کرێکـارانی کوردستـان تـەنهـا بـەخەبــاتێکی یـەکگرتوانە و ڕێکخراو،// دەتـوانن سنورێک بـۆ دەستدرێژیـەکانی خـاوەن کۆمپانیاکان دابنێـن.
کومپانیاکانی کەرتی تایبەت لەهەرێمی کوردستان، مامەڵەی کرێکاران بە جۆرێک دەکەن کەلە هیچ سەردەمێکدا هاوشێوەی نەبووە،
کرێکار لەکەرتی تایبەت بەرەوڕووی سیستەمێک لەکار دەبێتەوە کە دەبێ هاو شێوەی ڕۆبۆت هەڵسوڕێ و ڕۆژانە زیاتر لەهەشت سەعات ولەهەندێک شوێنیش نزیک دەبێتەوە لە١٠ سەعات، کاری پێدەکەن. سەرەڕای کەمی کرێ و نەبونی زەمانەتی کار وکێشەی خانەنشینی وهەموو ئەو هەڕەشانەی خاوەن کۆمپانیاکان لەکرێکارانی دەکەن،
ئەو ژمە خواردنەی کەپێیان دەدرێ تێری پێ ناخون. سیستەمی پەیمانکاری و کاری موقەتو شەفتات، بەجۆرێك ڕێکخراوە، کەکرێکاران مەحروم دەکا لەزۆربەی پشووە فەرمیەکان، موچەی کەم وجێگیر، کە هەرگیز بە قەدەر ئەو زەحمەتە نییە کە کرێکاران دەیکێشن و بەئاستەم بەشی پێداویستەکانی ژیانی ڕۆژانەی خێزانە کرێکاریەکان دەکات. کرێکار بێ ئاگایە لە شێوەی گرێبەستەکەی، کومپانیاکان خۆیان کڵێشەی گرێبەستی کار ڕێکدەخەن وهەمو ئەو مەرجانەی کە دانراون بەقازانجی خاوەن کۆمپانیاکانە. کرێکارانی کوردستان لەڕێگای نوسینگەیەکی ڕەسمیەوە ناچێتە سەرکار، بەڵکو بەواستە کاری دەست دەکەوێ، ئەمە لەکاتێکدایە کەبەپێی یاسای کاری کار پێکراو ئەبێ نوسینگەکانی بەکار خستن هەلی کاری گونجاو بۆ بێکاران بڕە خسێنن، بەڵام ئەم یاسایە جێبەجێ ناکرێ بەبیانوی ئەوەی کەوەزارەتی کار ئیمکاناتی نییە، بۆیە کرێکاران ناچارن مل کەچی ئەم سیستەمە لەکارکردن ببن کەکومپانیاکان بەسەریاندا دایانسەپاندوە. ئەوەی کەڕێگەی بۆ کومپانیاکانی کەرتی تایبەت خۆشکردوە، خودی حکومەت و وەزارەتی کارەکەیەتی. بگرە بەیاساش شەرعیەت دراوە بەم دۆخە و زیاتر لە ٣٠ساڵیشە حوکمڕانی ئەحزابەکان خەرقی هەرچی ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتیەکانیان کردووە و بۆ قازانجی کۆمپنیاکانیان ئەم سیستەمە بەڕێوەدەبەن. تەنانەت کڵاویشیان کردوەتە سەر ڕێکخراوی کاری نێو دەوڵەتی وهەرچی یاساو ڕێسایەک لە قازانجی کۆمپانیاکانە چەندین جار هەموارکراون وڕێگەی هەرچی زیاتریان داوە تا بە ئارەزووی خۆیان بازاڕی کار کۆنترۆڵ بکەن و کرێکاران بڕەتێنن.
لەماوەی سێ دەیە لە حوکمڕانی حزبەکاندا، بەبێ بوونی یاسایکار، کرێکارانیان چەوساندەوە وکاتێکیش ڕەشنوسی یاسای کاریان ئامادە کردو بردیانە پەرلەمانەوە تا پەسەندی بکەن، ڕێگەیان نەدا بەکرێکاران ئاگاداری یاساکەبن، چ جای ئەوەی دەخاڵەتی تێدابکەن وڕایان وەربگیرێ. سەرەنجام وەزارەتی کاروباری کۆمەڵاتی ئەم یاسایەی بەدەستەوەگرت، تا شەرعیەت بدات بەم سیستەمەی کەژیانی کرێکاران دەهاڕێت. لەمەش زیاتر وەزارەتی کار خۆی دادگای کاری هێندە نابوت کردوە کەهیچ کرێکارێک نەتوانێ لەم ڕیگایەشەوە، ڕووبەڕوی ئەو زوڵم و زۆرە ببێتەوە کە کۆمپنیاکان بەڕێوەی دەبەن. بەمجۆرەش هیچ ڕێگەیەکیان لەبەدەم کرێکاراندا نەهێشتۆەتەوە، تەنها یەک ڕێگە نەبێت ئەویش ڕێگای خەبات و هەوڵوتێکۆشانی یەکگرتوانەو بەکۆمەڵی کرێکاران خۆیان نەبێت.
ئەگەرچی کرێکاران لەبەرامبەر بەم دۆخە سەختە بێدەنگ نەبون و بەشێوەی جۆراو جۆر ناڕەزایەتییان لەبەرامبەر پێشێڵ کردنی مافەکانیاندا دەربڕیوە، بەڵام یەشتا نەتوانراوە کە خاوەن کومپانیاکان بوەستێنێت. چونکە ناڕەزاتیەکان پەرشوبڵاو و ڕشتەییەو سەراسەری نیە و هەر جارەو لەکارخانەیەک و لە ناوەندێکی کاردا، قەتیس دەبێ.
یەکێك لەو هۆیانەی کەڕێگرە لەبەردەم کرێکاراندا نەبونی ئازادی ڕێکخراوبونە خاوەنکارەکان لە بەرامبەر بەهەر جوڵانەوەك و هەر ناڕازایەتیەكدا، شمشێری دەرکردن لەسەرکاری کردوەتە چەكێ وەڵام دانەوە بەداخوازیەکانی کرێکاران. حکومەتیش شانی خۆی خاڵی کردوەتەوە لەبەرامبەر بەو ئەرکەی کەدەبێ جێبەجێی بکات و هیچ مەسئولیە تێك لەخۆی نیشان نادات. خاوەنکاریش کە بەشێکی زۆریان پلە باڵاکانی ناو ئەحزابی دەسەڵاتن هیچ بایەخێك بۆ حکومەت یاسای کار دانانێن .
ئەم هەلومەرجە سەختە بەبێ هاتنە مەیدانی پۆلێك لە هەڵسوڕاوانی کرێکاری پێشڕەو خاوەن ئەزمون کە خاوەن ئاسۆیەکی ڕۆشن و ئامانجێکی دیاری کراو بۆ گەیشتن بە ڕێکخراوێکی سەراسەری خەباتکارانە و دەستەو یەخە لەگەڵ حکومەت و خاوەن کومپانیاکاندا و چەترێك بیت بۆ کۆبونەوەی کرێکاران لەدەوری خواستەکانیان ناتوانرێت تێپەرێنرێت. کرێکارانی کوردستان تەنها بەخەباتێکی یەکگرتوانەو ڕێکخراو، دەتوانن سنورێک بۆ دەستدرێژیەکانی خاوەن کۆمپانیاکان دابنێن.