ناڕەزایەتیەک دەرببڕن.. بەشێکی لەبەرچاو دەستەبەرییان بۆناکرێت، ئەگەر دەستەبەریش بکرێن لەژێر ناوی موچەی بنەڕەتیدا بۆیان دەکەن نەک کۆی گشتی موچەکەیان، بۆئەوەی دەستەبەرییەکانیان بەمووچە بنەڕەتیەکە بۆبکرێت کەکەمترین ڕێژەیە.. زۆرینەیان گرێبەستیکاریان پێنادەن، بۆئەوەی کرێکار نەزانێت کەکۆنتراکتی کارەکەی چۆنەو چۆن کاردەکات، کەپێـــچەوانەی یاسایە.. لەبەشێک لەم کەرتە تایبەتانەدا مۆڵەتی ساڵانەیان کەمە یان نیە کەبەپێی یاسا ٢٠ ڕۆژە لەساڵێکداو ٣٠ ڕۆژیش لەکاتی نەخۆشیدا بەمووچەی تەواوەوە..پارەی ئیزافەکاری خواوەکیـــــــلییەو هەر کارگەو کۆمپانیایەک بەئارەزوی خۆی پارە زیادەکە هەژمار دەکات، لەکاتێکدا جیاوازی حەقدەستی کرێ بۆشەوو بۆ ڕۆژ جیاوازە..
حکومەتی هەرێم لەئاستی ئەم ناحەقی و زوڵمانەدا کەمتەرخەمەو دەتوانێت لەڕێگای وەزارەتیکارو بەڕێوەبەرێتیەکانیەوە ڕێکاری یاسایی تووند بگرێتەبەر لەئاستی حەق و ماف و خواستی کرێکاراندا.. ئەو ئەتوانێت دەستی وەزارەت و بەڕێوەبەرێتیەکانی بەتەواوەتی بکاتەوە لەبەرامبەر هەر ناحەقیەک کەدەکرێت بەکرێکاران لەلایەن کۆمپانیاو کارگەکانەوە
