با لەدەوری خواستەکانمان خۆمان ڕێکخراو بکەین!
لەکاتێکدا کەخاوەنکارو سەرمایەداران کۆنترۆڵی هەموو پێداویستیەکانی ژیانیان کردووە، کرێکارانیش بەناچاری تەنها لەڕێگای هێزی کاری خۆیانەوە ئەگەر بتوانن ژیانیکی مەمرەمەژی بگوزەرێنن. دەسەڵاتداران و حکومەتەکەیان، هەمیشە پاڵپشتی خاوەنکارەو زەمانەتی خاوەنداریەتی تەواوی سەروەت وسامانی بۆ سەرمایەداران فەراهەمکردووە، کرێکاران بێجگە لەملکەچی وکۆیلەیەتی هیچ مافێکی تریان نییە، ئەمە واقیعی ئەو سیستەمەیە کە کرێکارانی کوردستان کاری تێدادەکەن.
کرێکار کاتێك دیاریکردنی ژیان ومانەوەی لەدەست خاوەنکارو سەرمایەداراندابێت، کاتێك خاوەنکار بۆی دیاریبکات کە دەبێت چی لەبەربکات، چی بخوات چی بخواتەوەو چەندە بخەوێت و چۆن ژیان بکات، ئەویش بڕێک پارەیەی ئەداتێ لەجیاتی کارکردنەکەی هەرئەوەندەی کەبتوانێت بەزیندوویی بمێنیتەوە. کاتێك کە یاساو ڕێساکانی بازاڕ شەرعیەت ئەدات بەوەی کرێکار ئازاد بێت لەوەی چۆن و چەند وەرئەگرێت لەبری فرۆشتنی هێزی کارەکەی، ئەمەش بەچینی کرێکار بفرۆشنەوەو وەك بەخشیشێک نیشانیبدات بەوەی کە کرێکار ئازادەو مافی خۆیەتی چۆن کاردەکات، ئالێرەوەیە کەکرێکار ناچاردەکات ملبدات بەهەل و مەرجێک کە دەیخەنە بەردەستی. بەواتایەکی تر، کاتێک کرێکار دەزانێت ئەگەر ملنەدات بەمەرجەکانی بازاڕیکار، ئیتر دەبێت لەبرساو لەبەر سەرما هەڵبلەرزێت ولەسەر شۆستەکانی شار بەبێ سەرپەناو بێماڵوحاڵ هاوشێوەی ئاژەڵ ژیان بکات، کەواتە ئەبێت بزانێت ئەمە یاسای ژیانە لەچوارچێوەی سیستەمی سەرمایەداریدا.
کرێکار ئازادە کەکار دەکات و بەچەندیش کار دەکات، بەڵام ئازاد نیە لەوەی کەچەند دەخوات و چی ئەخوات، چ پۆشاکێک لەبەرئەکات و چۆن دەژی.
کرێکاران نابێت هیچ جۆرە خۆشباوەڕییەکیان هەبێت بەوەی کە لەسایەی بازاڕی ئازادو نەزم ونیزامی سەرمایەداریدا دەتوانن خۆشگوزەرابن. سەرمایەداری لەهەر شێوازیکدا بێت بەهەرجۆر ڕەنگ و ئارایشتێکەوە بێت، لەناوەرۆکدا هەریەك شتە بۆکرێکار. کاری بەکرێ و ژیانێکی مەمرەو مەژی تەنها دیارییەکە کە سەرمایەداری دەیببەخشێت و درۆی ئەوەش دەکات کە دەیەوێت ژیانێکی بەئاشتی و بەکەرامەت و ئینسانی بۆهەموانە.
ئەم سیستەمە دیموکراسی بێت یان دیکتاتۆری، مەلیکی بێت یان پەرلەمانی، نەتەوەیی بێت یان ئاینی، هیچ لەمەسەلەکە ناگۆڕێت. ئەوەی کەدەتوانێت کۆتایی بەتەواوی دەردو مەینەتیەکانی ئەم کۆمەڵگای بەشەریە بهێنێت، تەنها لەگرەوی هاتنە مەیدانی چینی کرێکارەوە دەبێت. یەکەمین هەنگاو بۆ ڕێگاگرتن بەم گاڵتەجاڕییەی ئەم نیزامە، ڕێکخراوبوونی چینی کرێکارە. سەرەتای خەبات بەرەو کۆتاییهێنانی یەجگارەکی خەباتی ئابوری ئەم چینەیە. کرێکاران بەهەرئەندازیەك بتوانن سفرەکانیان پڕتربێت، خۆشگوزەران بن، بەو ئەندازەیەش ئیرادەو تەوەقوعیان دەچێتە سەرەوەو هەنگاو دەنێن بەرەو شۆڕشی کۆمەڵاتی خۆیان و سەرنگونکردنی ئەم سیستەمە بێکەڵکە کە هۆکاری تەواوی ئاشوب و نابەرابەرییەکانە. کەواتە با دەست لەناو دەست بکەین و لەدەوری خواستەکانمان خۆمان ڕێکخراوبکەین