Dangikrekar.com
سەرنوسەر

دورخستنەوەی دەستی حزبەکان لەدامەزراندن وبەرزکردنەوەی پلەی وەزیفی،خواستێکی دەستبەجێی کرێکاران و کارمەندانی کوردستانە!

  سەروتای ژمارە ٥٣ دە نگی کرێکار 

دورخستنەوەی دەستی حزبەکان لەدامەزراندن وبەرزکردنەوەی پلەی وەزیفی،خواستێکی دەستبەجێی کرێکاران و کارمەندانی کوردستانە!

هەڵوەشانەوەی دامەزارندنی مەرکەزی و ڕاگرتنی بەرزکردنەوەی پلەی وەزیفی، لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، زیاتر لەدە ساڵ دەبێت، کە کرێکاران و کارمەندان و گەنجانی ئامادەبەکاری کوردستانی، بێبەشکردوە لەخواستێکی سەرەتاییان. بەتایبەتیش سەرهەڵدانی ”قەیرانی دارایی“ ئەو بەهانەیەی دایە دەستی دەسەڵاتداران، کەهەم وەڵام بەخواستی دامەزراندن نەدەنەوەو هەم بەرزکردنەوەی پلەی وەزیفی کرێکاران و کارمەندان بەیەکجاری ڕابگرن. بەڵام لەڕاستیدا هەم دامەزراندن وهەم بەرزکردنەوەی پلەی وەزیفی ڕانەوەستاوەو حزبەکانی دەسەلات و ئۆپۆزسیۆن، بەبەردەوامی بەنهێنی ولەژێرەوە بۆ ڕازیکردنی دڵی ڕیزەکانیان دەستیان بۆ بردووە و مانگانەو ساڵانە ژمارەیەک لەدەستوپێوەندەکانی خۆیان دامەزراندووە وپلەی وەزیفیشیان بەرزکردونەتەوە. بەشبەشێنەی نێوان حزبەکان ودرێژبوونی دەستی حزبەکان بەسەر بڕیارەکانی حکومەت و واستەو واستەکاری، هۆکارێک بووە کەهاوڵاتی ئاسایی وکارمەندان و گەنجانی ئامادەبەکاری ڕووبەڕوی ستەم و ناعەداڵەتیەکی ئاشکرا کردۆتەوە ولەئاکامیشدا دەستکۆتاکردنی حزبەکان لەدامەزراندن و پلەی وەزیفیدا، کردۆتە خواستێکی دەستبەجێ. ناڕەزایەتی کارمەندانی خۆبەخشی کەرتی تەندروستی کەئەو قایمەیەی دامەزاراندنی حکومەتی هەڵوەشاندەوە، کەلەسەر حسابی بەشبەشێنەی حزبەکان بڕیاری لێدابوو، هاوکات ناڕەزایەتیەکانی ئەم ڕۆژانەی مامۆستایان و کارمەندان لەدژی بڕیاری حکومەت بۆ سپاردنی بەرزکردنەوەی پلەی وەزیفی بە“ئەنجومەنی ڕاژە“، بەڵگەیەکی زیندوە بۆ ئەوەی کە خواستی دەستکۆتاکردنی دەستی حزب لەسەر دامەزراندن وبەرزکردنەوەی پلەی وەزیفی، یەکێک بێت لەو خواستانەی کەوەک داوایەک لە ناڕەزایەتیەکانی ئەم دەورەیەدا بەرزبکرێتەوە.

بەڵام ئەگەر حکومەت، دامەزراندن وبەرزکردنەوەی پلەی وەزیفی ڕاگرتوە، ئەگەر دەخاڵەتی حزبەکان وبەشبەشێنەی نێوانیان جەماوەرێکی زۆر لەمافی دامەزراندن و بەرزکردنەوەی پلەی وەزیفی بێبەشدەکات، پرسیارەکە ئەوەیە کەدەبێ چی بکرێت، دەستی حزب لەسەر ئەم مافە سەرەتاییەی هاوڵاتیان هەڵگیرێت؟.

ئەزمونی ناڕەزایەتیەکانی چەندین ساڵەی کرێکاران و مامۆستا وکارمەندان وگەنجانی ئامادەبەکارو دەرچوانی زانکۆ وپەیمانگاکان.. ئەوەی  سەلماندووە کەتائەم حکومەتە لەسەر کاربێت، هەر ئەو سیاسەت وبڕیارانە جێبەجی دەکات کەلە قازانجی حزبەکانی ناودەسەڵات ودەرەوەیدایە. حکومەتێک کە ئەو سیستەمە بەڕێوەدەبات،

کەلەبنەڕەتەوە پێچەوانەیە لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی هاوڵاتیان وژیان و گوزەرانیانیاندا، بگرە تابۆی کرابێت خۆی لەبەرپرسیارێتی بەرامبەر بەژیان و کار وپێداویستیە خزمەتگوزاریەکانی ئەوان دەدزێتەوە. بۆیە ئەگەر بمەناوێت دەستی حزبەکان لە حکومەت و بڕیارەکانی کۆتایی پێبێت، دەبێ ئەم سیستەمە هەڵوشێتەوەو ئیدارەی کۆمەڵگا لەلایەن خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش خۆیانەوە بەڕێوەببرێت،

کەوەلامدەرەوەی خواستەکانی ژیانێكی باشتر وخۆشگوزەران بێت.

بەڵام تا ئەو کاتەی کە خەباتو ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی ناڕازی بەم ئاستە نەگەیشتوە، تەنها ئەو ڕێگایە لەبەردەمدایە کە کرێکاران وکارمەندان ومامۆستاو خوێندکارانی دەرچوی زانکۆ و پەیمانگاکان وهەر گەنجێکی ئامادەبکار، یەکگرتوانە لەدژی  سیاسەتی بەشبەشینەو دەخاڵەتی حزبەکان بێنە مەیدانەوەو خواستی دامەزراندن وبەرزکردنەوەی پلەی وەزیفی شایستە ڕووبەڕوی حکومەتو بڕیارەکانی بکەنەوە و ناچاری بکەن کەمل بەخواستی خەڵک بدات. واتە تەنها بەخەباتێکی فراوان ویەکگرتوانە ولێکهەڵپێکانی ناڕەزایەتیەکانی کرێکاران وکارمەندان ومامۆستایانو خوێندکارانی دەرچوی زانکۆ وپەیمانگاکان وئەوانەی بەخۆبەخش کاردەکەن،

مەیسەردەبێت. ئەزمونی ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کوردستان ئەو ڕاستیەی سەلماندوە کەهاتمنەمەیدانی ڕێکخراو یەکگرتوانە و کۆبوونەوە لەدەوری خواستی ڕۆشن دەتوانێ دەسەڵاتداران ناچار بکات بەوەڵامدانەوە بەخواستەکانی جەماوەر. کەوایە بابۆخواستی دامەزراندن وبەرزکردنەوەی پلەی وەزیفی وبڕێنی دەستی حزبەکان لەسەر ئەم خواستە، خەباتی خۆمان یەک بیخەین و بەفراوانی بیهێنینە مەیدانەوە.

Related posts

بۆ خواستی بەهەمیشەیی کردنیان مامۆستایانی وانەبێژ، خۆپیشاندانێکی یەک ڕۆژە و سەراسەریان، بەڕێخست!

Dangi Krekar

ژیانی سەختی کرێکاران لە وەرزی زستاندا

Dangi Krekar

لەماوەی ١٥ ڕۆژدا زۆرترین قوربانی شوێنی کار لە سنوری هە ولێر بوو

Dangi Krekar

Leave a Comment