Dangikrekar.com
ڕاگەیاندن

نوێنەرایەتی کرێکاران وجێگیرکردنی خواست و داوی کرێکاران لە بەستنی هەر گرێبەستێکی کاردا، مافێکی ڕەوای کرێکارانی کوردستانە!

بەپێی یاسا گرێبەست لەنێوان دولایەندا دەبەسترێت، واتە هەردوولا داوی خستنەڕووی مەرجو خواستەکانی خۆیان ڕێکدەکەون لەسەر ئەو خاڵانەی کەلە بەرژەوەندیاندایە. کرێبەستی کاریش کەلەنێوان کرێکارو خاوەنکاردا دەبەسترێت، دەبێ بەهەمان شێوە ڕەزامەندی و ڕێکەوتنی هەر دولای لەسەربێت وبەڕۆشنی خواستومەرجی هەردوولای تێدا تۆمار کرابێت. بەڵام لەکوردستان بەهۆی سیستەمی پەیمانکاری و کاری مۆقەت و کۆمپانیاکانەوە، حکومەت تەواوی مافو ئیختیاراتی داوەتە دەست خاوەنکارەکان کەبەپێی خواستی یەکلایەنەی خۆیان هەرچی مەرجی خۆیان هەیە بەسەر کرێکاراندا دای سەپێنن. تەنانەت شێوازی گرێبەستی کار لەکوردستان، نەک هەر کرێکاران لایەنێکی نین ونوێنەرایەتی ناکرێن بگرە، کۆمپانیاکان بەبێ ئاگادری کرێکاران ودانوسانکردن لەگەڵیاندا، وەرەقەیەکیان پێدەدەن وئیمزایان پێدەکەن، بەبێ ئەوەی بزانن ناوەڕۆکی وەرەقە کەچیە!. لەوەش زیاتر کۆمپانیاکان فێری ئەوەبوون کەلە نێوان خۆیاندا وێنەیەکی گرێبەستی کاتی کۆپی دەکەنو لەنێوان خۆیاندا ئاڵوگۆڕی پێدەکەن ودواتر بەسەرکرێکاراندا فەرزی دەکەن، ئەمە بەبێ لەبەر چاوگرتنی جیاوازی کاری کۆمپانیاکان وئەو جۆرە لەکار کەکرێکارانی تێدا دەخەنە بەرکارەوە. لەڕاستیدا، ئەم شێوازە لەبەستنی گرێبەست لەگەڵ کرێکاراندا، ناچێتەخانەی نە یاساوەو نەگرێبەستەوە، بەڵکو داسەپاندنی تەوقێکە بەسەر کرێکاراندا وبەستنی دەستو پێیانە، بەڕادەیەک کەنەتوانن نەک هەر داوای ماف و خواستەکانیان بکەن، بەڵکو بۆشیان نەبێت، لەحاڵەتی کێشەو گرفتدا پەنا بۆ یاساو دادگا بەرن و داکۆکی لەخۆیان بکەن.
سەرەکیترین خاڵی گرێبەستەکانی ئێستای کۆمپانیاکان کەبە کرێکارانی واژۆدەکەن ئەوەیە کە خاوەنکارو کۆمپانیاکان، یەکلایەنە مەرجی خۆیان بەسەر کرێکاراندا دادەسەپێنن و هەموو ئیختیارو دەسەڵاتێکیان هەیە، لەدیاریکردنی کرێ، ماوەی کاری ڕۆژانە، پشووەکان، خانەنشینی، دەورانی بێکاری و.. تەنانەت خاوەن کۆمپانیا لەگرێبەستەکەیدا مافی تەواوی بەخۆیدا هەرکاتێک ویستی وپێویستی بەکرێکارەکە نەما لەسەرکار بەبێ هیچ حسابێک دەری بکات، هەروەها خاوەنکار بۆی هەیە کرێی کرێکارەکە دوابخات، وەتەنانەت پێشی نەدات.. ئایا بەڕاستی بەمە دەوترێت گرێبەستی کار یان کویلەکردنی کرێکاران؟.
