Dangikrekar.com
وتار

بەڵێن نامە یان تەڵەی خاوەن کار!

مەحمود حەلاق:    
کۆمپانیای بیڤان بۆ بەڵێندەرایەتی گشتی/ سنوردار، کەجێبەجێکاری پڕۆژەی کۆکردنەوەو گواستنەوەو داپۆشینی خۆڵ و خاشاکە لەسنوری ئیدارەی ڕاپەڕین، بەڵێن نامەیەکی داوە بەکرێکارەکان تا بەشاهیدی دووکەسی تر واژۆی بکەن، دەقی بەڵێن نامەکە بەم جۆرەیە:
” من کەناوم لەخوارەوەدا هاتووە بەڕەزامەندی خۆم بەبێ هیچ زۆرێک داوادەکەم کەئەو بڕە پارەیەی کەبڕیارە بدرێت بەدەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ دەستەبەر کردنی من لەبەرواری ١٢/٥/٢٠٢٢، بدرێت بەخۆم وخۆم بەڵێن دەدەم کەخۆم بەو ئەرکە هەڵسم وپێویست ناکات کۆمپانیای بیڤان بۆ بەڵێندەرایەتی گشتی/ سنوردار کەجێبەجێکاری پڕۆژەی کۆکردنەوەو گواستنەوە وداپۆشینی خۆڵ وخاشاکین لەسنوری ئیدارەی ڕاپەڕین بەو ئەرکە هەڵسێت ولەجیاتی من دەستەبەری بکات، لەبەرئەوەی ئەو حاڵەتە بەرپرسیارێتی خۆمە نەوەک کۆمپانیای بیڤان .. لەم بابەتەدا خۆم بەرپرسیارم بەرامبەر بەیاسا وکۆمپانیای بیڤان هیچ بەرپرسیارێتیەکی دەستەبەری لەئەستۆ نامێنێت لەماوەی ڕابردوو وئێستا و داهاتوودا و من تەنازول دەکەم لەو مافەم لەبەرامبەر پێدانی ئەو بڕە پارەیە بەخۆم. بۆیە لەخوارەوە واژۆم کردووە.”
ئەگەر سەرنج لەبەڵێن نامەکە بدەین خاوەن کۆمپانیای بیڤان ئەم خاڵانە ڕووبەڕوی کرێکاران دەکاتەوە:
یەکەم: پێدانی پارەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، کەلەبری خانەنشینی کرێکارە و لەئەستۆی خاوەنکارە، بەپێی ئەم بەڵێننامەیە کرێکارەکە دەیداو وخاوەنکار ئەم بەرپرسیارێتیەی لە ئەستۆ دەبێت.
دووەم: ئەوە کرێکارەکەیە کەلە بەردەم یاسا بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆ نەک خاوەنکارەکە.
سێهەم: کرێکارەکە تەنزوڵ دەکات لەمافی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و لەئەنجامی ئەم خالانەشدا ئیتر مافی خانەنشینی لەکرێکارەکە دەسەندرێتەوەو لایەنی بەرپرسیار کەخاوەنکارەکەیە، شایانی هیچ لێکۆڵینەوە و شکاتکردنێک نابێت، بەرامبەر بەم مافەی کرێکاران..
لەڕاستیدا بەڵێنامەیەکی ئاوا نەک هیچ بەرژەوەندیەکی کرێکارانی تێدا نیە، بەڵکو تەڵەو تەوقێکە دەخرێتە ملی کرێکاران و پابەندیان دەکات بەوەی کەدوای مافی دەستەبەری کۆمەڵایەتی نەکەن.
بێگومان ئەمە تەڵەیە کەخاوەن کۆمپانیای بیڤان بۆ ڕزگارکردنی خۆیو نەدانی بڕەپارەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و مەحروم کردنی کرێکارن لەمافی خانەنشینی دای هێناوە، چونکە بەپێی یاسا خاوەنکار بەرپرسیارە کە سەرفکردنی ئەو بڕەپارەیەی کە دەکەوێتە سەرشانی بۆ زەمانکردنی کرێکاران. لەیاساشدا ئەو بڕەپارەیە بەلە١٧٪ دیاری کراوە، کەلە٥٪ی لەموچەی مانگانەی کرێکار دەبڕدرێت ودەخرێتە سەر سندوقی خانەنشینی و لە ١٢٪کەشی خاوەن کار دەبێ بیدات. کاتێک کە کرێکارەکە بەلێن نامەیەکی ئاوا بەشاهدی دووکەسی تر واژۆدەکات، ئیتر خاوەن کۆمپانیا بەرپرسیار نابێ و بابەتەکە ڕووبەڕوی کرێکارەکە دەبێتەوە.
