سەروتار
کرێکارانی کوردستان، ساڵێکی سەختیان لەسایەی حکومەتی هەرێم و مامەڵەی زاڵمانەی خاوەنکار و کۆمپانیاکاندا بەڕێکرد!
کرێکارانی کوردستان، ئایاری ئەمساڵیان بەڕێکرد، ساڵێک جگەلە زەحمەت وڕەنجکێشان وسەرفکردنی تەمەن، هاوکات ساڵێکی سەخت و پڕدەردەسەری وستەم ودزینی ڕەنجی کرێکاران بوو.
لەسایەی حکومەتی هەرێم و مامەڵەی کۆمپانیاکاندا، کرێکاران، سەرەڕای دۆخی شڵەژاو ونائارامی کۆمەڵایەتی، سەرەڕای گرانی وکەمی خزمەتگوزاری وبێکاریەک کەبەرۆکی بەکچان و کوڕانی گەنج گرتوە، کرێکارانی کوردستان چ لەکەرتی حکومی وچ لەکەرتی تایبەتدا بەدەست زوڵم و زۆری دەسەڵاتداران و کۆمپانیاکانەوە، ڕۆژەکانی ساڵیان تێپەڕاند. موچەی مانگانە کە تەنها سەرچاوەی بژێویە، لەگەڵ ئەوەدا کە یەکجار کەمە، بەردەوام لەژێر هەڕەشەی نەدان و دواکەوتندا بووە. هەڕەشەی لەسەرکار دەرکردن وسزا و غرامەکردنی کرێکاران، لەلایەن خاوەنکارەوە، بەردەوام شمشێری سەرسەری کرێکاران بووە، ئەمە جگەلەوەی کە دامەزراندن و بەدەستهێنانی فرسەتی کار لەدەست حزبەکان و بەواستەوواستەکاری بووە. زۆری سەعاتکاری ڕۆژانە وئیزافەکاری وکاری بێبەرامبەر، نەبونی پشوی ساڵانە، لەپاڵ نەبوونی هیچ جۆرە بیمەیەک بۆ کرێکاران، لەوانە بیمەی تەندروستی، ڕاهێنان و فێرکردن، بەپێویست کرێکارانی کوردستانی خستۆتە ژێرباری دۆخێکی سەختی ژیان و کارەوە. ئەگەر ڕوداوەکانی شوێنیکار لەبەرچاوبگرین، ئەوا بەڕۆشنی دەبینین کەکرێکاران چۆن خراوەتە بەردەم جەنگ و مەترسیەکی ئاشکراوە، کەڕۆژانە قوربانی لەکرێکاران بگرێ. خاوەن کۆمپانیاکان نەمەرجەکانی سەلامەتی کار لەبەرچاو دەگرن و نەژیان و جەستەی کرێکارانیان بۆ گرنگەو نەحکومەتیش چاودێرە بەسەر دۆخی کاری کرێکاراندا. مەسەلەی خانەنشینی ودەستەبەری کۆمەڵایەتی، کەمافێکی سەرەتایی کرێکارنە، حکومەت نەک هەر نەیتوانیوە بەشی زۆری کرێکارانی کوردستان لەکێشەی زەمان دەرکێشێ، بگرە خۆدزینەوەی کۆمپانیاو خاوەنکارەکان لەزەمان کردنی کرێکاران بۆتە عادەتێکی باو. بەبی ئەوەی حکومەت هیچ کۆمپانیایەکی لەسەر سزا دابێت!. ئازادی ڕێکخراوبوون ومانگرتنی کرێکاران، بەتایبەتی لەناوەندی کاردا، نەک هەر پێشێل دەکرێ و بوار نادرێ بەکرێکاران وەک مافێکی خۆیان دەستی بۆبەرن، بەڵکو هەرجۆرە هەوڵێکی کرێکاران لەم بارەوە، لەلایەن خاوەنکار وکۆمپانیاکانەوە، بەپیلانگێری و ئاژاوەگێڕی ناودەبرێ کە ئاخریەکەی بە لەسەرکاردەرکردنی کرێکاران وسزادانیان تەواودەبێت.. بەڵام هۆکاری ئەم دۆخە چیە؟ بۆچی کرێکارانی کوردستان لەگەڵ ئەم هەموو ستەم و زوڵمەدا بەرەوڕو کراوەتەوە؟
بێگومان نیزامی سەرمایەداری، لەسەر دزینی ڕەنجی کرێکارو چەوسانەوەی هەرچی زیاتری ئەوان، ڕاوەستاوە. سەرمایەدارو خاوەنکارو کۆمپانیاکان، هەمو ئامانجیان کۆکردنەوەی قازانج وزیاترکردنی سەرمایەکانیانە ولەم کارەشیاندا، بەدوای کاری هەرزان و بێدەنگ کردنی کرێکارانەوەن، بەڵام ئەوەی کەئەم دۆخە جێگیر دەکات، خودی توانای بەرگریکردن ولەمەیداندابونی کرێکاران خۆیانن. واتە ئەگەر کرێکاران پەرشوبڵاوبن، ئەگەر هوشیارنەبن بەهێزی کۆمەڵایەتی و یەکگرتویی خۆیان وبۆی تێنەکۆشن، ئەگەر لەدەوری خواستەکانی خۆیان کۆنەبنەوەو بۆ بەدیهێنایان ناڕەزایەتی و مانگرتنە کرێکاریەکانی بۆ بەڕێ نەخەن، ئەوا خاوەنکار زیاتر مەرج بەسەرکرێکاراندا دادەسەپێنێ. لەیەک وتەدا ڕیشەی دەسەڵاتی سەرمایەداران، لە پەرشوبڵاوی و نەبونی ڕیزی یەکگرتووی کرێکاراندایە. کەوایە کرێکارانی کوردستان بۆ ئەوەی بتوانن لەئایاری ئەمساڵەوە دەست بۆ گۆڕانکاری وباشکردنی دۆخی کارو ژیانیان ببەن، ئەوا دەبێ هەرلە ئێستاوە، ڕێزی خۆیان کۆبکەنەوەو لەدەوری خواستەکانی خۆیان یەکگرتوبن. کرێکارانی کوردستان بۆ ئەوەی سنورێک بۆ مامەڵەی کۆمپانیاکان دابنێن، پیویستە لەهەوڵی یەکگرتویی و ڕیکخراوکردنی ڕیزەکانیان و هینانەمەیدانی هێزی یەکپارچەی چینایەتیانەوە بن .