لەدونیای ئەمڕۆدا گرێبەست کاتێک واتای گرێبەست وەردەگرێ کەدولایەنە بێت، وهەردولا لەسەری ڕێکبکەون. گرێبەستی کاریش ئەکرێ بەتاک وبەکۆمەڵ لەنێوان خاوەنکارو کرێکاردا ببەسترێت. بەتایبەتی لەوکارگەو کۆمپانیایانەدا کە ژمارەی کرێکار تێیدا زۆرەو ڕێکخراوەی کرێکاری بونی هەیەو بۆ داکۆکی لەخواستو مافەکانی کرێکاران خەبات دەکات، دەکرێ نوێنەرانی کرێکاریی کەلەلایەن کرێکارانەوە دەنگیان پێدراوە، لەگەڵ خاوەن کار و تەنانەت حکومەتدا کۆببنەوەو ساڵانەو مانگانە دانوسان لەسەر گرێبەستی کارو خاڵەکانی بکەن، لەوانە لەسەر ئاستی کرێ، سەعاتکار، پشووەکان وکۆمەلێک ئیمتیازاتی تر.. کرێکارانی کوردستان ئەگەر بەگرنگیەوە مەسەلەی نوێنەرایەتی کردنی خۆیان و داخوازیەکانیان لەبەستنی هەر گرێبەستێکدا لەگەڵ خاوەنکارەکاندا، جاچ بەتاک بێت یان بەکۆ، وەرنەگرن ئەوا بەکردەوە گرێبەستی کاریان واژۆ نەکردوە، بەڵکو زنجیرێکیان خستۆتە گەردنی خۆیان.
هەربۆیە دەبێ کرێکارانی هوشیارو پێشڕەو، نەک هەرخۆیان مل بەگرێبەستی یەکلایەنەی کۆمپانیاکان نەدەن، بەڵکو دەبێ لەناوەندەکانی کاردا، کرێکارن هوشیار بکەنەوەو هەوڵ بدەن هەموو گرێبەستێک بەرئەنجامی دانوسان واژۆبکرێت کەنوێنەرانی بەتاکو بەکۆمەڵی کرێکاران ئامادەیی تێیدا هەبووبێت، دەبێ لەهەر گرێبەستێکدا، خواستەکانی کرێکاران بەڕۆشنی بەڕەسمی ناسرابێت و خاوەنکار دانی پێدانابێت. ئەم بابەتە هەر لەو ڕۆوەوە گرنگ نیە کەڕێگە دەبەستی لەخاوەنکار تا نەتوانێ سەرپێچی لەو بەڵینانە بکات کە واژۆی لەسەر کردووە، بەڵکو لەوەشدا گرنگە کاتێک کێشەو گرفتێک هاتەکایەوە، کرێکاران دەتوانن یەخەی دادگاو یاسا لەخاوەن کار بگرن وڕێگای پێنەدەن بەئارەزوی خۆیان ستەم وزوڵمیان لێبکەن. کرێکارانی کوردستان هەقیانە لەگرێبەستی کاردا نوێنەرایەتیان هەبێ و خواست و داواکانیان جێگیر بکەن. دیارە بەدەستهێنانی ئەم هەقەش بەخەباتی یەکگرتوانەی خۆیان بەدەست دێت.

Related posts

کرێکارانی بەشی ئینتاجی کارخانەی گرین عێراق و ئەزمونێک بۆ کرێکارانی پیشەسازی لەکوردستان !!

Dangi Krekar

دەرچووانی زانکۆی گەرمیان ڕێگای کەلار – خانەقینیان داخست

Dangi Krekar

ژمارە٤٨ ی دەنگی کریکار

Dangi Krekar

Leave a Comment