“سەندیکا لەنوێنەرانی کۆمەڵیک ئەحزاب پێکهاتووە، نەک نوێنەرانی کرێکاران”
گفتوگۆی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار لەگەڵ شێخ ئەحمەد، هەڵسوڕاوی سەندیکا
دەنگی کرێکار:سەرەتا ئەمانەوێت زۆر بەکورتی باسی مێژوی دروستبوونی سەندیکامان بۆ بکەیت..
کاک شێخ احمد: سوپاس.. سەندیکا لەعێراقدا مێژویەکی کۆنی نیە، بەڵام لەماوەی سەدو یەکساڵ پێشتردا، محمد صالح القزاز، یەکێکە لەدیارترین کەسایەتی و چالاکوانی ناو بزووتنەوەی کرێکاری بووە لەعێراقدا.. ئەو توانیویەتی لەساڵی ١٩٢٤ سەندیکایەک دروستبکات بەناوی سەندیکای صنعەتکارانی عێراق. لەساڵی ١٩٢٩ گەیشتووە بەلوتکەیەکی بەرجەستەو پێشڕەوانە. لەساڵی ١٩٣٦ توانیویانە حکومەت ناچار بکەن بەدەرکردنی یەکەم یاسا بەناوی یاسای کرێکار-قانون العمال-کەدوای چەندینجار هەموارکردنەوە، لەئێستادا بووە بەیاسایکار کەپێشتر یاسای کرێکاران بووە بە ژمارە ٧٢ ساڵی ١٩٣٦.. ئەو یاسایەش دەرئەنجامی هەوڵ و هەڵسوڕاوی و چالاکی ئەو گروپە بووە بەسەرۆکایەتی محمد صالح القزاز لەپێناوی بەرژەوەندی کرێکاراندا کەحکومەتی مەلیکی ناچارکرد بەدەرکردنی یاسایەکی کرێکاری.. یاساکەش هەر لەو ساڵەدا (١٩٣٦) چووە بواری جێبەجێ کردنەوە لەدوای ململانێیەکی سەخت و لەدوای کێشمەکێشێکی تووندی کرێکارانەوە، توانییان بەیەکگرتووی خۆیان فەرزی بکەن بەسەر حکومەتدا..
لەساڵی ١٩٥٨ یاسای ژمارە ١ دەرئەچێت ویاسای پێشتری خۆی بەناوی یاسای کرێکارەوە هەڵدەوەشێـــنێتەوە هەتا ساڵی ١٩٦٣ و لەوساڵەدا جارێک وجارێکی تریش لەساڵی ١٩٦٧ هەموار دەکرێتەوە. لەساڵی ١٩٧٠ یاسایەکی تر دەرئەچیت بەژمارە ١٥١، ئەم یاسایە لەچاو یاساکانی تردا کەمێک پێشکەووتووتر بوو هەتا ساڵی ١٩٨٧ کەکۆتا یاسا لەسەردەمی حکومەتی عێراقیدا دەرئەچێت بەناوی یاسای ژمارە ٧١ ساڵی ١٩٨٧.. پاش ڕووخاندنی حکومەتی بەعسیش لەساڵی ٢٠١٥ یاسایەکی تر دەرئەچێت بەناوی یاسای ژمارە ٣٧ ساڵی ٢٠١٥.. بەڵام کاتی خۆی لەسەردەمی بەعسدا بەبڕیاری ١٥٠ هەندێک ماددەی لەکارخستبوو، لەوانە کرێکاری لەکەرتی گشتیەوە کرد بەکەرتی تایبەت.. بۆئەم مەبەستەش بۆڕێکخستنەوەی کاری سەندیکایی، حکومەت بڕیارێکی دەرکرد بۆ سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی سەندیکاکان بەژمارە ٥٢ ساڵی ١٩٨٧ بەناوی یاسای ڕێکخستی سەندیکاییەوە..
دەنگی کرێکار: زۆر باشە، بەڵام ئایا سەندیکاو ڕۆڵی سەندیکالەم مێژووەی خۆیدا لەعێراق توانیوویەتی نوێنەری ڕاستەقینەی کرێکاران بێت؟
کاک شێـــخ احمد: گرنگ ئەوەیە کەکرێکاران بەشداری بکەن، بەڵام ئایا دەوڵەت ڕێگا ئەدات وەکو کرێکارێک یان وەکو چالاکوانێکی کرێکاری یان وەک کرێکارێکی ووشیار بەشداری لەداڕشتنەوەی پڕۆژەیەکی گرنگدا بکەیت وەک یاسایکارێک کەبەقازانجی کرێکاران بێت! ئایا حکومەت یان پەرلەمان یان ئەو ئەنجومەنانەی کەتەسدیقی ئەو پڕۆژە یاسایە ئەکەن، لەگەڵ خواستەکانی تۆدا یەکئەگرنەوە وەکو کرێکار؟.. بێگومان نەخێر ..