لەمەش زیاتر بەڵیننامەکە هیچ ئاماژەیەک نە بەوە دەکات کە ئایا بەشی کرێکاران بۆ دەستەبەری کۆمەڵایەتی کەبە لە ٥٪ دیاری کراوە، ئیتر لەموچەکەی نابڕدرێ و دەدرێت بەکرێکارەکە یان نا!. هەرەوەها باسیش لەوەناکات کە بڕەپارەی بەشی خاوەن کار کەبەلە١٢٪ دیاری کراوە، ئەوەش هەر دەدرێت بەکرێکارەکە یان خاوەنکار خۆی دەیدات!..
ئەم ناڕۆشنی ونادیاریە لەدابینکردنی مافی دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێکاران لەلایەن خاوەنکارەوە جگەلە فرت و فێڵێک زیاتر نیەو ئامانجیش لێی خۆدزینەوەی کۆمپانیاکانی ژینگە پارێزە لەدابینکردنی مافی دەستەبەری کۆمەڵایەتی. ئەمە لەکاتێکدایە کە هەموو کۆمپانیاکان هەموو مانگێک موچە لەکاتی خۆیدا نادەن و بەناوی دەستەبەری کۆمەڵایەتیشەوە بڕێک لە موچەکانیان دەبڕن.
لەڕاستیدا ئەرکی کۆمپانیایە خۆی مافی دەستەبەری کرێکاران بکات، نەک کرێکاران. بەڵام کۆمپانیای ناوبراو دەیەوێت ئەو لەسەدا ١٢ی کەلەسەریەتی بیدات بەسندوقی خانەنشینی لەڕێگای ئەم بەڵیننامەیەوە خۆی لێدەدزێتەوەو دەی گێڕیتەوە بۆ گیرفانی خۆی کەمانگانە چەندین ملیۆن دینار دەکات، کەدیارە ئەمەش لەسەر حسابی مافی کرێکاران.
ئەم فرتوفێڵە سیاسەتێکی بێ ئەندازە دژە کرێکارییە و کرێکار دەخاتە سەر دووڕیانێک و پێی دەڵێت : فەرموو ئەگەر نیازی ئیش کردنت هەیە، ئەوا دەبێت لەچوارچێوەی یاساو بڕیارەکانی کۆمپانیادا بجوڵێیتەوە، ئەگەر نا، ئەوا دەتوانیت بچیتە دەرەوەو ئیشەکەت بەجێ بهێڵیت، سەدان بێکارو بەتاڵە لەبازاڕدا زۆروو زەبەندەو ئەیخەینە جێگاکەت ..
لەلایەکی دیکەشەوە، بەڵیننامەکە کەلەبەرواری ١٢/٥/٢٠٢٢ دەرچووەو دەیەوێت لەمانگی نۆڤمبەرو بەدواوە، بچێتە بواری جێبەجێ کردنەوەو واژۆ بەکرێکاران بکات، لەیەکەمین هەنگاوی دا، نزیک بە ٦ مانگ مافی دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێکاران لەساڵی ٢٠٢٢ بەئاشکرا فەرهود دەکا ودەستی بەسەردا دەگرێت. واتە لەسەدا دوانزە بۆ شەش مانگی پێشتر، لەمانگی ٥ وە هەتا مانگی ١١ ی هەر ئەمساڵە، کەبڕی پارەکە دەیان ملیۆن دینار دەکات، لەکۆی گشتی کرێکارانی دەڤەری ڕاپەڕین کە شەش سەد کرێکار تێدەپەڕێنێت، بۆخۆی دەگێڕێتەوەو لەکرێکاران دەدزرێ. بێگومان ئەم تەڵەو فێڵ کردنەی کۆمپانیاکان لە کرێکاران بەبەرچاوی یاساکان وەزارەتیکارو سەندیکاکانی سەر بەحزبەکانی دەسەڵاتەوە بەڕێوەدەچی و بە پشتگیری موتڵەقی حکومەت ڕێیان پێداروە هەروا بەئاسان خوێنی کرێکاران بخۆن و لەسەر حسابی ژیان و گوزەرانی ئەوان کەڵەکەی سەرمایەکانیان بکەن.