من خۆم بەشداری ئەو یاسایەم کردووەو زیاد لە٥٠ ماددەیە پێشتر بەجۆرێک دامانڕشتووە هەم لەگەڵ خواستی کرێکاراندا بگونجێت، هەم پێشێلکاری مافی خاوەنکاریشی تێدانەبێت.. بەڵام حکومەت جێبەجێی نەکردووە یان نایەوێت جێبەجێی بکات چونکە بەقازانجی نیە، بۆیە یاساکەی هەڵوەشاندوەتەوەو بەجۆرێکی تر دایڕشتۆتەوە کەلەگەڵ بەرژەوەندی دەوڵەت، حکومەت و دەسەڵاتدا بگونجێت کەبەڕاستی ئەمە خواستی کرێکار نیەو ئەگەر بەشداری بەتۆش و بەکرێکارێکی وشیاریش بکەن بۆ داڕشتنی یاسایکارێکی کرێکاری، ئەوا تەنها ڕەمزییەو دواتر دەیگۆڕنەوە بەوجۆرەی کەخۆیان ئەیانەوێت.
دەنگی کرێکار: ئایا تەرکیبە یان بەدەنەی سەندیکای کرێکاران لەکوردستان پێکهاتەیەکی حزبیە زیاتر لەوەی کەسەندیکایەکی کرێکارانە بێت.. ئایا هەر ئەم پاساوو دەلیلەیە کەکرێکاری والێکردووە سەندیکا بەمەرجەع و پشتوپەنای خۆی نەزانیت؟ بۆچی سەندیکا بەگشتی شەڕی مافی کرێکاران ناکات، لەکاتێکدا شەڕەکانیشی سنوردارترن؟ لەسیمینارێکتدا دەڵێیت: سەندیکاکانی کوردستان ڕێک هەمان تەشکیلەی سەردەمی بەرەی کوردستانیە، نەک سەندیکایەکی سەربەخۆی کرێکاری؟!
کاک شێخ احمد: ئەوەی کە لەسەندیکادا کار دەکات، دەبێت باوەڕی بەقەزیەی کرێکار هەبێت بۆئەوەی بتوانێت کاربکات لەسەری بەوەشەوە کەحیزب ناردوویەتی بۆ سەندیکای کرێکاران..سەندیکا لەنوێنەرانی کۆمەڵیک ئەحزاب پێکهاتووە، نەک نوێنەری کرێکاران. هەر بەتەنها یەکێتی نیە، بەڵام بەشی شێر لەشاری سلێمانیدا بەر یەکێتی ئەکەویت، چونکە سەرۆکی لقەکە یەکێتیە، سێ سەندیکایان یەکێتیە، دووانیان پارتیەو حزبی شیوعیش سەندیکایەک وهەروەها حزبی سۆسیالیستیش. خاڵیک هەیەسەندیکا پێناسە دەکات و هێشتا ئەو ئەندامانەی ناو سەندیکاکان بەڕاستی لەوە تێنەگەیشتوون کەمادەیەکی یاسایی هەیە ژمارە ٩ کەدەڵێت: سەندیکا ڕێکخراوێکی کرێکاری ئازادە، سەربەخۆیە لەڕووی کارگێری وداراییەوە.. بەم ماناو پێناسەیە، نەخێر تەرکیبەکەی حزبیە تا کرێکاری بێت؛…
دەنگی کرێکار: کەواتە ئایا سەندیکای کوردستان بەڕاستی ڕێکخراوێکی کرێکاری سەربەخۆو ئازادە؟
کاک شـــێخ احمد: نەخێر.. نەخێر..نەخێر وانیە..تەنها یاسا ڕێگای پێداویت کە ئازاد بیت، ئەگینا ئازاد نیە.. دیقەت بدە! ئەم سەندیکایە هەتا ئێستا یەک کۆنگرەی خۆی نەبەستووە لەدوای ٣١ ساڵ کەبەشێوەی فەرمی مۆڵەتی وەرگرتووە.. ئەگەر کۆنگرە ببەسترێت من وەکو کرێکارێک ئازاد دەبم کە دەتوانم چالاکی خۆم هەبێت و ببمە نوێنەری کرێکاران و لەسەندیکا کاربکەم بۆکرێکاران وکاریگەریشم دەبێت.. مادام کۆنگرەی نیە ئازادیش نابیت کەئەمە یەکێکە لەخراپیەکان.. ئەو حزبەش کەیەکێکی ناردووە زیاتر کار بەوجۆرە دەکات کەحزبەکەی خۆی لێی ڕازی بیت لەناو سەندیکادا نەک کرێکار.. خۆئەگەر کۆنگرەش ببەسترێت، ئەوا بەشیوەی تەوافوقات وڕێکەوتن لەوانەیە یەکلایی بکرێتەوە، بەڵام بەستنی کۆنگرە هەرچۆن بێت هەنگاوێکە لەڕاستای چونە پێشەوەدا بۆ هاتنەپێشەوەی کەسانێکی جددی ترو کرێکاری..