کرێکارانی ژینگە پارێز کەموچەکانیان یەکجار کەمە و هەرگیز شایەنی ئەوکارە نیە کەبۆ پاک ڕاگرتنی شارەکان ئەنجامی دەدەن، بەڵام ئەوە چاوچنۆکی سەرمایەدارن و خاوەنکارەکانە دەست بۆهەموو فرتوفێلو شێوازێکی دزیکردن دەبەن تا لەسەرحسابی ڕەنجو ماندوبوونی کرێکاران سەرمایەکانیان زیاترو زیاتر بکەن وئەمەشیان بەبێ سڵ کردنەوە لەهێج یاساو ڕیسایەک کەحوکمەت ودەسەڵات ئیدعای بۆدەکات.
ئەوەی لەبەڵێننامەکەدا هاتوەو واژۆ بەکرێکاران دەکات کەئیتر خۆیان بەرپرسی دانی بڕەپارەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بن وکۆمپانیا بەرپرسیار نەبێ لەم ئەرکە، نەک هەرخاوەنکار لەبەرامبەر یاسادا تەبریئە دەکات، بەڵکو کرێکارانیش دەستکۆتادەکات لەوەی کە لەبەرامبەر یاسادا نەتوانن دیفاع لەمافی دەستەبەری کۆمەڵایەتی خۆیان بکەن. ئەمەش مەترسیدارترین و ڕیسواترین فێلە کەخاوەنکار دەستی بۆ بردووە. کرێکاران دەبێ ئەوە بزانن کەلەم فرتوفێلەدا، نەموچەکانیان زیاد دەبێ و نەمافی خانەنشینیان مسۆگەر دەبێ، هەربۆیە دەبێ بەتەوای تواناوە لەدژی ئەم پیلان وفێلەی خاوەن کۆمپانیا ڕاوەستن وبەهیچ جۆرێک ملی پێنەدن وڕێگا نەدەن ئەم تەوقە بچیتە گەردنیان.
بێگومان مافی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی مافێکی حاشا هەڵنەگری کرێکارانە ودەبێ خاوەن کارەکان وحکومەت بەڕەسمی بناسن وبەبێ هیچ فرتو فێڵیک بۆ کرێکارانی دابین بکەن. دەورانی بێکاری و پەکەوتەیی واقعیەتێکی ناچاریە کەلە سیستەمی کارو حکومڕانی بۆرژوازی کورددا، جێگای هەیە، کەوایە مسۆگەرکردنی ژیانی کرێکاران لەوتەمەنەدا کە بێکار دەبن وەیا تەمەنیان بەرەو سەرەوە دەڕوات، بەپێویست مافی خانەنشینی کردۆتە پێداویستی و خۆاستێکی کرێکاران. کرێکاران هیچ ڕێگایەکیان لەبەردەمدا نەماوەتەوە بۆ ئەوەی ژیانێکی شایستە ومسۆگەر بژین، جگەلەوەی کەبەخەبات وتێکۆشانی یەکگرتوانەی خۆیان مافەکانیان بەسەر خاوەنکارو حکومەتدا بسەپێنن. خەباتێک کەلەیەکەم هەنگاودا بەشکست کێشانی پیلان وفێلەکانی خاوەن کۆمپانیاکانی کردۆتە ئامانجی خۆی. لەیەک وتەدا کرێکارانی ژینگەپارێز نابێ نەک هەر بەڵیننامەی کۆمپانیا واژۆ بکەن، نابێ نەک هەر تەسلێم بەبڕیاری خاوەنکارەکان ببن، بەڵکو دەبێ یەکگرتوانە لەدەوری خواستی مافی خانەنشینی شایستە ودەستەبەری کۆمەڵایەتی وەک ئەرکێکی خاوەنکارەکان کۆببنەوەو ڕێگا نەدەن کڵاوی کۆمپانیاکان بچیتە سەریان. هاوکات خەبات بۆ بەرزکردنەوەی کرێی مانگانە وباشکردنی دۆخی کارو گۆڕینی یاساکان هەنگاوبەهەنگا وتێبکۆشن.
٢٠٢٢/١٢/٢٥

Related posts

جامی جیهانی چیە؟ کێ لێی سودمەندەو کێ زەرەرمەند؟

admin

ئامارەکانی ئێستاو ، پێشبینیەکانی داهاتوو | شاباز مەحمود

Dangi Krekar

  کرێی یەکسان بۆ کاری چونیەکی ژنان و پیاوان !

Dangi Krekar

Leave a Comment