دەبێت ئەوەش بڵێم کە کۆمەڵێک هاتە ناوسەندیکاوە بۆ کۆمەڵێک ئامانجی تایبەت، فعلا پێیگەیشت.. کۆمەڵێک هەیە هاتە ناوسەندیکاوە بۆ تەجاوزات، فعلا پێـــــیگەیشت..کۆمەڵێکی کەمیش هەیە کەچووە ناوسەندیکاوە کەشتێک فێر بێت، فعلا ئەویش پێـــیگەیشت.. ئێمە شەڕی ئەوە دەکەین کەئازادی بگەڕێتەوە بۆ سەندیکاو ڕێکخراوە کرێکارییەکان..
دەنگی کرێکار: باشە خۆ لەیاسایکاری بەرکاری هەرێمدا چەند ماددەی یاسایی و بڕگەو بابەت هەیە کەبەجۆرێک لەجۆرەکان لەقازانجی کرێکاراندان، بەڵام قسە لەسەرئەوەیە کەبۆچی جێبەجێ ناکرێت؟ بۆچی سەندیکا کەئیدیعایەکی کرێکارانەی هەیەو دەڵێت لەپاڵ خواست و مافەکانی کرێکاراندام، بۆچی شەڕی دەرکردنی کرێکاران ناکات، لەکاتێکدا نایاساییە؟ بۆچی شەڕی هەموو ئەو زوڵم و زۆرانە ناکات کەڕۆژانە یەخەی کرێکاران دەگرێت، هەر لەئیزافەکارییەوە هەتا دەگاتە سەعاتیکارو حەوانەوەو مۆڵەت و هاتووچۆ؟ هەتا دەگاتە لێبڕینی مووچە، بۆنمونە موچەی ژینگەپارێزان؟
کاک شــــێخ احمد: مەسەلەی جێبەجێ کردنی یاسایکار پەیوەندی هەیە بەحکومەت و دەوڵەتەوە، حکومەت ئەبێت جێبەجێی بکات، بەڵام لایەنێکی تر کەدیسان لەگەڵ ئەواندایە سەندیکاکانی کرێکارانە. ماددەیەک هەیە لەیاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیدا، مادەی ١٠٩ یان ١١٩ ئەگەر هەڵە نەبم، ئەو کەسانەی کەدەچنە لیژنەکانی چاودێرییەوەو دەرئەچن بۆ ناوەندیکارو کۆمپانیاو کارگەیەک، ئەبێت لەبەردەم وەزیردا سوێند بخوات.. بەبڕوای من ئەو کەسەی کەدەچێتە ئەوێ، دەبێت زۆر لەسەرۆکی مەکتەبی تەنفیزی و زۆر لەسەرۆکی سەندیکاو لەسەرۆک لق و ئەندام لق شارەزاتر بیت، چونکە مەیدانی ئەچێتە ناو شوێنکارەکانەوە.. جێبەجێ نەکردنی ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆحکومەت نەک سەندیکا، بەڵام ڕەنگە سەندیکاش گرفتی بەردەم جێبەجێنەکردنەکە بێت لەنەکردنەوەی گرفت و گرێ کوێرەکاندا کەدێنە پێشەوە.
دەنگی کرێکار: چۆن سەندیکا کرێکاران ئاشت بکاتەوە هەتا ئەوانیش بیکەنەوە بەمەرجەعی خۆیان؟ ئایا کرێکاران ئەتوانن پشتی پێببەستن؟
کاک شێخ احمد: بەمشێوەکارەی ئێستا، نەخێر! سەندیکا ناتوانێت.. پێش هەرشتێک دەبێت سەندیکا خۆی وکارمەندەکانی وشیار بکاتەوە.. سەندیکایان والێکردووە کردوویانە بەدەوامێکی ڕۆژانە وەکو فەرمانبەر، ڕۆتین وەکو فەرمانبەر دوام ئەکەن. ئەگەر بەمجۆرەی ئێستا کاریان نەکردبایە، بۆچی من بابەتێک بڵاو دەکەمەوەو دەڵیم لە٣سەد کرێکار لەم شارەدا یەک کرێکار پەیوەندی بەسەندیکاوە ئەکات، خێرە سەندیکا وەڵامم نادەنەوە بڵێن وانیە، لەکاتێکدا بەئامارو بەبەڵگە ئەیسەلمێنم؟ ناوی سەندیکام لەلایە لەماوەی ساڵێکدا١٥ کەسی ڕێکخستووە، ئایا ئەمە کاری سەندیکاییە؟ پێموانیە کرێکار بەمشێوە کارکردنەی ئێستای سەندیکاپشت ببەستێت، ئەگەر کرێکار پشتی پێ ببەستایە خۆ ئێستا کرێکار زۆرە، ئەی بۆ وانیە؟! خەباتی ڕێکخراوەیی بەردەوامە، کرێکار یەکگرتوو نیە، کرێکار یەکدەنگ نیە، کرێکار ووشیار نیە.. لەئەوروپا کرێکار لەسەعاتێکدا زەرەری ملیۆن دۆڵاری ئەدات، لێرەش نەسەندیکا ئەتوانێت ئەو کارە بکات و نە لەو ئاستەشدایە، نەکرێكاریش توانیوویەتی ئەو زەرەرە بدات و هەلومەرجەکانی ژیانی بەقازانجی خۆی بگۆڕێت.
